کەژەکە: هەموو ڕۆژێک دەکەینە ٨ی ئادار
کەژەکە، ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانی لە ژنان و ئازادیخوازان پیرۆز کرد و وتی: "بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە، ئەو تاریکییەیی کە لە لایەن سیستەمی سەردەستی و پیاوسالارییەوە سەپێندراوە لە ژیانمانی دەرخەین و هەموو ڕۆژێک بکەین بە ٨ـی ئادار.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە"، بەبۆنەی ٨ـی ئادارەوە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکە بەم شێوەیەیە:
"٨ـی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕنجەدەر، لە هەموو ژنانی جیهان ئەو ژنانەی بە دوای ڕەنجی مافداریان دەگەڕێن، لەو کەسانەی کە بۆ ئەم دۆزە تێدەکۆشن و لە ژنانی کورد پیرۆز بێت! ٨ـی ئادار بۆ هەموو ژنان ڕۆژی یەکێتی و تێکۆشانە. وەک تەڤگەری ئازادیی کوردستان، بەڕێزدارییەوە بەژنمان لە ئاست هەموو ئەو ژنانەدا دادەنەوێنینەوە کە بۆ ئازادی ژیانیان بەخت کردووە و سڵاو لە هۆشیاریی و چالاکی شکۆداری ژنان دەکەین، کە وێڕای هەموو ستەم، توندوتیژی و کۆمەڵکوژیی، کە لە هەموو بوارێکی ژیان؛ گرتووخانەکان، چیاکان، گۆرەپانەکان، گوزەرەکان، خاک و ماڵەکانیان گۆڕییوە بۆ گۆڕەپانی ئازادیی. زیاد لە ٤٠ ساڵە کە تەڤگەری ئازادیی ژنانی کوردستان لە تێکۆشانێکی مەزندایە تا ئەوەی گوڕ بە ئایدۆلۆژیایی ڕزگاری ژنان بدات، هێز و هۆشمەندیی خۆپاراستنی ژنان ئاشکرا بکات، نوێنەرایەتی یەکسانیی و ئازادیی ژنان لە گۆرەپانی سیاسیدا مسۆگەر بکات، لە دژی زایەندپەرستی لە هەموو بوارە ژیانییەکاندا بگات بە سەرکەوتن و بەم ئاڕاستەیە خێرایی بدات بە ئازادیی ژنان.
هەمیشە لەگەڵ ژنانی هەموو لایەکی جیهانەوە گرنگی و مانادارییەکی مەزنمان هاوبەشکردووە لەو ئەنجامانەی لەم ڕێگەیەدا بەدەستمان هێناوە. لە ئێستاشدا بە جۆشوخرۆش و بڕیاردارییەکی مەزنەوە، ئامانجمانە تا ئەوەی سەدەی بیست و یەک بگۆڕین بۆ سەردەمی ئازادیی ژنان و بۆ پێکهێنانی شۆڕشی دووەمی ژنان هەوڵدەدەین وابەستە بە بزووتنەوەی ڕزگاری ژنانی جیهان مسۆگەری خۆمان جێبەجێ بکەین.
وەک ئەوەی ئێوەیش لە نزیکەوە ئاگادارن، بە گۆڕانکارییەکی خێرا و ئاوارتەوە ڕۆشتینە ساڵی ٢٠٢٦ـەوە. جیهان بە خێرای هەنگاو بەرەو سیستەمێکی پاشڤەڕۆیی دەنێت. سیستەمی جیهانی هەڵوەشاوەتەوە، سەرۆکە پۆپۆلیستەکان بەرژەوەندییە دەسەڵاتدارییەکانیان دەخەنە پێش هەموو بەهاکانەوە. جیهانەکەمان بەهۆی کێبڕکێی دووژمنکارانە و پەیوەندی دەسەڵاتدارییەوە لە جێگەی ژیانکردن دابڕاوە. سەرمایەداریی، پیاوسالاری و دەسەڵاتداری دەبنە هۆکاری داڕووخانەی ئەو خاکەی لە ژێر پێیەکانماندایە. بەهۆی هەموو ئەم هۆکارانەوە، سیستەمی جیهانیی لەسەر بنەمای ماف و ڕێسکان لە لێواری داڕماندایە. سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بە هەموو گوفتار و کردارەکانییەوە کۆتا بزماری لە تابووتی دەوڵەتان داوە. ئەمڕۆ دیسپۆتەکان و سەرکردە پۆپۆلیست و ژنکوژەکان یاساکانی جیهانێک دادەنێن کە لە داڕووخاندایە. بەداخەوە لە ئێستادا دیموکراسیەکان ناتوانن سنوورداریی ئەم ڕەوتە زیانبەخشە بەردەوامە بکەن. لەم چوارچێوەیەدا پرسیاری سەرەکی بۆ ژنان ئەوەیە: چۆن ئەم پرۆسەیە لێکبدەینەوە و چۆن خۆمان جێگیر بکەین؟ ئەمە ئەو پرسیارە بنچینەییەیە کە مرۆڤایەتی و بەتایبەت ژنان دەبێ وەڵامی بۆ بدۆزنەوە. ڕوون بووەتەوە کە سیستەمی نێونەتەوەیی بە پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، چوارچێوەیەکی پاراستن، هاوسەنگی بۆ ژیانی گەلان دابین ناکات، بەڵکو هەم هۆکار و هەم دەرئەنجامی هەموو بارودۆخە نەرێنییەکان بۆ ژنان ئاشکرا دەکات. سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە داڕما و لەگەڵ ئەو قەیرانە زۆرانەی کە دروستیان کردووە، هەموو دەمامکی خوداوەندەکانی دەوڵەت-نەتەوە کەوتە خوارەوە.
لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، لەگەڵ داڕمانی نەزمی جیهانی دوو جەمسەری، گەڕان بەدوای نەزمێکی جیهانی نوێ دەستیپێکرد. شەڕەکانی یوگۆسلاڤیا، شەڕەکانی عێراق، ئەو ڕاپەڕین و شەڕانەی کە بە بەهاری عەرەبی دەستی پێکرد، شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین، شەڕی ئیسرائیل – غەززە و شەڕە بەردەوامەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان کە بە چوار دەوڵەتی کۆلۆنیالیزم دابەشکراوە، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە توندتر و قووڵتر بوون. ئەم شەڕە کۆلۆنیالیزمانە، کە هەسارەکەمانی وێران کردووە، نەوەستاون؛ بە شێوەیەکی سیستماتیکی لەلایەن زلهێزە باڵادەستەکانەوە بەردەوام دەکرێن. ئەم شەڕانە لەبری چارەسەرکردنن کێشە هەبووەکانیان قووڵتر کردووەتەوە و هەموو ئەو شتانەی کە هی جیهانی کۆن بوون لەناویان بردووە. وەک گرامشی دەڵێت: "جیهانی کۆن دەمرێت، جیهانی نوێ کاردەکات بۆ ئەوەی بنیات بنرێت؛ ئێستا سەردەمی ئەهریمەنەکانە." لەم دواییانەدا هەمووان ئەم ڕاستییە دەڵێن. مرۆڤایەتی ئێستا لە سەردەمێکدا دەژی کە بەهێزەکان زاڵن. دەوڵەتی نەتەوەیی، کاتێک لە ڕێگەی هاووڵاتیبوونەوە کۆمەڵگا بە دەسەڵاتەوە دەبەستێتەوە،گەورەترین گورزی لە سروشتی کۆمۆناڵ داوە. هەموو ئەو شتانەی کە کۆمەڵگا ڕادەگرێت – بوارەکانی وەک ئابووری، ئیکۆلۆژی، تەندرووستی، پەروەردە و ئاسایشی ماددی – لەلایەن دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە. خەڵک و کۆمەڵگا و ژنان بێ بەرگری ماونەتەوە. ئەو هێزانەی کە دەبێ بەرپرسیار بن لە پاراستنی گەل، یان وەک دەستدرێژکار کۆدەکرێنەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاک و سەروەت و سامانی ئەوانی تر، یان دەنێردرێت بۆ شەڕکردن لە بەرەکانی پێشەوە کە خەریکی دروستکردنی هێرشەکانن.
هەرچەندە هەسارەکەمان ماوەیەکی درێژە بانگەوازی یارمەتی دەکات، بەڵام ئارەزووی کەڵکەکردنی سەرمایە بەردەوامە، کە بووە بە هۆی لەناوچوونی ئیکۆلۆژی و جینۆساید و پەرەسەندنی کۆچی بەکۆمەڵ. بۆچی سەرەڕای ئەوەی هەسارەکەمان بەهۆی ئیستغلالکردنی بەرهەمێنانەوە ڕوو لە ناوچوونە، دەوڵەتەکان نایانەوێت ڕێککەوتنی پێویست ئەنجام بدەن و بۆچی سنووردارکردنی پێویست بەسەر کۆمپانیاکاندا ناسەپێنرێت؟ زانست و تەکنۆلۆژیا، کە پێویستە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئێستامان بدۆزنەوە، لە دەستی ناوەندەکانی دەسەڵاتدا دەکرێنە چەکی ڕژد و دژی مرۆڤایەتی بەکاردەهێنرێن. بۆچی خواردن و ئاوی خواردنەوەمان ژەهراوی دەبێت و بۆچی ڕێگەری لەو نەخۆشیانە ناکریت کە لە دەرنجامی ئەم دۆخەدا دەکەونەوە؟ وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە زۆر سادەیە: بۆ ئەوەی هەندێک کەس بتوانن داهاتی زیاتر بەدەست بهێنن. هەژاری، نایەکسانی، چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی، پاوانخوازی، قەیرانی ژینگە، پیسبوون، لەناوچوونی بایۆلۆجی و بەکارهێنانی کۆنترۆڵنەکراوی تەکنەلۆجیا، هەموویان دەرئەنجامی ئەو شەڕانەن کە سیستەمی سەرمایەداری دەیکات. سیستەمی سەرمایەداری ئامانجی ئەوەیە کە بەم شەڕانە خاکە کێبڕکێکارەکانی خۆی مسۆگەر بکات.
کاتی ئەوە هاتووە دەستبەرداری ئەو خۆهەڵخەڵەتانەمان بهێیین کە گوایە دەوڵەت لە خزمەتی مرۆڤدیە. دەوڵەتانی جیهانی ڕووپۆشی بنەڕەتیی سیستەمی سەرمایەدارین. بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان، پێویستیان بە خەڵک و کرێکاران و بێکاران و سوپا و کەرەستەی خاو و کۆچبەر و بنەماڵە و تەکنۆلۆژیا و ئایدۆلۆژیاکان هەیە کە ئیستغلال (ناسیۆنالیزم، فێندەمیتاڵیزمی ئایینی، زایەندپەرستی و زانستگەرایی) دروست دەکەن. هیچ گەلێک و بە تایبەت هێزەکانی دەرەکی ناتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن، کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان نوێنەرایەتیان دەکەن. گەل زۆر باش دەزانێت لەژێر دەسەڵاتدا سەرکەوت و ئیستغلال کراوە، بەڵام لەبەر ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەیی کە ناتوانن بەبێ دەوڵەت بژین، تەحەمولی ئەم هەموو پێشێلکارییەکان دەکات.
ئێمە وەک ژن دەوڵەتێکمان نییە؛ وەک کرێکارێک دەوڵەتمان نییە؛ وەک کۆچبەر دەوڵەتمان نییە؛ وەک گەلانی ڕەسەن دەوڵەتمان نییە. کاتێک دەڵێین دەوڵەتمان نییە، مەبەستمان ئەوەیە کە دەوڵەت نییە نوێنەرایەتیمان بکات و بەرژەوەندییەکانمان بپارێزێت و خۆشگوزەرانیمان لە پێشینەدا بێت. لە هەموو جیهاندا هێشتا ژنان ناچارن لە هەموو بوارەکاندا تێکۆشان بۆ یەکسانی بکەن. چونکە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە ئێستایشەوە ژنان لە ژێر کاریگەری توندوتیژی سیستەماتیکانی پیاواندان. ژنان هێشتا بێ ڕۆڵ دەکرێنەوە و داگیر دەکرێن و دەکرێن بە بابەت. کێ و چۆن، هەرچەندە نیوەی دانیشتوانی جیهان لەخۆدەگرێت ئەم سیستەمە دەپارێزێت؟
بۆچی سەرۆکی دەوڵەتان (وەک تاڵیبان لە ئەفغانستان، جۆلانیی لە سووریا) سەرەڕای ناڕەزایی خەڵکی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە، بە پشتیوانی زلهێزە بیانییەکان بێنە سەر دەسەڵات و دەسەپێندرێن؟ بۆچی ئەو سەرکردە یان ئەو هێزانەی کە لەگەڵ پشتیوانی و ڕەزامەندی خەڵکدا دەکوژرێن، دەڕفێنرێن، تۆمەتبار دەکرێن، یان دەستگیر دەکرێن؟ ڕوونە، چونکە بەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتخوازەکان لەبەرچاو دەگیرێن نەک ئیرادەی گەل.
گەلان پەلکێشی شەڕگەلێک کران کە شەڕی ئەوان نییە، بوونەتە ئامراز لە نێو ململانێی دەسەڵاتی ئەوانی تردا. چۆنە گەل قورسترین باج دەدەن بۆ ئەو سیاسەتانەی کە هەڵیان نەبژاردووە؟ ئەو تێڕوانینە هەڵەیەی کە گوایە زامنکردنی داواکارییە ڕەواکانی خەڵک پەیوەستە بە ڕزگارییەکانی دەوڵەتەوە، گەلانی لە بناغە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کردووە و لەبری ئەوە ناچاریان کردین بە هێزی ئەوانی دیکەوە بژین.
دەسەڵات چۆن ئەم کارەی کرد؟ ئەوان تەنها بە هێزی دڕندانە ئەم کارەیان نەکردووە، بێگومان هەمیشە ئەمەش کەم نەبووە. سوپا، پۆلیس، یاسا و میدیای دەوڵەتی هەمیشە لە دژی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان ئەوانەی ڕەوایەتی لەوانەوە وەرناگرن، بە تایبەت ژنان، بەکارهێنراون. بەڵام لەوەش گرنگتر، لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتەوە: ناسیۆنالیزم، ئاینگەرای و زانستگەراییەوە، خەڵک و کۆمەڵگایان خستووەتە نێو ئەم سیستەمەوە. بەهۆی ئەم عەقڵییەتە، هەموو ئەو کارانەی بۆ ئازادی و یەکسانی هاتوونەتە ئاراوە، نەیانتوانیوە خۆیان لە نواندنەوە و لاسایکردنەوەی نەیارەکانیان بپارێزن. نەک هەر نەیانتوانیوە خۆیان لە لاساییکردنی نەیارەکانیان بەدوور بگرن، بەڵکو وەرچەرخاوە بۆ بەهێزکردنیان. خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و چینایەتی سەدەی نۆزدە و بیستەمیش بە هەمان ئاقاردا تێپەڕین. هەموو ناوەندەکانی تێکۆشان دژی ئەم سیستەمە، ئەگەر نەتوانن سیسەمی ئەڵتەرناتیڤی خۆیان دروست بکەن، ناتوانن لە هەمان چارەنووس ڕزگاریان بێت.
هەژموونی پیاوان و پێکهاتەکانی دەسەڵات و دابەشبوونی چینایەتی و میلیتاریزم و فێندمینتاڵیزی ئایینی کە لەسەر ئەم بناغەیە بنیات نراون، هەزاران ساڵە خەریکی لێدان و کوشتن و ئیستغلالکردنی ژنانن. شارستانیەتی پیاوسالاری کە ستەم و ئیستغلالکردنی بە سیستماتیک کردووە، ئەمڕۆ بە واقیعێک کە لە بەربەری دەچێت، دەهەژێت. فایلە تاوانکارییەکانی جێفری ئیپشتاین کە چەند ڕۆژێکە هەموو مرۆڤایەتی و ژنان بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەکەن، دانپێدانانی سیستەمی پیاوسالاری بوو. ئاشکرابوونی دەستدرێژیکاران کە لە ملیاردێر و نوخبە پێکهاتوون، ناتوانرێت وەک گەندەڵی چەند تاکێک یان ڕووداوێکی ئاوارەتە لەناو سیستەمەکەدا سەیر بکرێت. لە واقیعدا دەستدرێژیکاری ڕاستەقینە خودی سیستەمی سەرمایەدارییە، کە بە کۆدە پیاوسالارییەکان لە قاڵب دراوە.
بەڵێ خوشکانی دەلال، ئێمە بە تەواوەتی لەو ساتەداین کە دەوترێت "یان ئازادی یان بەربەرییەت!" ئەو گەڵاڵەیەی کە ئازادی ژن بنەمای هەموو ئازادییەکانە، تەنیا گەڵاڵەیەکی تیۆری نییە، بەڵکو بنەمای هەموو ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانە. هەروەها کۆیلایەتی ژن و ژنکوژی (فێمەنیەساید' بنەمای هەموو جۆرەکانی کۆیلایەتی و ململانێی دەسەڵاتە. تاکە ڕێگە بۆ دەربازبوون لە هەموو ئەو خراپەکاریانەی دەسەڵات دروستی دەکات و خۆمان لە پراکتیزە بەربەریەکانی وەک ژنکوژی ڕزگار بکەین، ڕزگاری ژنە. ئەگەر دەستبەسەرداگرتنی مافەکان و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە و ئیستغلالکردنی کار کە سیستەمی پیاوسالاری دروستی کردووە، ئەوەندە قووڵ نەبووایە، مرۆڤایەتی و بەتایبەتی ژنان، دوای ئاشکرابوونی فایلەکانی ئیپشتاین، دۆزەخێکی هەڵ دەگیرساند. کێشەکە زیاترە لە ئابڕووچوونێکی بێ وێنە. جارێکی تر دەبینین کە پەیوەندییە سەرمایەییەکان کە پەیوەستن بە تۆڕەکانی دەسەڵاتەوە کە پیاوان زاڵن بەسەریاندا، کایەی یاسایی گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانی تایبەتی پیاوان.
تۆڕەکانی دەسەڵات کە لە دەستی پیاواندایە تاوانباران دەپارێزن، شایەتحاڵی قوربانییەکان بێ بایەخ دەکەن و نەبینراویان دەکەن. توندوتیژی لە هەموو سیستەمە پیاوسالارییەکاندا دیاردەیەکی بونیادییە. ئەمڕۆ ڕەنگە شەیتانکردنی ج. ئیپشتاین وەک ژن دەبێ سەرەتا خەبات بە پرسیارکردن لەو سیستەمە دەست پێ بکەین کە بەربەرییەکی وەها گەورەی لێکەوتووەتەوە. دۆسییەیی ج.ئیپشتاین وێنەیەکی خراپەکاری ڕێکخراوە لە پیاوان. واقیعی مێژوویی مرۆڤخۆری و بەربەرییەت و ڕەفتاری تاڵانچی بە وردی لەو تۆڕە تاوانکارییەی کە ئیپشتاین دروستی کردووە، دەربڕدراوە. ئەمە نموونەیەکی ڕوونی سیستەمی پیاوسالاری نییە.
دوورگەی تاوانی ئیپستین خۆی نەزمی سەرمایەدارییە. لە هەموو جیهاندا، ئێمە سات بە سات شاهیدی ئەوە دەبین کە چۆن تێکەڵبوونی سەرمایە و دەسەڵاتی پیاو دەتوانێت خراپەکاری بەسەر جیهاندا بڵاوبکاتەوە. نموونەی ئەم خراپەیە لە هەموو گۆشەیەکی دونیادا دەبینین. ئەگەر ئێمە بژین و لە شتەکان نزیک ببینەوە بەبێ ئەوەی نەزمی پیاوانە بکەینە ئامانج و بیگۆڕین و تێکبدەین کە ئیستغلالکردن دەکاتە مەمکین، ڕەنگە هەموو ئاشکراکردنێک ببێتە ڕۆتین، بەڵام سیستەمەکە لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە.
ڕزگاریخوازی ژن بە واتای بەڕێوەچوونی تێکۆشانێکی گەورە و ڕادیکاڵ دێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کێشانەی کە هەڵسەنگاندومانە، وەک ژن، دەبێت خۆمان پاک بکەینەوە لە هەموو ئەو پنتانەی پەیوەستن بە دەسەڵاتەوە – عەقڵیەت، کولتوور، شێوازی ژیان و ئامرازەکانی. ئەگینا ناتوانین خۆمان لە قوربانیبوونی ئەم سیستەمە ئەهریمەنییە ڕزگار بکەین. پێویستە ئێستا پەرە بە تێکۆشانی خۆمان بدەین نەک خەباتی ئەوانی تر. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پارادایم و دامەزراوە و سیستەم و کولتووری ئەڵتەرناتیڤی خۆمان دروست بکەین کە لە ڕێگەیەوە بتوانین خۆمان و کۆمەڵگاکەمان و خاکەکانمان (فەزای ژیانمان) و سروشت و ماندووبوونمان پەرە پێبدەین و بپارێزین. جگە لەوەش ژنان دەبێ سەرکردایەتی خەبات بکەن بۆ پەرەپێدانی شێوازێکی ژیانی ئەڵتەرناتیڤ کە دژە ژەهری هەموو جۆرەکانی دەسەڵات بێت.
چونکە سیستەمی سەرمایەداری لەسەر ئیستغلالکردنی ژن دامەزراوە – بۆیە ئیستغلالکردنی ژنان گرنگترین پایەی سیستەمەکەیە. بۆ لەناوبردنی ئەم کاریگەرترین پایەی سیستەمە، پێویستە سەرکردایەتی تێکۆشانی ئەڵتەرناتیڤ بکەین.
چونکە تێکۆشانی ژنان درێژترین و گشتگیرترینە. بەسیاسیکردنی ژنان بە گرنگییە گشتگیرەکەیەوە، تێڕوانینێکی قووڵ و چارەسەری ڕیشەیی بۆ مافەکانی مرۆڤ، مافە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، قەیرانەکانی ژینگە، مافی منداڵان، کێشەکانی تەندروستی و پەروەردە دەڕەخسێنێت. چونکە ژنان هێزی بزوێنەری سۆسیالیزمیشن. کێشەی ژنان لە واقیعە چینایەتی و نەتەوەییەکان گرنگترە. هەم لە ڕووی مێژووییەوە و هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەرفراوانە. بەنرختر و فراوانترە لەو سیاسەتەی بەناوی چینایەتی و نەتەوەوە ئەنجام دەدرێت. بۆیە پێمان وایە خەباتی کۆمۆنالیستی بە داننان و زاڵبوون بەسەر ئەو ڕاستییەی کە ژن نزمترین چینە و بەتەواوەتی لە کۆمەڵگە دوورخراوەتەوە، ئەو سەرکەوتنە بەدەست دەهێنێت کە شایەنی خۆیەتی و دەڵێین ژن پێشەنگەکانی بنیاتنانی سۆسیالیزمی دێموکراتیکن! هیچ خەباتێکی سۆسیالیستی کە لە ئەزموونی ڕزگاری ژناندا سەرنەکەوێت، ناتوانێت ئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنێت. ئەزموونی مێژوویی ئەم ڕاستییەی دەرخستووە.
لە بەرامبەر ئەو سیستەمە پیاوسالارییە بەربەرییەی کە ژیان بۆ هەموو زیندەوەران قورس دەکات، پێویستە ژن وەک هێزێک دەربکەوێت کە لە هەمووی بەرچاوتر بتوانێت ئاشتی و دیموکراسی بەرەوپێش ببات. ئێمەین کە دەتوانین خوێنڕشتن ڕابگرین و سنوورێک بۆ هەموو ئەو بەربەرییانە دابنێین کە عەقڵی پیاو دروستی کردووە. ژنان دەبێ لە هەموو شوێنێک بەرگری و بەرخۆدان بکەن بۆ ئاشتی و دیموکراسی؛ ئەگەر ئێمەی ژنان ئەمە نەکەین، ئەوا بەهۆی ململانێی دەسەڵاتی پیاوانەوە هیچ پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئێمە نامێنێتەوە.
ڕاپەڕین دژی عەقڵ و سیستەمی پیاوسالاری بێ گومان تێچووی زۆری دەوێت؛ پێویستی بە ڕێکخستنێکی گەورە و خەباتێکی قووڵ و هەوڵی بەرگریکردن لە خۆمان هەیە و بەسەرماندا دەسەپێنێت. وەک دیسان بینرا لە هەموو ئەو ناوچانەی کە قەیرانی تێدایە و لە پرۆسەکانی ڕووخاندنی ڕژێمە پاوانخوازەکاندا، ژنان لە کردەوەی جەماوەریدا ڕادیکاڵترین دینامیکی بوون. بەڵام لە هەمان کاتدا ماف و بوون و دەنگ و دەستکەوتەکانیان لە سەر مێزی دانوستان پشتگوێ دەخرێن. لە هەموو شوێنێکدا دەبێت پێگەی ژنان وەک پرسێکی ستراتیژی بخەینە ڕۆژەڤەوە. بەو هەستیاری و زانینەی کە پێکەوە سەردەکەوین و هەر پێکەوەیش لە لە باردەچین، دەبێت گوێ لە بەرخۆدان و ناڕازیبوونی ژنان بگرین کە لە هەموو جیهاندا گەشە دەکات. پێویستە هاودەنگی بەرەو ئاستێک ببەین کە هەموو ئەو سنوورانە تێپەڕێنێت کە لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارەوە دانراون. پێویستە ئازار و شادی و سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی خوشکەکانمان وەک میرات ببینین و قبوڵی بکەین. لەم بەرەبەیانی مێژوودا زۆر گرنگە ئێمە لەسەر ئاستی جیهانی خۆمان ڕێکبخەین و سیستەمێکی ئازاد و یەکسان بۆ ژنان لەسەر ئاستی جیهانی لە دژی سیستەمی جیهانی زایەندپەرستی و پیاوسالاری و سەرمایەداری بنیات بنێین. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پەرە بە هاوپەیمانی دیموکراسی ژنان بدەین.
پێویستە ستراتیژی و میتۆد و ڕوانگەی خەباتی گونجاو لەگەڵ هەلومەرج و تایبەتمەندی و پێویستی سەدەی بیست و یەک دابڕێژین. لە بنەڕەتدا دەبێ پێکەوە کار بکەین بۆ دروستکردنی ئەجێندای ڕزگاریخوازی ژنان لە سەدەی بیست و یەکەمدا. هەڵکشانی هێرشەکان بۆ سەر ژنان لەسەر ئاستی جیهانی، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان سیستەمی جیهانی سەرمایەداری پیاوسالاری و ڕزگاری ژنانەوە. پێویستە پەیوەندی نێوان دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە ئاسیا و توندوتیژی زایەندی لە ئەمریکا ببینین. پێویستە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە مامەڵە لەگەڵ کوشتنی ژنان بکەین، وەک ژنکوژی لە ئەمریکای لاتین و ڕفاندن و کۆیلەکردنی ژنان و کچان لەلایەن گروپە ئایینییەکان لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ هەڵکشانی ڕژێمە فاشیستەکانی دوژمنایەتی ژنان بکەین، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی مافەکانی ژنان کە لە ڕێگەی خەباتەوە بەدەستیان هێناوە. وە پێویستە بە ڕوونی لەوە تێبگەین کە ئەم شەڕە کە سیستەمی پیاوسالاری لەسەر ئاستی جیهانی دەیکات، ئامانجی سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی گەڕان و خەباتە بۆ ڕزگاری ژنان. چونکە سیستەمی پیاوسالاری هەرگیز ئەوەندە گرژ نەبووە، هەرگیز بناغەکانی ئەوەندە لەرزۆک نەبوون. وە مەرجەکانی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی خۆیان هەرگیز ئەوەندە پێنەگەیشتوون. ئەگەرەکانی گەیشتن بە شۆڕشی دووەمی گەورەی ژنان لە مێژوودا ئەوەندە گەورە نەبوون.
بۆیە ئێمە بە پرۆسەیەکی مێژووییدا تێدەپەڕین. دەرفەتی گەورە هەیە، بەڵام مەترسی گەورەش هەیە. بەڕاستی لەم قۆناغە مێژووییەدا هێڵی خەباتی یەکگرتوو لە سوودمان دەشكێتەوە. وە پاراستن لە دژی توندوتیژی و مردن و ئیستغلال و نادادپەروەری پیاو تەنها بە تێکؤشانی هاوبەش بەدەست دێت. بەو وزەیەی لە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەریدەگرین، ئێمە وەک ژنی کورد، بەم شێوەیە و بەم هەستانە یادی ١١٦هەمین ڕۆژی جیهانی ژن دەکەینەوە. بەم کورتە نامەیە ویستمان بیرو خواستەکانمان سەبارەت بەم پرۆسەیە لەگەڵ خوشکە ئازیزەکانمان و ڕێکخراوەکانی ژناندا بەیەکەوە باس بکەین. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی ١١٦هەمین ڕۆژی جیهانی ژنان لە هەمووتان دەکەین. بە هێز و ڕووناکی خەباتی هاوبەشمان وەک ژن، بەڵێنەکەمان نوێ دەکەینەوە و دەڵێین ئەو تاریکییەی کە هەژموونی و پیاوسالاری دروستی کردووە لە ژیانمانی لادەبەین و هەموو ڕۆژێک دەکەینە ٨ی ئازار، هەموو ڕۆژێکتان وەک ٨ی ئادار جوان و پڕ لە هیوا و ڕووناکی بێت.
لە ڕۆزاوە تا بگات بە سارا سڵاو لە هەموو سیمبوڵەکانی بەرخۆدانمان