"لە ساڵانی هەشتاکاندا ناوهێنانی هەشتی مارس سزای هەبوو"
لە ساڵانی ڕابردوودا چالاکییەکانی تایبەت بە هەشتی مارس جیاواز بوون لە ئێستا کەمتر ناڕەزایەتی بوون، زیاتر چالاکییەکان ناساندی هەشتی مارس بووە، بەڵام بەپێی وتەی چالاکوانێکی ژنان ئێستا چالاکییەکان بۆ ناڕەزایەتی و هۆشیار کردنەوەیە.
ناوەندی هەواڵ
بەهار عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئێمە لە هەولێر، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە کاتێکدا تەمەنی نەگەیشتبووە ٢٠ ساڵ وەک چالاکوانێکی گەنج کاری کردووە، لە لێدوانێکدا بۆ ژنها باس لە چالاکییەکان لە قۆناغەکانی تەمەنیدا دەکات.
بەهار عەلی کاتێک گەنج بووە لە ساڵانی هەشتاکاندا، لە قۆناغی ئامادەیی بووە، وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، لەو کاتەدا کە تەنانەت ناوهێنانی ئەو ڕۆژە دەبووە هۆی گیران و سزادان لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە، ئەوان کە کۆمەڵێک خوێندکاربوون، کاغەزێک کە لەسەری نوسرابوو "ڕۆژی ژنانتان پیرۆزبێت" دەیانکردە ناو چکڵێتێکەوە و پێشکەشی ژنە گەنجەکانیان لە خوێندنگادا دەکرد، دواتر ژنەکان دەهاتن و دەربارەی ئەو ڕۆژە پرسیاریان لێ دەکردن.
لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ چالاکییەکان ئاهەنگ گێڕان بوون
دوای تێپەڕینی ساڵانی هەشتاکان و ڕاپەڕینی گەلی کورد لە ١٩٩١، دەرفەت بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکان ڕەخسا، وەک بەهار عەلی باسی دەکات، لە دوای ڕاپەڕینەوە، چالاکییەکان زیاتر ئاهەنگ بوون، لەبەر ئەوەی هەم بابەتەکە و هەمیش ئەزموونەکانیش کەم و تازە بوون، بۆیە زیاتر گرنگی بە ناساندن هەشتی مارس دراوە.
بەهار عەلی دەڵێت: لەو ساڵانەدا لە ڕێکخراوێک یاخود پارکێکدا ئاهەنگمان دەگێڕا، باسی مێژووی هەشتی مارسمان دەکرد و دەمانبەستەوە بە دۆخی ئەو کاتەی کوردستان، نمونەی ژنە بەهێزەکانمان نیشاندەدا کە کاریان دەکرد، بەیاننامەمان دەخوێندەوە، ژنانی هونەرمەند، ڕاگەیاندنکار، نوسەر و شاعیر بەشدارییان دەکرد و لە کۆتاییشدا ئاهەنگ دەگێڕدرا.
لە لایەکی دیکەوە لە حزبەکاندا، ژنان کۆدەبوونەوە و پیاوانی ناو حزبەکان دەچوون پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەیان لێ دەرکردن.
لە دوای ٢٠٠٣ چالاکییەکان بوون بە سیمینار و پانێل
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، شێوازی چالاکییەکان گۆڕا، زیاتر بەشێوەی سیمینار، کۆبوونەوە، پانێل، ڕێپێوان و بەرزکردنەوەی دروشمەکان چالاکییەکان ئەنجام دەدرێت.
بەهار عەلی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بۆ یادی هەشتی مارس لە هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکان کۆبوونەتەوە و بڕیارە بەیەکەوە کارێکی هاوبەش ئەنجام بدەن، ئەویش ئەنجامدانی ڕێپێوانێکە لە شەقامێکی هەولێردا، کە داواکارییەکانیان بۆ یەکسانی جێندەری بە دروشم بەرز دەکەنەوە.
هەر بۆ ئەمساڵ بڕیارە لە بەشی دووەمی چالاکییەکانیشدا کۆمەڵێک چالاکی هونەری بۆ نیشاندانی تواناکانی ژنان لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجام بدرێت.
ئەو چالاکوانە بە پێویستی نازانی لە ئێستادا، سەرجەم ڕێکخراو و گروپەکان بە هەماهەنگی کاربکەن، چونکە کاتێک بەیەکەوەن زیاتر بەهێزن.
لە کۆتایشدا، جەختی کردەووە، دەبێت لە دوو ڕەهەندەوە کار بۆ ژنان بکرێت، ئەویش بەردەوام بوون لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەسەر مافەکانی ژنان و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، دووەمیش ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بواری یاسا و ئەو خزمەتوگزارییانەی کە پێویستە حکومەت بۆ ژنانی دەستەبەر بکات.
داواشی کرد، کە دەزگا ڕاگەیاندنەکان، دۆزی ژن وەک بابەتێکی پەیوەست بە هەموو کۆمەڵگاوە سەیر بکەن، هەوڵ بدەن ڕای گشتی لەسەر دۆزی ژنان دروستبکەن، چونکە کێشەی ژن کێشەی هەموو کۆمەڵگایە.
ت.پ