چوار ژن لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران

دەستبەسەرکردن و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە ئامانجی سەرکووتکردن و لەناوبردن بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا چوار ژن دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە، بەڵام ڕژێمی ئێران بە فیشەک و دەستبەسەرکردن، بڵاوکردنەوەی فشارە ئەمنییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر لەنێو گەڕەکەکان و شەقامەکان وەڵامی داواکارییەکانی گەل دەداتەوە و ڕێگری لەسەر هەڵدانەوەی شۆڕشێکی دیکەی هاوشێوەی “ژن ژیان ئازادی” دەکات.

 

ئەمڕۆ، ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران، دەربارەی دەستبەسەرکردنی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە زانیاریی نوێی ئاشکرا کردو تێیدا هاتووە: کیمیا داوودی خەڵکی تاران بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، هەروەها دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵەکە و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانی، لەگەڵ ئەوەشدا، لقی دادبینی بۆ دۆسییەکەی کیمیا داوودی دیاریکراوە و دادوەر سەڵەواتی وەک دادوەری دۆسییەکە دەستنیشان کراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئایدا ئیزەدی تەمەن ١٩ ساڵ و سوگەن نائیجی تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی چەمستان، لە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر کران، بنەماڵەی ئەم کەسانە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی وردی ڕاگرتن، تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان و ڕێڕەوی دادوەرییەکەیان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بۆ ئەم دوو ژنە دابین نەکراوە.

 

باس لەوەشکراوە، حەدیس ئەڵماسپوور لە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، ئەم دەستبەسەرکردنە بەبێ فەرمانی دادوەری بووە و دوای ئەوە، ناوبراو بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن یان بارودۆخی ئەم هاوڵاتییە بڵاونەکراوەتەوە.

 

هەروەها ژنە دەستبەسەرکراوەکان لە پارێزگاکانی سنە، خوراسانی ڕەزەوی، تاران، ئیسفەهان، کەرەج، قەزوین و فارس دەستبەسەر کراون، لەبەر ئەوەی ئامادەبوونێکی بەرچاویان لەسەر شەقامەکان تا ڕێبەرایەتیکردنی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە هەبوو بۆ دژایەتییکردنی ستەمکارییەکانی ڕژێمی ئێران، بەتایبەت ژنانی کورد و بەلووچ و ئازەری ڕۆڵێکی دیار و بەرجەستەیان هەبوو.