لە یەریڤان یادی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان کرایەوە
لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەبۆنەی ١١٠ هەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان مەراسیمی یادکردنەوە بەڕێوەچوو، ڕێکخراوە کوردییەکان بە ئاڵا و تاجەگوڵینەی خۆیانەوە بەشداری مەراسیمەکە بوون.

ناوەندی هەواڵ
یەکەمین تاوانی کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩١٥ لەسەر دەستی عوسمانییەکان دژی ئەرمەنییەکان ئەنجامدرا و یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنیی کوژران، سەرباری ئەوەی حکومەت و پەرلەمانی ٣١ وڵات بەفەرمیی ئەو تاوانەیان وەک جینۆساید ناساندووە، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی تورک نکۆڵی لە ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکات.
لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەبۆنەی ١١٠ هەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان مەراسیمی یادکردنەوە بەڕێوەچوو. پاش مەراسیمە فەرمییەکەی دەوڵەت، جەماوەر بەرەو گۆڕەپانی مۆنۆمێنتی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان ڕێپێوانیان ئەنجامدا. وەک هەر ساڵێک ڕێکخراوە کوردییەکان بە ئاڵا و تاجەگوڵینەی خۆیانەوە بەشداری مەراسیمەکە بوون.
کۆمیتەی کوردستان بە ڕاگەیەندراوێک جینۆسایدی گەلی ئەرمەنییان شەرمەزار کردو لەسەر ناوی کوردان، هاوسەرۆکی کۆمیتەی کوردستان سیلۆ دربۆیان و ئەندامی یەکێتیی ژنانی ئازاد سەیران جەلاد قسەیان کرد.
سیلۆ دربۆیان قوربانییانی بیرهێنایەوە، ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک چەندین جار جینۆسایدی دژی گەلان ئەنجامداوە و هێشتا بەردەوامە و وتی: وەک گەلی کورد چەندین کۆمەڵکوژیمان بینیوە، وەک کۆمیتەی کوردستان و گەلی کورد جینۆسایدی ساڵی ١٩١٥ لەسەر گەلی ئەرمەنی شەرمەزار دەکەین و هاوبەشی خەمیانین.
هەروەها سەیران جەلاد وتی: تاوەکو فەرمان بەسەر هیچ گەلێکدا نەیەت، فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگا چارەسەرە، چونکە نوێنەرایەتی فەلسەفەی یەکسانیی و ئاشتیی و پێکەوەژیانی گەلان دەکات، دیسانەوە جینۆسایدی سەر هەموو گەلان شەرمەزار دەکەین.