ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک: داهاتووی سووریا تەنها لە ڕێگەی بەشداری ڕاستەقینەی ژنانەوە بەدی دێت

سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاواردن و توندوتیژی و پەراوێزخستن، ژنانی سووریا بەردەوامن لە خەباتیان بۆ ئازادی و کەرامەت و بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتی و ناناوەندی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک دووپاتی کردەوە، کە ژنانی سووریا لە خەباتیان بۆ ئازادی و کەرامەت و دادپەروەری بەردەوامن، ئەمەش دوای ١٤ ساڵ لە دەستپێکردنی شۆڕشی گەل کە سەرتاسەری سورویای گرتەوە، سەرەتای قۆناغێکی مێژوویی لە گەشتی گەلی سووریا بەرەو گۆڕانکاری و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دادپەروەرانە.

 

ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ئەمڕۆ ٨ی ئادار بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە ، تێیدا هاتووە: سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ بەسەر شۆڕشی سووریادا، بەڵام ڕۆڵی ژنانی سووریا لە پەراوێزدا ماوەتەوە، هەروەها سووریایەکی نوێ بەبێ بەشداری ڕاستەقینەی ئەوان بونیاد نادرێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ژنانی سووریا ڕۆڵێکی سەرەکییان بینی لە شۆڕشی گەلدا، لە هەموو قۆناغێکدا لەگەڵ گەلەکەیان ئامادەبوون، بەشدارییان لە کاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆیی کرد، لە بەرامبەر ستەمکاری و توندوتیژی و شەڕدا لەگەڵ گەلەکەیان وەستابوون، ئەوان تەنها شایەتحاڵی ڕووداوەکان نەبوون، بەڵکو چالاک بوون، بەشدارییان لە ڕێکخستنی دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان و پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵگەی سووریادا کردووە، سەرەڕای هەموو ئاڵەنگاریەکان.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە لە ماوەی ساڵانی شۆڕشی سووریادا، ژنان باجێکی سەختیان داوە، تووشی پێشێلکارییەکان بوون لەوانە دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەمە جگە لە جۆرەها توندوتیژی و پێشێلکاری کە کەرامەت و مافە بنەڕەتییەکانیان لە زۆرێک لە ناوچەکانی سووریا کردە ئامانج، سەرەڕای ئەمەش ژنان بە چەقبەستوویی و پابەندبوون بە ڕۆڵی خۆیان مانەوە لە بەرگریکردن لە بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی.

 

دووپاتی کردەوە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، چاوەڕوان دەکرا ژنانی سووریا ڕۆڵێکی ڕاستەقینە و بنەڕەتییان هەبێت لە قۆناغی نوێی سیاسیدا، هاوتا لەگەڵ ئەو زیندانیانەی لە ساڵانی شۆڕشدا داویانە، بەڵام ئەوەی لە زۆرێک لە هەنگاوە سیاسییەکانی دواتردا بەدیکرا، پەراوێزخستنی ڕوونی ڕۆڵی ژنانی سووریا و دوورخستنەوەیان بوو لە پۆستەکانی بڕیاردان، کە تەنها نوێنەرایەتییەکی سنووردار لە هەندێک چوارچێوەی سیاسیدا هەبوو.

 

ڕوونیکردووەتەوە، دوای زیاتر لە ساڵێک لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دەبێت هەموو هێزە سیاسی و نیشتمانییەکان بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە ئەستۆ بگرن بۆ دەستەبەرکردنی بوونی ژنان وەک هاوبەشی بناغەی لە داڕشتنی داهاتووی وڵات و پرۆسەی ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەی، هەروەها لە داڕشتنی ئەو سیاسەتانەی کە تایبەتمەندییەکانی سووریای نوێ دیاری دەکەن، ئەمەش بەرپرسیارێتی خودی ژنانیش دەگرێتەوە بۆ درێژەدان بە خەباتیان و یەکخستنی هەوڵەکانی ژنان بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان و گەیشتن بە داواکارییە ڕەواکانیان.

 

ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک جەختی لە ڕەتکردنەوەی ئامادەبوونی ژنان "بە شێوەیەکی تەواو فەرمی یان سیمبولی" کردەوە، هەروەها بەشداری ڕاستەقینەی ژنان "مەرجێکی بنەڕەتییە" بۆ هەر پرۆسەیەکی سیاسی کە هەوڵی بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتی و فرەیی و ناناوەندی بدات.

 

هەر بەم بۆنەیەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتی و فرەیی و ناناوەندی بەبێ بەشداری چالاک و ڕاستەقینەی ژنان لە هەموو پۆستە سیاسی و بەڕێوبەرایەتیەکانی بڕیاردان و لە هەموو ئاستەکاندا بەدی نایەت، بەهێزکردنی ژنان داواکارییەکی سیمبولی یان فەرمی نییە، بەڵکو پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی سەقامگیری دیموکراتی بۆ سووریا.

 

جەختی لەسەر پێویستی بەڕوونی و ئاشکرای مافەکانی ژنان لە هەر دەستورێکی داهاتووی سووریادا کردووەتەوە، مسۆگەرکردنی یەکسانی تەواوی ڕەگەزی لە ماف و بەرپرسیارێتیەکاندا، دەستەبەرکردنی بەشداریکردنی دادپەروەرانەیان لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی پارێزبەندی یاسایی بۆ پاراستنیان لە هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژییەک.

 

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەنجومەنی سووریای دیموکرات سڵاوی لە هەموو ژنانی سووریا کرد، بەتایبەت ئەوانەی ڕووبەڕووی ستەم و گرتن، کۆچکردن و توندوتیژی بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەرداری باوەڕیان بە سووریایەکی ئازاد و دیموکراتی و فرەنەتەوەی و ناناوەندی بە دادپەروەری و یەکسانی بەڕێوەچووە، هەروەها داهاتووی سووریا بەبێ ژن بونیاد نانرێت و گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام پێویستی بە دانپێدانانی تەواو بە ڕۆڵی پێشەنگایەتییان و مسۆگەریکردنی بەشداری ڕاستەقینەی ئەوان لە بونیادنانی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا هەیە.