٧ ساڵی داگیرکەری و دوو سال کۆچبەر: ئەگەر بگەڕێینەوە لەگەڵ ئیدارە و هێزەکانمان دەژین

حەمیدە محەمەد خەڵکی شاری عەفرین لە هەشتەمین ساڵیادی داگیرکردنی شارەکەیدا ڕایگەیاند کە مەرجی گەڕانەوەیان ئەوەیە کە دووبارە لەژێر چاودێری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بژین.

 

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ هێرشەکانیان بۆ داگیرکردنی ناوچەی عەفرین دەستپێکرد، خەڵکی عەفرین بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانیان لەبەرامبەر فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شەڕی زەمینی و تانک و تۆپخانە بوون، کە بە بەرخۆدانی سەردەم ناوزەد کرا، عەفرین لە ١٨ی ئاداری هەمان ساڵدا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکرا و هەزاران کەس لە دانیشتووانی ئەو شارە ئاوارە بوون بۆ شەهبا و لە کامپەکانی بەرخۆدانیدا نیشتەجێ بوون.

 

٨ ساڵی داگیرکەری دوو ساڵ ئاوارەبوون

دوای ٧ ساڵ بەرخۆدانی جەماوەری لە کامپەکاندا، دەوڵەتی تورک بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد قۆستەوەو هێرشی کردە سەر ئاوارەکانی عەفرین لە شەهبا، بۆیە خۆبەڕێوەبەری ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی هێنایە کۆبانێ، تەبقا، ڕەققە، قامیشلۆ و حەسەکە، بەم هێرشە دەوڵەتی تورک بووە هۆی ئەوەی خەڵکی عەفرین دووەمین ئاوارەبوون ئەزموون بکەن.

 

ڕۆژی ١٠ی ئادار ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی قەسەدەو حکومەتی کاتی سووریا واژۆ کرا، یەکێک لە مەرجە سەرەتاییەکانی هێزەکانی قەسەدە  گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکان بوو، لەوانە ئەوانەی خەڵکی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی بوون، لەو چوارچێوەیەدا و بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین، دەزگاکەمان لەگەڵ حەمیدە محەمەد، کە بەم دواییە بەرەو کۆبانێ کۆچبەر بووە قسەی کرد.

 

"ئێمە عاشقی خاک و ژیانمان بووین"

لە سەرەتای هەڵسەنگاندنەکانیدا، حەمیدە محەمەد باسی لە دۆخی ئێستای عەفرین و حەسرەتی خۆی بۆ نیشتمانەکەی کردو ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە هێرشەکان نەوەستاون و برینەکانی خەڵکی عەفرین ساڕێژ نەبوون، بەڵکو لەبری ئەوە قووڵتر دەبنەوە وتی: عەفرین لەڕووی مێژووەوە زۆر دێرینە و بە سروشتی دەوڵەمەندی ناسراوە، دۆڵ و کانی و زەیتوون و گوێز و هەنجیر و هەناری هەیە، خەڵکی عەفرینیش بەشێکن لە سروشتەکەی، بەو پێیەی داهێنەرن و ژیانیان زۆر خۆشدەوێت، پێش ساڵی ٢٠١١ لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووینەوە، ڕۆژانە هێرش دەکرایە سەر ماڵ و موڵکەکانمان، ئەو قۆناغەی دەسەڵات بە شۆڕشی ١٩ی تەمووز بە تەواوی گۆڕدرا، هەروەها خۆمان ڕێکخست و خۆبەڕێوەبەریی و هێزی پاراستنمان دامەزراند، بە هێزی گەنجەکانمان و پێشەنگایەتی ژنان ژیانێکی زۆر جوانمان دروستکردووە کە ماندووبوونی هەمووان لەخۆدەگرێت.

 

"عەفرین لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکانی نێوان زلهێزە نێودەوڵەتییەکان داگیرکرا"

حەمیدە مەحەمەد ئاماژەی بەوەدا کە بەرخۆدانێکی ئەفسوناوی لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدراوەو وتی: داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیەوە سازشێکی هێزە نێودەوڵەتییەکان بوو، عەفرین کە ئێمە پێی دەڵێین دڵ و ڕۆحی کوردستان، بە جوگرافیا و شار و گوندەکانی ڕەنگ بە هەموو پارچەکانی کوردستان دەبەخشێت، خەڵکی عەفرین بە منداڵ، ژن، گەنج، بەتەمەن، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، هێزەکانی پاراستن، تەڤگەری ژنان و ئەوانی دیکە، بەرخۆدانێکی ئەفسوناوییان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان دەستپێکردووە، لە ماوەی ٥٨ ڕۆژی بەرخۆدانی عەفریندا هەزاران ڕووداو ڕوویانداوە کە ناتوانرێت بە وشە پێناسە بکرێت و ڕوون بکرێتەوە، ئێمە لە لایەک ماتەمینی شەهیدەکانمان دەگرت و لە لایەکی ترەوە لە بەرامبەر تۆپخانە و بۆردوومان بەرخۆدانمان دەکرد، چونکە لەبیرناکرێت، بە پێچەوانەوە ئەم برینە هەمیشە تازە دەبێتەوە و خۆی نوێ دەکاتەوە.

 

"عەفرین بریندارە و برینەکانی بەردەوامن"

حەمیدە محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو ئازارەی دەربڕی کە تووشی بووە. حەمیدە بەم قسانە سوێند و ئیرادەی خەڵکی عەفرینی دەربڕی وتی: "لە ١٨ی ئاداردا ئێمە وەک گەلێک پێکەوە بڕیارماندا کە لە عەفرین بمێنینەوە، تەنانەت ئەگەر گیانی خۆمان بدەین". لەگەڵ پەرەسەندنی بەرخۆدان لە دژی چەتەکانی داعش لە کۆبانی، ئێمە ئامادە بووین بۆ بەرخۆدان لە هەمان ئاستدا. بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هێندە سەخت بوون، هەر لەو ڕۆژەدا ماڵی خۆمان بەجێهێشت و گەشتی کۆچکردنمان دەست پێکرد. عەفرین بڵێسەی ئاگری گرتبوو، ئێمەش پاشماوەی منداڵ و ژن و بەساڵاچوو و شەڕڤانانمان هەڵگرت، عەفرین بریندارە و ئەم برینە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. دوای کۆچکردن لە شەهبا نیشتەجێ بووین. لەوێ هیچ و کەس نەبوو، بۆیە ژیانێکی نوێمان بنیاتنا کە هەرگیز وازمان لە هیوای ئازادکردنی عەفرین نەهێنا، بەڵام دەوڵەتی تورکیش ڕێگەی پێنەداین ئەم کارە بکەین لە سەردەمێکدا کە خەونمان بە ئاهەنگی نەورۆزمان لە عەفرین دەبینی، جارێکی دیکە لە شەهباوە بە کاروان ئاوارە بووین و ڕوومان لە ناوچەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد. بە واتایەکی تر ئێمە لە چوارچێوەی کۆچدا ژیانێکی کۆچکردنمان بەسەر برد، گەل و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئێمە لە هەموو شوێنێک پاڵپشتییان کردووین، بەڵام ئاوارەبوون زۆر قورسە و ئێمەش وەک خەڵکی عەفرین ون بووین.

 

"متمانەمان بە بڕیارەکانی هێزەکانمان هەیە"

حەمیدە مەحەمەد ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان هێزەکانی (قەسەدە) و حکومەتی کاتی سووریا بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاندم یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکان گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی و گیرێ سپی بوو بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، تا کۆتایی باوەڕمان بە بڕیارەکانی هێزەکانی خۆمان هەیە، بەڵام متمانەمان بە حکومەتی نوێ نییە و ڕووداوەکانی کەنارەکانی سووریا کە پڕن لە کۆمەڵکوژی و وێرانکاری، گومانەکانمان پشتڕاست دەکەنەوە، بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە لەژێر چەتری دەسەڵات و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا بژین، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەسە، کاتی ئەوە هاتووە تورکیا دەست لە سووریا بکشێتەوە و ئێمەش وەک بەشە پێکهێنەرەکانی سووریا چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین، بە ڕۆحی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین درێژە بە خەباتی ئازادکردنی ناوچەکانمان دەدەین، بە هێز و ئیدارەی خۆمان دەگەڕێینەوە عەفرین.