سۆڵماز عەباسی؛ وەرزشکارێک کە خەونی بە ئازادی دەبینی و لەسەر داوای ئازادی کوژرا
سۆڵماز عەباسی، ڕاهێنەری دیاری تۆپی بالە و ئەندامی پێشووی هەڵبژاردەی نەتەوەیی ژنانی ئێران لە نوسینگەی پارێزەرەکەی بە چەقۆ کوژرا، تاکە "تاوان"ی ئەو داوای مافە یاساییەکانی بوو کە داوای جیابوونەوەی کردبوو.

ڤیان مێهرپەروەر
ورمێ-ڕۆژی بەخاکسپاردنی شۆکێکی گەورە بوو بۆ هەموو ئەوانەی بەشداری پرسەکەی بوون، ژنێکی تەمەن ٤٣ ساڵ کە جێگەی تایبەتی لە دڵی سەدان کەسدا هەبووە، تەنها لەبەر ئەوەی ژن بووە، چیرۆکی ژیانی پڕ لە ئازارە، لە هەمانکاتدا سۆڵماز عەباسی هاوشێوەی چیرۆکی هەزاران ژنە کە لە ئێراندا بە تەنیا بەهۆی گەڕان بە دوای ژیانێکی ئازاد و مافی مرۆڤدا، لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.
سۆڵماز عەباسی، لە دایکبووی ٢٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٣ لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاهێنەری دیاری تۆپی بالە و ئەندامی تیپی سەوڵلێدانی ژنانی ئێران بوو، لە یارییەکانی ئاسیای ئینتشۆن ٢٠١٤ دوو مەدالیای برۆنزی لە پێشبڕکێی تاکەکەسی و تیمدا بەدەستهێنا، وەک وەرزشوانێکی سەرکەوتوو هەمیشە تیشکی خستەسەر ئاڵەنگاریەکانی بەردەم وەرزشوانانی ژن لە ئێران، ئەگەر ئێستا لە ژیاندا بووایە، لە پاییزی ئەمساڵدا وەک مامۆستا لە وەزارەتی پەروەردە دەستی بە کارەکانی دەکرد.
عاتیفە شەرەفی، یەکێکە لەو سەدان خوێندکارەی لە سەردەمی سۆڵماز عەباسی خوێندوویەتی، وتی: ئەو بۆ من وەک دایکی دووەم بوو، نەک تەنها لە هۆڵی وەرزش، بەڵکو لە لایەنەکانی تری ژیانیشدا پاڵپشتیی منی کرد، سۆڵماز عەباسی داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەی مافەکانی ژن بوو، هەموو هاوڕێ و خوێندکارەکانی بە "ژنێکی بەهێز و میهرەبان و پاڵەوانی مافەکانی ژنان" پێناسەی دەکەن.
بەهۆی داوای مافەکانیەوە مرد
بەڵام چی وایکرد ئەم کەسایەتییە دیار و سەربەخۆیە ببێتە قوربانی فەرهەنگ و یاساکانی پیاوسالاری ئێران؟ خزمێکی بە ناوی فەهیمە محەمەدی (ناوی خوازراو)، وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و وتی: سۆڵماز عەباسی لە مێژە کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەی هەبوو، بەڵام وا دیار بوو هەمووان داوایان لێکردووە بێدەنگ بێت و پرسەکە بە شێوەیەکی تایبەت لە پێناو کوڕە ١٧ ساڵانەکەیدا چارەسەر بکات، دوای ئەوەی ناکۆکی لەگەڵ هاوژینەکەی پەرەی سەند، بڕیاری جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی دا.
ڕوونیشیکردەوە، ساڵانێک بوو لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ بووە و ژنێکی سەرکەوتوو بووە، بەڵام هاوژینەکەی وا نەبووە، دوای ئەوەی بڕیاری جیابوونەوەی داوە، داوای جیابوونەوە و گەڕاندنەوەی موڵک و مارەیی و مافەکانی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پیاوە سەروەت و سامانەکەی گواستەوە بۆ ناوی باوکی بۆ ئەوەی لە پابەندبوونە داراییەکان دەرباز بێت، دوای ئەوەی سۆڵماز عەباسی پێداگری لەسەر بەدواداچوونی بابەتەکە کرد، هەڕەشەی کوشتنی لێکرد و هەڕەشەکەی جێبەجێ کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێوارەی ٢٧ی حوزەیران، نزیکەی کاتژمێر ٩ی شەو، ئەم ڕاهێنەرە وەرزشییە دوای ئەوەی لەناو نوسینگەی پارێزەرەکەیدا ٢٧ چەقۆی لێدرا گیانی لەدەستدا، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەهۆی ئەو هەڕەشەیەی پێشتر لەلایەن هاوژینەکەیەوە پێگەیشتبوو، سۆڵماز عەباسی لە ترسی هێرشکردنە سەری، کۆبوونەوەکەی لە نوسینگەی پارێزەران هەڵبژارد، بەڵام ئەو پیاوە هەڕەشەی لە پارێزەر و کارمەندانی نوسینگەکە کردووەو بە بارمتە گرتوونی، پاشان قوربانییەکە بردووە بۆ ژوورێکی دیکە و بە چەقۆ کوشتوویەتی، دوای ئەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام تا ئێستا لە ژیاندایە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ چارەسەر وەردەگرێت، لە ئێستادا چاوەڕێی ڕێکاری یاسایی دەکەن.
بێدەنگی بۆ ژیان... سیاسەتی پیاوسالاری
کوشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێران لەسەر داوای مافە یاساییەکانیان، وەک مارەیی، جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، یان نەفەقە، دیاردەیەکی دەگمەن نییە، زۆرێک لەو ژنانە بەر لە مردنیان چەندین جار هەڕەشەیان لێدەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمی دادوەری و لایەنگرانیان هیچ پارێزگارییەکیان بۆ دابین نەکردوون، هەروەها بە وتەی کەسوکاری سۆڵماز عەباسی، پێش کوشتنی چەندین هەڕەشەی زارەکی و نووسراویشی پێگەیشتووە.
شەکیلا ئەحمەدی، خوێندکاری بواری ژنان وتی: لە پێکهاتەی پیاوسالاری کۆمەڵگەدا، ئەو ژنەی داوای مافەکانی دەکات، بە 'یاخیبوو' یان 'خێزان تێکدەر' ناوزەد دەکرێت، ڕەنگە یاسا لە ڕووی تیۆریەوە دان بە هەندێک لەو مافانەدا بنێت، بەڵام دەستڕاگەیشتن بەو مافانە بە کردەوە ئەوەندە تێچووی زۆری دەوێت و قورسە کە زۆرێک لە کەیسەکان بە توندوتیژی کۆتایی دێت، تەنانەت هەندێکیان دەتوانن ببنە هۆی کوشتن.
ڕوونیشیکردەوە، تەنانەت کاتێک ژنان داوای تەنانەت بەشێکی کەمیش لەو شتانە دەکەن کە بەڵێنی یاسایی پێدراوە، بە توڕەیی و ڕەتکردنەوە بەرەوڕووی دەبنەوە، کۆمەڵگەش زۆرجار هیچ هاوسۆزییەک نیشان نادات، لەبری لێپرسینەوە لە دەستدرێژکارەکە، قوربانیەکە تاوانبار دەکرێت: بۆچی داوای مارەیی خۆتت کرد؟ بۆچی سکاڵات کرد؟ بۆچی بێدەنگ نەبوویت؟ بۆ لێی خۆش نەبوویت؟"
کوشتنی سۆڵماز عەباسی نموونەی هەزاران تاوانە کە دەریدەخات ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ماڵەوە، لەسەر شەقام، یان تەنانەت لە نوسینگەی پزیشکی دەروونی یان ڕاوێژکاردا پارێزراو نین، لە نەبوونی پەناگەی پارێزراو و پاراستنی یاسایی کاریگەر و هۆشیاری کۆمەڵایەتی، هەر ژنێک داوای مافەکانی دەکات، ڕووبەڕووی هەڕەشەکان دەبێتەوە کە تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی مردنیش، لەم نێوەندەدا ڕژێمی ئێران هیچ یاسایەکی بۆ پاراستنی ژنان نییە؛ بەڵکو سووڕی کوشتنەکانیان بەردەوام دەکات بۆ ئەوەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.