سیاسەتمەداری کورد: پێویستە ڕوانگەی ڕێگای سێیەم جێبەجێ بکرێت
موعەزیز ئۆرهان، سیاسەتمەداری کورد کە بەشداری سێیەمین کۆنفرانسی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد کرد وتی: وەک ژنانی کورد بە جێبەجێکردنی ئەرکی پێشەنگایەتیمان لە یەکێتی نەتەوەیی، یەکگرتوویی خۆمان مسۆگەر دەکەین.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد-دوابەدوای "یەکەم کۆنفرانسی ژنانی پەرلەمانتاری کورد" کە لەلایەن تەڤگەری ژنانی ئازاد لە ئامەد لە ١٨ی مانگی نیسان ڕێکخرابوو، پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە ٢١-٢٢ی حوزەیران، بەدروشمی "بە یەکڕیزی ژنی کورد، بەرەو یەکێتی نەتەوەیی" سێیەمین کۆنفرانسی بەڕێوەبرد.
ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کورد و تورکیا بەشدارییان لە سێیەمین کۆنفرانسی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد کرد، کە لە هۆڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئامەد بەڕێوەچوو.
لەگەڵ بەردەوامبوونی کۆنفرانسەکە تا ڕۆژی دووەم، ژنان جەختیان لە گرنگی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی لەو شێوەیە کردەوە، کە تیایدا باسیان لە ڕۆڵی ژنان لە بنیاتنانی یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا کرد، باسیان لە ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا کرد.
"ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستە"
موعەزیز ئۆرهان، سیاسەتمەداری کورد یەکێک لە ژنانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە ئاماژەی بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" کرد کە لە ٢٧ی شوباتدا لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەرچووە، وتی: ئەم بانگەوازە پرۆسەیەکی مێژوویی دەستپێکردووە، داوای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی گرنگییەکی مێژوویی و ژیانی هەیە بۆ ئێمە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژنان لە شەڕەکاندا قورسترین باج دەدەن.
جەختی لە پێویستی گەیشتن بە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردەوە و وتی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە گۆڕەپانی شەڕ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەلایەن زلهێزە سەرمایەدارییە ئیمپریالیستەکانەوە بەو شێوەیەی کە ئارەزووی دەکەن دووبارە دابڕێژرێتەوە، هاوڵاتیانی ئێرە زۆرترین ئازار دەچێژن، بەتایبەتی ژنان و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئاشتی بۆ ئێمەی ژنان زۆر گرنگە.
ژنان ئەوانەن کە ڕێگری لە شەڕەکان دەکەن
موعەزیز ئۆرهان باسی لەوە کرد کە شەڕی بەردەوام شەڕی مۆدێرنیتە سەرمایەدارییە، وتی: ئەگەر مۆدێرنیتی دیموکراتی بەرامبەر شەڕەکان سەرهەڵبدات، شەڕ و قەیرانەکان کۆتاییان دێت، بۆیە پێویستی بە ئاشتی هەیە لەنێوان گەلان، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ئاشتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە کە کۆمەڵگە ژیانێکی هاوبەش لە چوارچێوەی بنەما دیموکراتییەکاندا بنیات بنێت.
ئاماژەی بەوەدا کە زلهێزە ئیمپریالیستەکان کە فەرمانڕەوایی جیهان دەکەن، واتە دەوڵەتە نەتەوەییەکان، لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا لە پرسەکە نزیک دەبنەوە، بۆیە ڕۆڵی ژنان لەم پرۆسانەی ئاشتی و لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا گرنگییەکی زۆری هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شەڕە بەشێکە لەو پێشهاتانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قاڵب دەدەن، ئێستا ئێران و ڕەنگە تورکیاش لە داهاتوودا بێت، ئەمە تێبینییەکی نوێ نییە؛ ساڵانێکە پێشبینی بەم ئاراستەیە دەکرێ، داڕشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، بۆیە دیدگای ڕێگای سێیەم، کە پێکەوە ژیانی گەلانە لەسەر پێیەکی یەکسان و لە ئاشتیدا، دەبێت جێبەجێ بکرێت.
دەوڵەت تا ئێستا هەنگاوی ڕاستەقینەی نەناوە
وتی: ئەمڕۆ پرۆسەیەک لە تورکیا بەردەوامە کە تا ئێستا ناوی ئاشکرا نەکراوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازێکی کردووە، وەڵامیشی دراوەتەوە تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی ڕاستەقینەی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بانگەوازە، زەمینە خۆشکردن بۆ پێکەوەژیانی هاوڵاتیان و ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوانەی کە دەوڵەت دەبێت بیگرێتەبەر ئەوپەڕی گرنگن، چونکە هاوڵاتیان متمانەیان پێی نییە، ئێمە شاهیدی هەندێک پرۆسە بووین پێش ئەوەی کە بە ململانێ کۆتایی پێبێت، بەڵام نابێت ئەم هەلە مێژووییە لەدەست بدرێت چونکە شەڕ لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، ئەم شەڕە دەشێت وەک ئەو شەڕە بێت کە دەیان ساڵە لە سووریا بەردەوامە، کەواتە کێ سوودی لەم شەڕە وەرگرتووە؟ زیانێکی زۆری بۆ سووریا گەیاندووە، شتی هاوشێوەش دەتوانێت لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا ڕووبدات.
"دەبێت هەنگاوی یاسایی و دادوەری و سیاسی بنرێت"
موعەزیز ئۆرهان جەختی لەوە کردەوە کە شەڕەکان بە واتای زیادبوونی تاوانەکانی دژ بە ژنان دێت، پێویستە بە زووترین کات هەنگاوی یاسایی و دادوەری و سیاسی بنرێت کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە قبوڵکراو بێت، بۆ هاوڵاتی ڕوون بێت، جێگەی ڕەزامەندی بێت، داوای لە کۆمەڵگەی تورکیا کرد داوای کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بکات، وتی: پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، پەرلەمانیش ڕۆڵی خۆی لە گرتنەبەری هەنگاوی یاسایی و سیاسی بەجێبهێنێت.
لەکۆتایی قسەکانیدا، موعەزیز ئۆرهان تیشکی خستەسەر گرنگی کۆنفرانسی سێیەم بۆ هەوڵەکانی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد، وتی: وەک ژنی کورد ئەمڕۆ کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی خۆمان بەڕێوە دەبەین، ژنان پێشەنگ و خوڵقێنەری ژیانن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێشەنگایەتی ئەو پرۆسانە دەکەین، بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەیی کوردیش مێژووییە، سەد ساڵ لەمەوبەر کورد دابەش بوو و چەوسێندرایەوە، بۆیە ئێمە ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆمان لە یەکێتی نەتەوەیی بەجێدەهێنین و یەکگرتوویی خۆمان لە چوارچێوەی سیستەمی کۆنفیدراڵیدا مسۆگەر دەکەین.