وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی کامپی ئاوارەکانی عەربەتی کرد
ئەمڕۆ لە سەردانێکدا وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سەردانی هەردوو کامپی ئاوارەکانی لە عەربەت کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئاوارەکان، دڵنیایشی دا ڕەوشی ئەمنی شەنگال ئارامە و ئاوارەکان لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئیڤان فایەق، سەردانی هەردوو کامپی ئاوارەکانی عەربەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئاوارەکان، لە سەرەتاشدا چووە کامپی عەربەت کە ئاوارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقی تێدا نیشتەجێن.
ئەو وەزیرە لە نزیکەوە قسەی لەگەڵ دانێشتوانی کامپەکەدا کرد و داواکاری ئاوارەکانی وەرگرت، دواتر لەگەڵ بەرپرسانی کامپەکە کۆبووەوە.
دوابە دوای ئەوە، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سەردانی کامپی ئاشتی لە عەربەت کرد کە ئاوارەکانی شەنگالی تێدا نێشتەجێیە و لەوێدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازکرد.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئیڤانا فایەق لە کامپی ئاشتی، ئاماژەی بەوەدا دۆخی ئەمنی شەنگال زۆر باشە و لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، هەرچەندە هەندێک لە ماڵەکان وێرانکراون بەڵام لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکدا خەریکی ئاوەدان کردنەوەی شەنگالین و سەرلەنوێ بنیادی ماڵەکان دەنێینەوە.
ئەو وەزیرە باسی لەوەشکرد، ئاوارەکانی شەنگال دەگەڕێنەوە بۆ زیدی خۆیان بەڵام گەڕانەوەکەیان لەسەرخۆیە و لە ٢٨ هەزار خێزان لە کامپی دهۆک نیشتەجێن بەشێکیان گەڕاونەتەوە، دەربارەی بەسیاسیکردنی کەیسی ئاوارەکانی شەنگال وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند: ئاوارەکان لە دۆخێکی خراپدان و پێویستە مامەڵەیەکی مرۆڤانەیان لەگەڵدا بکرێت، ڕێگا نادەم بەرژەوەندیی تێکەڵی دۆسیەی ئاوارەکان بکرێت.
دەربارەی ئاوارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقیش باس لەوە کرا، ٧٠ خێزان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و لە هەوڵیشدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق تا ئەو خێزانانەی ماونەتەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان.
ت.پ