مەرال دانش بێشتاش: ئامانجمان پێکهێنانی یەکێتییە

شاندی هەدەپە بە نوێنەرایەتی مەرال دانش بێشتاش و مەحمود تۆخرول پەرلەمانتارانی هەدەپە، سەردانی شاری سلێمانیان کرد و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە.

سلێمانی

 

پێشنێوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی شاندی هەدەپە بە نوێنەرایەتی مەرال دانش بێشتاش و مەحمود تۆخرول پەرلەمانتارانی هەدەپە، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان لە مەکۆی گۆڕان کرد و لەلایەن عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و بەختیار ئەولی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازییان لێکرا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا، مەرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری هەدەپە، ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان دا و وتی: ئامانجمان پێکهێنانی یەکێتییە، هەڵبژاردن لە بەردەممان دایە و ئێمە هاوکاریی و یەکێتی گەلی کورد زۆر بە گرنگ دەبینین، کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ گۆڕان هەبوو، پێشوازییەکی گەرمیان کرد، هەروەها دڵخۆشین بە هاوپەیمانیی یەکێتی و گۆڕان، سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و هیوادارین ڕێگایان کراوە بێت.

پاشان شاندەکەی هەدەپە سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت کرد لە بارەگای هاوپەیمانی کوردستان، بە هەمان شێوە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێڕاق کرا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاش بابەتی گفتوگۆکەیان بوو، شاندی هەدەپە باسیان لەوەکرد کە پێویستە بە گرنگییەوە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕوانن و پشتیوانی خۆشیان دووپاتکردەوە.

بڕیارە پاش نیوەڕۆ سەردانی مەزاری مام جەلال لە دەباشان بکەن.

ت.پ