ئایشەگوڵ دۆغان: ئەو پێشنیارانەی کە کراون پێویستە دەستبەجێ بکرێنە یاسا
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، سەرەڕای کەموکورتییەکان، ئەو پێشنیارانە بۆ دیموکراتیک بوون کە لە ڕاپۆرتی هاوبەشدا هاتووە گرنگن و پێویستە دەستبەجێ ببنە یاسا، دەبێت ئێمە و کۆمەڵگەش چاودێری بکەین.
ناوەندی هەواڵ
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" لە ناوەندی سەرەکی دەم پارتی لە ئەنقەرە، سەبارەت بە پێشهات و ڕۆژەڤەکانی ئێستا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامداو ڕایگەیاند، سەرەڕای کەموکورتییەکانی، تەواوکردنی ڕاپۆرتە هاوبەشەکە لەلایەن کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانەوە گرنگبوو، بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان و هەنگاوەکانی پەکەکە ببووە هۆی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە، وەک بەڕێز ئۆجالان دەڵێت قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە، ئەم ڕاپۆرتەش سەرەتای قۆناغێکی نوێیە، دەبێت دەستبەجێ پێشنیارەکانی ڕاپۆرتەکە بکرێنە یاسا، پرسی کورد کێشەی تیرۆر نییە، بەڵکو پرسی ئازادی و یەکسانییە، ئێستا دەبێت دەستبەرداری ئەم عەقڵییەتە کۆنە بن.
لە درێژەی قسەکانیدا ئایشەگوڵ دۆغان وتیشی: مافی خوێندنی کوردی مافێکی سرووشتییە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنە لەوەش دەگرین کە لە ڕاپۆرتەکەدا وەک مافی زمانی دایک پێناسە نەکراوە، ئێمە وەکو دەم پارتی داوا لە هەمووان دەکەین پەیڕەوی ڕاپۆرتەکە بن و بۆ ئەوەی ببێتە یاسا لە تێکۆشاندا بن، ڕاپۆرتەکە گەورەترین بەرپرسیارێتی دەداتە سیاسەت و دواتر بە هەموو کۆمەڵگە.
هەروەها سەبارەت بە ٨ـی ئادار و جەژنی نەورۆز وتی: ئێمە لە گۆڕەپانەکان دەبین، ئەم پرۆسەیە لەگەڵ خەڵک لە شەقامەکاندا بەش دەکەین.
ئایشەگوڵ دۆغان ڕشەیگەیاند، زمانی ملیۆنان کەس کوردییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەنراوە بۆ ئەوەی زمانی کوردی بە فەرمی بکرێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان تا زمانەکەمان ببێتە زمانی ئازاد.