یەکێتی ژنان یاداشتێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات
یەکێتی ژنانی کوردستان لە یاداشتێکدا داواییان کرد، ڕێگا نەدرێت بە هەموارکرنەوەی ماددەی ٥٧ یاسای باری کەسێتی عێراقی و ئاڕاستەی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد.
سلێمانی
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکێتی ژنانی کوردستان لە نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتێکیان ئاڕاستەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
یاداشتەکەی تایبەت بوو، بەو هەوڵەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، بۆ هەموارکردنەوەی ماددەی ٥٧ لە یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨، کە تایبەتە بە دایەنی و چاوپێکەوتنی منداڵ، کە لە هەموارەکەدا داوادەکەن ژنان دوای جیابوونەوە و یاخود مردنی هاوژینەکانیان مافی دایەنی کردنی منداڵی نەبێت، بەڵکو دەدرێتەوە بە باوک یاخود باپیر.
ئەم هەموارکردنەوەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، ناڕەزایەتی سەرجەم پەرلەمانتارە کوردەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارە عەرەبەکانی لێکەتووەتەوە، هەر لەم چوارچێوەیەشدا ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لەگەڵ حەوت ڕێکخراوی دیکەی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان، هاوکات ٢٢١ نوێنەری ژنان و هاوڵاتیان واژۆییان کۆکردووەتەوە، ناڕازایەتی خۆیان دژی هەموارکردنەوەی ئەو یاسا نیشاندەدەن.
هەر ئەمڕۆش لە یاداشتێکدا واژۆ و ناڕەزایەتی خۆیان ئاڕاستەی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، پاش کۆبوونەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا لەلایەن گوڵان بەختیار، پارێزەر لە یەکێتی ژنان یاداشتەکە خوێندراوە، تێیدا داواییان کرد کە ڕێگا بە تێپەڕاندن و هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە نەدرێت، کە دژی بنەما سەرەکیەکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی جێندەرییە، ئەو هەموارە پێشێلکردنی مافی دایک و منداڵەکەشە.
دواتر لەلایەن ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتەکە لە یەکێتی ژنان وەرگیرا، ڕێزان شێخ دلێر ڕایگەیاند، لە کاتێکدا ئێمە لە پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی دەرکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و مافی منداڵ بوون، لەلایەن هەندێک لایەنەوە کە خاوەنی عەقڵیەتێکی پیاوسالارین ئەم هەموارە هێندراوەتە پەرلەمان.
هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەوان بە هەموو شێوەیەک ڕەتیدەکەنەوە، نەیانهێشتووە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارکردنەوەکە بکرێتەوە، ئەرکی پەرلەمانتارانی داهاتووە لە کورد، پێکهاتەکان و بەشێک لە سونەکان و ژنان کە نەهێڵن بەهیچ جۆرێک ئەو هەموارە ببێتە یاسا.