وشکەساڵی زیانی بە بە کەرتی کشتوکاڵی عێراق گەیاندووە

ڕوانگەی سەوزی عێراق بڵاوى کردەوە، بەبیابانبوون هەڕەشە لە ڕێژەیەکی بەرفراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکات، زیانەکانی کەرتی کشتوکاڵی بەهۆی وشکەساڵی و شەپۆلەکانی گەرما و کەمئاوییەوە زیاتر لە یەک ملیار دۆلارەو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی خۆراک هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕوانگەی سەوزی عێراق، سەبارەت بە زیانەکانى وشکەساڵی و شەپۆلەکانی گەرما و کەمئاوییەوە، هەروەها مەترسییەکانى، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا زیانی کشتوکاڵی بە بڕی یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بەرکەوتووە، کەمئاوی هۆکارێکی سەرەکی بووە و وای کردووە نزیکەی نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق لە وەرزە هەستیارەکاندا لەکاربخرێن، هاوکات ساڵانە سەدان هەزار دۆنم زەویی شیاو بۆ کشتوکاڵ لەدەستدەچن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئامارە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان، بەبیابانبوون هەڕەشە لە ڕێژەیەکی بەرفراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکات، ئەوەش دەرەنجامی کەمبوونەوەی ڕووپۆشی سەوزایی و کەمیی ڕێژەی بارانبارینە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان و ئاژەڵداران زیانی زۆریان بەرکەوتووە و ناچار بوون ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکانیان بفرۆشن، یان بەهۆی تینوێتی، برسیێتی و سوێریی ئاوەوە ئاژەڵەکانیان لەدەستداوە.

 

باس لەوەشکراوە، دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان بووەتە هۆی هاتنەناوەوەی ئاوی سوێر و ناچارکردنی جووتیاران بۆ پشتبەستن بە بیرە ئاوییە ژێرزەوییەکان کە ڕێژەی سوێرییان زۆر بەرزە، ئەو دۆخە توانای بەرهەمداریی خاکی دەشتاییەکانی بۆ ئاستێکی نزم دابەزاندووە.

 

لە کۆتاییدا جەخت لەوەکراوەتەوە، ئەو قەیرانانە ئاسایشی خۆراکیان خستووەتە مەترسییەوە و عێراقیان ناچار کردووە لە چەندین وەرزدا پلانە کشتوکاڵییەکان کەم بکاتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی پشتبەستنی زیاتر بە هاوردەکردنی خۆراک و فشارێکی زۆریشی لەسەر ئابووریی نیشتیمانی دروست کردووە.