ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا: ئێران بووەتە گەورەترین زیندانی بۆ ژنانی نووسەر لە جیهاندا

ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ساڵی ڕابردوودا ١٣ نووسەری ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیندانییکراون، بە هۆی زیادبوونی زیندانییکردنی ژنانی نووسەر، ئێران بووەتە گەورەترین زیندانی بۆ ژنانی نووسەر لە جیهاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماری زیندانییکردنی ژنانی نووسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ژمارەی زیندانییکردنی نووسەران و پێشێلکارییەکانی ئازادیی ڕادەڕبڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیادیکردووە کە لە ساڵی ڕابردوودا ١٣ نووسەری ژن زیندانییکراون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، زیادبوونی زیندانییکردنی ژنانی نووسەر لە ئێران، وایکردووە ئەو وڵاتە ببێتە گەورەترین زیندانی ژنانی نووسەر لە جیهاندا.

 

باس لەوەشکراوە، زیادبوونی دەستگیرکردنی نووسەرانی ژن بەهۆی بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زیندانی دەکرێن کە بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدان.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی ٢٠٢٣ـدا زیندانییکردنی نووسەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٤٩ زیندانی بوون، هەروەها دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" ڕێژەی دەستگیرکردن و زیندانییکردنی نووسەران لە وڵاتەکەدا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی.