چالاکوانێکی كورد پێنج ڕۆژە چارەنووسی نادیارە

ڕژێمی ئێران لە چەوساندنەوەی ژنانی کورد بە مەبەستی بێدەنگ کردنیان بەردەوامەو ماوەی پێنج ڕۆژەچالاکوانێکی بۆکان دەستگیر کراوە و لە پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی و بینینی پارێزەر بێبەش کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران سەبارەت بە بارودۆخی ژنێکی دەستگیرکراوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، ژنێکی کورد بە ناوی مەلەک فەرەج بەگی تەمەن ٤٣ ساڵ و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی پێنج ڕۆژە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە و ڕەوانەی زیندانی ورمێ کراوە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەرگایان شکاندووە و بە بەکارهێنانی توندوتیژیی و بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیریان کردووە، هەروەها دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتە کەسیەكانیدا گرتووە.

 

باس لەوەشکراوە، مەلەک فەرەج بەگی لە پەیوەندیکردن بە خێزانەکەی و دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر لێ قەدەغە کراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان ژنانی چالاکوان بە پاساوی جۆراوجۆر لە لایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن.