مزگین خەلیل: تێکۆشانێکی گەورە لە دژی سیاسەتی نکۆڵیکردن ئەنجام دەدەین
مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری شاری کۆبانێ دەڵێت: بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی ڕەنگ و بوون و ناسنامەی ژنان لە سووریا.
بەرچەم جودی
کۆبانێ-هەوڵەکانی یەنتیگراسیۆنی هەرێمی ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی حکومەتی کاتی سووریا بەردەوامە، لەم پێوەندییەدا حکومەت بەربەستی گەورە لە پرسی قبوڵکردنی ژنان و پەنابردن بۆ سیاسەتی نکۆڵیکردن لە دژی بوونی ژنان لە سیستەمی سووریادا دروست دەکات.
مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوبەری دیموکراتیکی شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵوێست و هەڵسەنگاندنەکانی خۆی بۆ ئاژانسەکەمان باس کرد.
”هەوڵەکانی بیناسازی ئەوەندەی خوازراوە لە سووریا ئەنجام نادرێن”
مزگین خەلیل سەرەتا سەرنجی بۆ ئەو پرۆسە نوێیەی کە لە سووریادا ئەزموون دەکرێت ڕاکێشا و وتی: دوای ١٥ ساڵ لە ململانێ، دەبینین کە سووریا ئێستا بە پرۆسەیەکی نوێدا تێدەپەڕێت و سیستەمە نوێیەکەی وردە وردە شێوەی خۆی وەردەگرێت، لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەموکوڕیانەی کە لە بونیادنانی سیستەمی نوێدا ئەزموون دەکرێن، دەبێت چارەسەری ئەو کێشە و ململانێیانەی هەن بکرێت و بەو پێیە سیستەمێکی جێگرەوە دابمەزرێت ئێستا سووریا دەبێت بەگوێرەی خواست و هیوای گەلەکەی بێت.
”ژنان بە ئەنقەست پاڵیان پێوەدراوە"
مزگین خەلیل باسی لە دۆخی ژنان لە ئێستادا کردو جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان پەراوێز دەخرێن و وتی: ئەو پێشهاتانەی کە ئێستا لە سووریا ڕوودەدەن، بە تایبەت لە بواری پێگەی ژن، لەگەڵ هیوا و پرۆژەکانی ئێمەدا ناگونجێت، لە ئێستادا ٢١ وەزارەت لە سووریا هەن، بەڵام دەبینین کە هیچ ژنێکیان تێدا نییە، واتە ئیرادە و بوونی ژنان ناتوانرێت نوێنەرایەتی بکرێت بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە هەمانکاتدا گوایە پەرلەمانی گەل لە سووریا دامەزرا، بەڵام چی ڕوویدا؟ بینیمان ژنان لە ئاستی کاندیدکردندا، لە دەستەی هەڵبژاردنی گشتی و لیژنەکانیدا، هەروەها لە دیاریکردنی پشکەکانیشدا پەراوێزخراون، بەگشتی ژنان لە دامودەزگا کارگێڕی و یاسادانان و کۆمەڵایەتییەکان و هتددا ئامادە نین.
”ژنانی سووریا دەتوانن ڕۆڵێکی مێژوویی لە بواری بونیاندداندا بگێڕن”
مزگین خرلیل ئاماژەی بەوەدا، کە ژنانی سووریا توانایەکی زۆریان هەیە بۆ بونیادنانی سووریا و وتی: مرۆڤ دەتوانێت ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ژنان بە ئەنقەست لە هەموو بوارێکدا دوور دەخرێنەوە و ڕێگاکانیان دەگیرێن، بەڵام ئەگەر سەیری ڕاستی ژنانی سووریا بکەین، دەبینین ژنان لەم جوگرافیایەدا زۆر زانا و ڕۆشنبیرن، لە هەمان کاتدا خەباتێکی گەورەیان هەیە، دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە بگێڕن لە دیاریکردنی چارەنووسی سووریا و بونیادنانی داهاتووەکەی، بەڵام ژنان لەبەردەم سیاسەتی دوورخستنەوەدان و هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە.
”ئێمە لە ڕێگەی خەباتێکی بەهێزەوە مافەکانمان دەستەبەر دەکەین”
مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کۆبانێ لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە بەردەوامیی خەباتی ژنان کردەوەو وتی: لەم ڕووەوە دەبێت ئەو ڕاستیەی کە لە سووریادا ئەزموون کراوە، لە لایەن پەیڕەوانی دۆسیەی سووریاوە چارەسەر بکرێت و دەبێت ئەم سیاسەتە ڕابگیرێت، لە هەمانکاتدا پێویستە دەسەڵاتداران و بەرپرسانی سووریا زەمینە بۆ بەشداری ژنان لە هەموو بوارەکاندا خۆش بکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک و سیستمێک لەسەر بنەمای دیموکراتیک بونیاد بنرێت، بێگومان ئێمە وەک ژن لە ڕۆژی یەکەمەوە لەم خەباتەداین، هەوڵ دەدەین لە سووریا لە ڕێگەی دەستوور و یاساوە مافەکانمان دەستەبەر بکەین، داوا لە هەموو ژنانی سووریا دەکەین ئەم سیاسەتانە ڕەتبکەنەوەو پێکەوە خەباتێکی هاوبەش ئەنجام بدەین.