یاریزانانی دێولان یادی سۆگەند سەیادیان بەرز ڕاگرت

یاریزانانی دێولان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا یادی سۆگەند سەیادییان بەرز ڕاگرت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەندامانی تیمی وەرزشوانانی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەرزڕاگرتنی یادی سۆگەند سەیادی، هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژنکوژی و توندوتیژیی خێزانی دووپات کردەوە.

 

سۆگەند سەیادی، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری کرماشان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەستی باوکی بە شێوازێکی دڕندانە کوژرا.

 

ڕووداوی کوشتنی سۆگەند وەک یەکێکی دیکە لە زنجیرە تاوانەکانی ژنکوژی، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و کاردانەوەی لە نێو چالاکوانانی مافی ژنان، وەرزشوانان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێراندا بەدوای خۆیدا هێناوە.