شیکارییەک بۆ دروشمی کوردی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا
لەناو سیاسەتی پۆپۆلیستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە زۆرجار بە ڕیتۆریکی جینۆساید تایبەتمەندە، دروشمەکانی کورد گێڕانەوەیەک پێشکەش دەکەن کە ناوەندی ژیان و ئەرێنی و شوناسە، لۆژیکێکی زمانەوانی و ڕەوشتی سیاسی لە دروشمەکانی کوردی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
شیلان سەقزی
ناوەندی هەواڵ-بە درێژایی مێژووی خۆپیشاندان و سیاسەتی گەل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دروشم لە مێژە زمانی توڕەیی و دوورخستنەوە و قسەی ناشرین بووە، ڕۆڵی "ڕێپێوانی مەرگ" تەنها لە دابینکردنی دەرچەیەک بۆ توڕەیی سنووردار نەبووە، بەڵکو درێژ بووەتەوە بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت، چوارچێوەیەک کە چەمکی سیاسەت لە ڕێگەی دژایەتی و وەدەرنانی ئەوی دیکەوە تێدەگات.
دەربڕینی توڕەیی لە ڕوانگەیەکی مرۆڤیەوە و وەک ئازادکردنێکی تەنها دەروونی توندوتیژی و شەڕانگێزی و بێڕێزی کردن توندتر دەکات، ڕێڕەوی داواکاری و خۆپیشاندانەکان دەگۆڕێت و بەرەو یەکلاییکردنەوەی نمرەی کەسی یان نمایشکردنی دەسەڵات دەیانبات، هەروەها ڕێگری لە دیالۆگ دەکات و هونەری گوێگرتن بێواتا دەکات ئەزموونێک کە بە ڕوونی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئەو کۆمەڵکوژییە خوێناوییانەی کە لە دەرەوەی وڵات لە دژی خەڵک ئەنجامدراون، دەرکەوتووە.
”نەبوونی دروشمی نەرێنی تەنیا نیشانەی ملکەچبوون نییە”
هاوکات دروشمەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و باکووری کوردستان و تورکیا و سووریا بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێگایەکی دیکەیان گرتۆتە بەر، ڕێگایەک کە زمانی دروشمەکە، تەنانەت لە ساتەکانی قەیران و شەڕیشدا، کەمتر لە سەر مەرگ و زیاتر ئەرێنی مایەوە، داوای بونیادنانی شوناس و ئاڕاستەکردنی بەرەو ژیان دەکرد، ئەم جیاوازییە ڕێکەوت و تەنها تاکتیک نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتە مێژووییەکان و ئەزموونی بەکۆمەڵی ژیاوە و جۆرێک لە ڕەوشتیی سیاسییە کە سیاسەت لە ڕوانگەی "بوون"ەوە پێناسە دەکات نەک "لەناوبردن".
نەبوونی یان دابەزینی دروشمی نەرێنی لە نێو کورددا تەنها نیشانەی ملکەچبوون نییە، بەڵکو بەرهەمی مێژوویەکی دوور و درێژی ژیانە لەگەڵ ڕاستی مەرگ، کۆمەڵگەیەک کە بەرگەی هەڵمەتی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران و چەوساندنەوەی سیستماتیکی و قڕکردنی جەستەی گرتبێت، مەرگ وەک دروشم وەرناگرێت، چونکە مردن تەنها مەتافۆرێک نییە، بەڵکو یادەوەرییەکی زیندووە، ڕووداوێکە یان بڕیارێکە بۆ نەمان، ئامرازێکی کۆنترۆڵکردن و بێدەنگییە، لەم ڕوانگەیەوە داخوازی مێژوویی کورد زۆر دوور لەم هیچبوون و بێدەنگییە، دەیان ساڵە بۆ بوون و ژیان بەرەنگاری بوون.
بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ناڕەزایەتی تەنها ڕەتکردنەوەی دۆخی ئێستا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ خەیاڵکردن و بونیادنانی ئاسۆیەکی جێگرەوە، گرنگە لەبیرمان بێت کە نەبوونی دروشمگەلێک کە ئاماژە بە مەرگ دەکەن لە سیاسەتی کوردیدا نیشانەی نەبوونی سنووری ڕەوشتی نییە، لە نەریتی کوردی دروشمەکاندا، وەک "مەرگ بۆ خیانەتکاران"ی بەناوبانگ، "مەرگ" ئاراستەی کەسەکە ناکرێت، بەڵکو ئاراستەی خودی کردەوەکە دەکرێت، ئەوەی ڕەتدەکرێتەوە تاک نییە، بەڵکو ئەو کردارەیە کە پەیوەندی بەکۆمەڵ دەشکێنێت، ئەم گۆڕانکارییە وردە، بەڵام بەرچاوە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سیاسەتی کوردی تەنانەت لە دەربڕینی توڕەیی خۆیدا، خۆی لە لۆژیکی وەدەرنانی تاک دوور دەخاتەوە و سزادانی ڕەوشتی بەرەو کردارەکە ئاراستە دەکات نەک کەسەکە.
لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ دروشمەکانی ئەم دواییە وەک "تیرۆریستەکەی ئەردۆغان، تیرۆریستی جۆلانی" تێبگەین، ئەم دروشمانە بێ ڕێزی نین، بەڵکو ئاماژەیەکی سیاسین، لێرەدا زمانی ناڕەزایەتی، لەبری ئەوەی ئاواتی مردن بخوازێت، بەرپرسیارێتی توندوتیژی دەخاتە ئەستۆی تاوانبار.
تیرۆر بەم ەاتایە پێناسەیەکی سۆزداری نییە، بەڵکو پێناسەیەکی ئەو سیاسەتانەیە کە توندوتیژی ڕێکخراو و گروپی بە وەکالەت و قڕکردنی خەڵکی مەدەنی وەک ئامرازی دەسەڵات بەکاردەهێنن، بەم شێوەیە تەنانەت ڕادیکاڵترین دروشمەکانی نەریتی کوردیش خۆیان لە لۆژیکی لەناوبردنی بایۆلۆژی دوور دەخەنەوە و جەخت لەسەر ئاشکراکردنی پێکهاتەکانی توندوتیژی دەکەنەوە.
لەبەرامبەردا دروشمەکانی وەک "ژن، ژیان، ئازادی" یان جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر ئازادی و شکۆمەندی و پێکەوەژیان، سیاسەت لە ئاستی وەڵامدانەوەی سۆزدارییەوە بۆ ئاستی واتا بەرز دەکەنەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تەنانەت بەرخۆدان، لە زمانی کوردیدا، زۆرجار بە "بەرگریکردن لە ژیان" پێناسە دەکرێت، نەک لەناوبردنی بەرامبەر.
”ڕەخنە لە دروشمی کوردی: لە ناو تەڤگەر بۆ ئەودیو”
دروشمی کوردی، بەتایبەتی لەم دەیەی دواییدا، نەک هەر ئیلهامبەخش بووە بۆ تەڤگەریە کۆمەڵایەتییە ناوچەانی، بەڵکو بووەتە جێی ڕەخنە و دیالۆگ، ئەم ڕەخنەیە یەکسان نییە، هەندێکیان لە ناو خودی کۆمەڵگەی کوردییەوە هاتوون و هەندێکی تریان لە حکومەتەکان، بزووتنەوە سیاسییە ڕکابەرەکان یان لە میدیای سەرەکییەوە سەرچاوەیان گرتووە.
شیکردنەوەیەک بۆ ئەم ڕەخنەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دروشمی کوردی بە پێچەوانەی باوەڕی گەلەوەیە، تەنها زمانی سۆزداری نییە بەڵکو گۆڕەپانێکە بۆ ململانێ لەسەر واتا و سیاسەت، بەڵام ئەم میراسە زمانەوانییە هەمیشە دوور نەبووە لە ڕەخنە، بەشێک لە ڕەخنە هەرە بەرچاوەکان نەک لە نەیارانی کوردەوە بەڵکو لە ناو خودی تەڤگەرییە کوردییەکانەوە هاتوون، بەشێک لە چالاکوانان و شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە کە بەجیهانیبوونی دروشمەکانی کورد بەتایبەتی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەتوانێت لە چوارچێوەی مێژوویی و سیاسییان لێ بسەنێتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە کاتێک دروشمێک لەو ئەزموونە تایبەتەی بووەتە هۆی دابڕان، دەبێتە دەستەواژەیەکی جوان بەڵام بێلایەن، لە کاتێکدا کە دەتوانرێت دووبارە بکرێتەوە، بەڵام هێزی ڕزگارکەری ڕەسەنی خۆی نییە، هەروەها بەشێک لە شرۆڤەکارانی کورد پێیان وایە کە میدیای نێودەوڵەتی و بزووتنەوە سیاسییەی جگەلە کوردەکان، لە نوێنەرایەتیکردنی جیهانی خۆیان بۆ دروشمەکانی وەک "ژن، ژیان، ئازادی"، بە ئەنقەست یان بەبێ مەبەست ڕەگ و ڕیشەی کوردی خۆیان دەسڕنەوە.
لەم گێڕانەوەیانەدا دروشمەکە دەگۆڕدرێت بۆ چەمکێکی گشتی و گشتگیر، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە مێژووی ستەم و خۆڕاگری و ئەزموونی تایبەتی کۆمەڵگەی کوردی بکرێت، لە ڕوانگەی ئەم ڕەخنەگرانەوە، ئەم جێهێشتنە ئامڕازییە شێوازێکی وردی ئیمپریالیزمی کولتووری پێکدەهێنێت، بەرهەمی خەباتێکە بەبێ داننان بە بابەتی ئەو خەباتەدا خۆی دەخزێنێت.
ڕەخنەیەکی دیکە لەلایەن ڕەوتە سیاسییە ڕادیکاڵترەکانەوە گیراوە، کە دەوترێت دروشمە ئەرێنییەکان بە شێوەیەکی گونجاو پێناسەی "دوژمن" ناکەن، هەر بۆیەش دەسەڵاتی کۆکردنەوەیان سنووردارە، لە بەرامبەر ئەم ڕەخنەدا، میراسی کورد بە کردەیی دژە دیالۆگی مێژوویی پێشکەش کردووە، هەروەها مەرج نییە سیاسەت بە ڕق و کینە سووتەمەنی بدرێت، بەڵکو هەندێک جار هێزی خۆی لە واتا وەردەگرێت.
لە لایەکی تریشەوە حکومەتەکانی هەرێم ڕەخنەیان لە دروشمەکانی کورد گرتووە یان سەرکوتیان کردووە، نەک وەک دەربڕینی سیاسی ڕەوا، بەڵکو وەک هەڕەشەیەکی ئاسایش، ئەم وەڵامانە ئەوە دەردەخەن کە تەنانەت ئەو دروشمانەی کە داوای مردن ناکەن، دەتوانن مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتە پاوانخوازەکان دروست بکەن کاتێک داوای ژیان و خۆی دەکەن.

”خوێندنەوەی هەندێک لە دروشمەکانی ئەمڕۆ”
پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان ئەزموونێکی ڕاستەقینەیان بۆ ئەم میراسە زمانەوانییە داناوە، سەرەڕای شەڕ و خوێنڕشتن و چەوساندنەوە، دروشمەکانی ئەمڕۆش ئەوە دەردەخەن کە هێشتا لۆژیکێکی ئەرێنی زاڵە، وەک ”یەک بە یەک، یەک گەلی کورد، یەک بە یەک، یەک نەتەوەی کورد". ئەم دروشمە وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ دەیان ساڵەی سیاسەتی دابەشکاری، یەکگرتوویی لێرەدا بە واتای یەکسانی یان نەهێشتنی جیاوازی نییە، بەڵکو بە واتای چارەنووسێکی مێژوویی هاوبەشە، ئەم دروشمە ئاڵەنگاری سنوورەکان دەکات نەک بە توندوتیژی، بەڵکو لەسەر ئاستێکی واتا.
"ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا" ئەم دەستەواژەیە ڕۆژئاوای کوردستان لە بوونێکی جوگرافیای دوورەوە دەگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی هاوبەش، واتای ڕوونە: چارەنووسەکان جیا نین، ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت، پرسێکی ناوخۆیی یان پەراوێزیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە یادەوەری و ئاسۆیەکی هاوبەش.
"من کێم؟ من کوردم" ئەم دروشمە سەرەڕای سادەییەکەی، هەڵگری قورسایی بوونیەکی قووڵە، لە هەرێمێکدا کە دەیان ساڵە ناسنامەی کورد پشتیوانی لێ نەکراوە، سەرکوت کراوە، یان تووشی سەرکوتی ئاسایشی کراوە، پرسیاری "من کێم؟" سەرهەڵدەدات، کە ئەمە پرسیارێکی بێلایەن نییە، بەڵکو پرسیارێکی سیاسییە.
هەروەها دەستەواژەی "من کوردم" ڕاگەیاندنی باڵادەستی نییە، نە نکۆڵی ئەوانی دیکەیە، بەڵکو وەرگرتنەوەی مافی خۆناساندنی مرۆڤە لە ناوچەیەکدا کە لە مێژە شوناسی کوردی ڕەتکراوەتەوە یان بە سیاسی کراوە، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە خۆی کردەیەکی سیاسییە.
شانبەشانی ئەم دروشمانە، نەبوونی دەستەواژەی "مەرگ بۆ" گرنگییەکی زۆری هەیە، تەنانەت لە ساتەکانی هەڕەشە و توندوتیژیشدا زمانی خۆپیشاندان ئامانجی وەدەرنانی ئەویتر نییە، بەڵکو زیاتر جەخت لەسەر پەیوەندی و بوون و پێکەوەژیان دەکاتەوە، ئەم هەڵبژاردنە زمانەوانییە ڕەنگدانەوەی جۆرێکە لە پێگەیشتنی سیاسییە، سیاسەتێک کە لە ناخی ئازارەکانەوە داوای ژیان دەکات لەبری ئەوەی مردن بەرهەمبهێنێتەوە.
دروشمی کوردی، چ ڕەخنەیی، چ ستایشی یان تەنانەت ئەوانەی لە ناڕەزایەتی سەر شەقامەکاندا دەردەبڕدرێن، ئەوە نیشان دەدەن کە سیاسەت شێوازێکی جیاوازی هەیە، شێوازێک کە خۆپیشاندان تەنها هاوارێکی توڕەیی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕژاندنی ژیانی پێکەوەی بە واتا، ڕەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت کە ئەم دروشمانە تەنانەت لە نێو شەڕ و هەڕەشەشدا، لەبری ئەوەی داوای کۆتاییهێنان بکەن، پێداگری لەسەر بوون و بەردەوامی ژیان دەکەن.