لە ئاکرێ ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێندرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ بڵاوی کردەوە، ژنێک لە کامپی ماملیانی سەر بە شارۆچكەی ئاکرێ لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێندرا.

ناوەندی هەواڵ 

 

ژن کوشتن بووەتە هەواڵی ڕۆژانەو بکوژرانی ژن هەموو شێوازێک بۆ کارە قێزەونەکانیان دەگرنەبەر، لە نوێترین ڕووداودا ژنێک لە کامپێکی ئاکرێ خنکێندرا. 

 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە، کە ژنێک لە کامپی ماملیانی سەر بە شارۆچكەی ئاکرێ لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێندراوە، پاش ئاگادارکردنەوەمان دەستبەجێ تیمی پۆلیسی کەمپی ماملیان گەیشتنە شوێنی تاوانەکە و لەگەڵ تیمی بەشی لێکۆڵینەوەی تاوان، فەرمانگەی نەهێشتنی تاوانی سیپا، بنکەی پۆلیسی گەردەسین و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ژنەکە تەمەنی ٢٩ساڵە و لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێندراوە، لەئێستادا تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری لە پارێزگای دهۆک بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر.

 

باس لەوەشکراوە،  پۆلیسی کامپەکە تۆمەتبارەکەی دەستگیرکردووە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.