"بەهێزکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی وەڵامێکە بۆ بانگەوازێکی مێژوویی"
وەلیدە بۆتی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ئایین و بیروباوەڕەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختی لەوەکردەوە کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی پارێزگاری لە ڕەنگ و ئایین و بیروباوەڕ و مەزهەبەکان دەکات، سیستمی هاوسەرۆکایەتی سیستمێکی شارستانی و سەکۆیەکی سەرکەوتووە.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە – سیستمی هاوسەرۆکایەتی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا، یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەو ژنانەی کە لە ڕێگەی خەباتی دەیان ساڵەوە دەستیان کەوتووە وەلیدە بۆتی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ئایین و بیروباوەڕەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرنجی بۆ دەستکەوتەکانی ئەو ژنانە ڕاکێشا کە بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی بەهێزتر دەکرێن و ڕایگەیاند، بەهێزکردنی سیستمەکەش وەڵامێکە بۆ بانگەوازی مێژوویی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
"بوون و ناسنامەی ژن و گەلان دەپارێزێت"
وەلیدە بۆتی ئاماژەی بەوەدا کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی ساڵانێکە بناغەیەکی سەرکەوتوو بووە، وتی: سیستمی هاوسەرۆکایەتی سیستمێکی پێشکەوتووە، لەسەر بنەمای پاراستنی ناسنامە و بوون دامەزراوە، سیستمەکە بوونی ژن و ناسنامەی نەتەوەکان و فرەچەشنی ئایین و مەزهەبەکانی لە هەموو بوارەکاندا زیندووکردووەتەوە، گەلانێکی زۆر لە سووریا دەژین، هەر نەتەوەیەک جیاوازە لە ڕەنگ و کولتوور و ئایین و بیروباوەڕەکان، ئەم سیستەمە وەرگیرا بۆ ئەوەی هەر کەسێک بتوانێت بە شێوازی خۆی خۆی دەرببڕێت و ئاگاداری بوونی خۆی بێت.
"کۆمەڵگە پێویستی بە سیستمێکی دیموکراتیک بوو"
وەلیدە بۆتی سەرنجی بۆ گرنگی کاری ژنان ڕاکێشاو وتی: ماوەی ٥ هەزار ساڵە سیستمێک ناسنامە و کۆمەڵگە و ژنان لەناو دەبات بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی لەڕێگەی ئایینەوە سیاسەتی جینۆساید کە سیستمی یەکتاپەرستی لەدژی فرەچەشنی گەلان بەکاری دەهێنێت، ژنان ڕۆڵ و ئەرکیان هەیە لە کۆمەڵگەدا، ئەوان نوێنەرایەتی کۆمەڵگەکەیان دەکەن، بۆیە کۆمەڵگە پێویستی بە سیستمێکی وەک سیستەمی هاوسەرۆکایەتی هەیە کە هەل بدات بە ژنان ڕۆڵی خۆیان لە هەموو بوارێکدا بگێڕن و کارەکانیان ڕەت نەکرێتەوە.
"دەرگای داخراوی پێشکەوتنی ژنان کراوەتەوە"
وەلیدە بۆتی ئاماژەی بەوەدا کە ژنان دەسەڵاتی شاراوەی خۆیان ئاشکرا کردووە، لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە دەسەڵاتی شاراوەی خۆیان ئاشکرا کردووە، لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازیدا بوونەتە پێشەنگ، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبینین کە لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە هەموو ئەو دەرگایانەی کە بە ڕووی ژنان داخراوبوون لە ڕێگەی خەباتی هەردوو ڕەگەزەوە کراونەتەوە کۆمەڵگەی دیموکراتی.
"بەهێزکردنی ئەم سیستمە پابەندبوونە بە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان"
وەلیدە بۆتی داوای پابەندبوون بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد، وتی: لەو پرۆسەیەدا کە ڕێبەرەکەمان داوای ئاشتی و دیموکراتیکی تیایدا، پێویستە سیستمی هاوسەرۆکایەتی بەهێز بکرێت، چونکە دەرگای کراوە و چارەسەرە بۆ هەموو پرسە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانەش پرسی بنەڕەتی ژنان کە لە هەموو جیهاندا ئەزمون دەکرێت، ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا فرەچەشنی هەیە ئەگەر فرەچەشنی نەتەوە و ئایینەکان نەبیندرێت و شوناسیان نەپارێزرێت، ناتوانین بڵێین دیموکراتیک هەیە.