ڕوناک مەجید: بە دەنگ و ئیرادەی ژنانەمەوە بۆ مافەکانی هاوڵاتیان هەوڵدەدەم

لە سیمینارێکدا لە شاری سلێمانی دۆخی سیاسی عێراق و کاریگەری هەڵبژاردنەکان خرایەڕوو، ڕوناک مەجید، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پڕۆژە و پلانی خۆی پێشکەشکرد و وتیشی هەوڵ دەدەین پێکەوەژیان بهێنینە دی.

لە سیمینارێکدا لە شاری سلێمانی دۆخی سیاسی عێراق و کاریگەری هەڵبژاردنەکان خرایەڕوو، ڕوناک مەجید، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پڕۆژە و پلانی خۆی پێشکەشکرد و وتیشی هەوڵ دەدەین پێکەوەژیان بهێنینە دی.

سلێمانی

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئەکواپارک لە شاری سلێمانی، سیمینارێک سەبارەت بە دۆخی سیاسی و کاریگەری هەڵبژاردنەکان لەسەر پێگەی کورد لە عێراق بۆ هەریەک لە ڕوناک مەجید فەتاح، کاندیدی سەربەخۆ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ڕێکخرا.

 

لە سیمینارەکەدا، ئەندامانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، چالاکوانان و چەند کەسایەتییەک بەشداربوون.

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە هەندێک کۆمەڵگەدا هەڵبژاردن گۆڕانکاری دەهێنێتە ئاراوە، کاندیدەکانیش ڕۆڵی کاریگەرییان هەیە، وتیشی: لە سیستمی دیموکراتیدا گەل ڕاستەوخۆ نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت، بۆیە پێویستە کاندیدەکان دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بن، کاتێک لە ساڵی ٩٠ەکاندا کۆمەڵێک کاندید چونە پەرلەمانی تورکیا، گۆڕانکاری گەورەیان کرد و توانیان دەنگی گەل بگەیەننە پەرلەمان.

 

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی باسی لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان کرد و وتی: گەل هەستدەکەن بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان سزای دەسەڵات دەدەن، بەڵام ئەمە لە ڕاستیدا ڕێگە خۆشکردنە تا دەسەڵات بتوانێت نوێنەرەکانی خۆی بنێرێتە پەرلەمان بۆ بەرژەوەندییەکانی، بەڵام کاتێک هاوڵاتیان دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و بە هۆشیارییەوە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵدەبژێرن دەتوانن گۆڕانکاری بکەن و دەنگی گەل بن لەناو پەرلەمان و بۆ ماف و قوتی خەڵکی.

 

ڕوناک مەجید، کاندیدی سەربەخۆ ژمارە ٢٤ لە بازنەی ٢ی سلێمانی، لە سیمینارەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و پلان و پڕۆژەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خستەڕوو، وتی: هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەر داوای گەل و لەسەر بنەمای خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی بیست (ثورة عشرین) بوو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق، تورکیا، ئێران و ئەفغانستان بەتایبەت لە کێشە و ململانێدایە، لەناو عێراقیشدا هەرێمی کوردستان بەتایبەت ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاری گەورە بووەتەوە.

 

ڕوناک وتیشی: ڕۆڵی پەرلەمانتار گرنگە، پێویستە پەرلەمانتار هەڵوێستی هەبێت لە کاتی یاسادانان و بە پێی پێویستی ناوچەکە بڕیار بدات، بەڵام پارتە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و پەدەکە بەتایبەت لەپێناو بەرژەوەندییەکانی حزبەکەی بڕیار دەدات و گەل وەلا دەنێت.

ئەو کاندیدە باسی لە دەستوری عێراق کرد کە لە پێستردا لەگەڵ دەستوری عێراقدا نەبوون، چونکە خاڵەکانی لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نەبوو، یەکێکیش لەو خاڵانە گەڕانەوەی هێز بوو بۆناوچەکانی پێش ٢٠٠٣ وەک ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕوویدا، وتیشی: دەتوانرێت دەستوری عێراق هەموار بکرێتەوە و دەستکاری لە خاڵەکانیدا بکرێت کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندیشدا بێت، بۆ ئەمەش پلان و پڕۆژە و کۆدەنگی پەرلەمانتاران پێویستە کە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین لە داهاتوودا، هەروەها هەوڵ دەدەین کە پێکەوە ژیان و دوورکەوتنەوە لە عەشیرەتگەری و نەتەوەپەرستی بهێنینە دی و بەڵێنی ئەوەش دەدەین.

 

ڕوناک مەجید، کاندیدی سەربەخۆ بەڵێنی دا بە فکر و ئیرادەی ژنان هەوڵدەدات کە لە داهاتوودا لەپێناو مافی ژنان، گەنجان و کۆمەڵگەدا لە پەرلەمانی عێراقدا داکۆکیکاری هاوڵاتیان بێت بێ جیاوازی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ت.پ