لە قەندیل بە خوێندنەوەی پەیامی کەژەکەو بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ٨ی ئادار پیرۆز کرا
بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە بناری قەندیل بە پێشەنگایەتیی ژنان چالاکییەک بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا پەیامی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" خوێندرایەوە، کە بانگەوازی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خۆڕێکخستن و یەکگرتوویی ژنان دەکات.
قەندیل
بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی تێکۆشانی ژنانی جیهان، ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل ئێوارەخوانێکی بۆ ژنانی گوندەکانی بناری قەندیل لە گوندی بەستێی سەر بە هەرێمی مارەدوو ڕێکخست. دوای کۆبوونەوەی ژنان، لەلایەن ژنە چالاکوان، ئاوێزان محەمەدەوە، پەیامی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" بۆ ئامادەبووان خوێندرایەوە.
"ئێستا کاتی ئازادیی ژنانە"
لە سەرەتای پەیامەکەی کەژەکەدا بە دروشمی "ئێستا کاتی ژنانە" ٨ی مارس لە سەرجەم ژنانی تێکۆشەری کورد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهان و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز کراوە. هەروەها سڵاو ئاراستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کراوە و هاتووە: وەک تەڤگەری ئازادیی ژنانی کورد کە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان ڕێکخستووە، ئەم جەژنە لە داهێنەری فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' پیرۆز دەکەین، کە بۆ بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتیک و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەوڵێکی بێوێنەدایە.
"شۆڕشی ژینا و ڕۆژئاوا بەرهەمی نیو سەدە تێکۆشانن"
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا تیشک خراوەتە سەر کاریگەرییەکانی خەباتی ژنان لەسەر ئاستی جیهان و کوردستان و هاتووە: "تێکۆشانی زیاتر لە نیو سەدەییمان کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتووە، ئەمڕۆ بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە سەرتاسەری جیهان ڕەنگدانەوەی هەیە. ڕۆڵی پێشەنگایەتیی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، هەوڵەکانی یەکێتیی نەتەوەیی لە باشوور، قۆناغی ئاشتی لە باکوور و شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو دەستکەوتە مەزنانەن کە بە تێکۆشان و بەرخۆدان بەدەست هاتوون.
بانگەواز بۆ یەکێتیی نەتەوەیی ژنان
کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" لە کۆتایی پەیامەکەیدا، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرش و گۆڕانکارییانەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ناوچەکە ڕوودەدەن، بانگەوازی ژنانی بۆ یەکڕیزی کرد و ڕایگەیاند: "پێویستە ئێمەی ژنان لە ئاستێکی بەرزتری ڕێکخستندا بین. وەرن با دەست لەناو دەست زیاتر خۆمان پەروەردە و ڕێک بخەین، تا کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی سەر ژنان بهێنین و پاراستنی دەستکەوتەکانمان زامن بکەین. پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کورد بکەینە کۆڵەکەیەک بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ئاشتی، بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕزگارکردنی ژنان و گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی.
چالاکییەکەی ژنانی بناری قەندیل، بە جۆش و خرۆشەوە و بە وتنەوەی دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بژی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد" کۆتایی پێهات.