کۆنگرەی ستار: بەرخۆدانی کۆبانێ و پێکهاتەکانی سووریا بەردەوام دەبێت
ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکانی سووریا و کۆمەڵکوژییەکەی بەرخ بۆتان کرد و ڕایگەیاند، بەرخۆدانی کۆبانێ و پێکهاتەکانی سووریا بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییەی لە گوندی بەرخ بۆتانی کۆبانێ لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە لە ١٦ی ئاداردا ئەنجامدا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کوشتن و کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی لەلایەن داگیرکەرانەوە بێ وەستان بەردەوامە، هێرشی سەر کۆبانێ لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، کۆمەڵکوژییەکی دیکەی بۆ مێژووی کورد زیاد کردووە لەلایەن دەوڵەتی جینۆسایدی تورکیاوە، دەوڵەتی جینۆسایدی تورک بە بۆردوومانی شاری کۆبانێ لە بەرخ بۆتان، خێزانێکی ٩ کەسی کوشت و دوو کەسی دیکەی بریندار کرد، دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی شکاندنی بەرخۆدانی گەلی کۆبانێ بەردەوام منداڵ و ژن و پیاو و کەسانی بەتەمەن دەکوژێت و بەم هێرشانەش دەیەوێت ئیرادەی گەلی کۆبانێ و تەواوی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بشکێنێت.
هەروەها ئاماژە بە سیاسەتەکانی حکومەتی شام کراوە و تێیدا هاتووە: لەگەڵ زیادبوونی کۆمەڵکوژییەکان دژی گەلی عەلەوییەکان، ڕوونە کە حکومەتی شام هیچ ئەنجامێکی لە مێشکی ڕژێمی بەعسدا بەدەست نەهێناوە.
ئەوەش وتراوە: ئێمه وه ک کۆنگرەی ستار ئەم هێرشه دڕندانه بۆسەر گەل و بێدەنگی جیهان له بەرامبەر ئەم هێرشانه ئیدانه دەکەین و هەرگیز ئەو هێرشانه قبوڵ ناکەین، بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان، بەرخۆدانی گەلی کۆبانێ و گەلی سووریا بەردەوام دەبێت.