بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر حەلەب و ڕۆژئاوای کوردستان ١٧٩ هەزار کەس کۆچیان کردووە

ئۆچا ئاشکرای دەکات، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی چەتەکانی هەتەشە لە سووریا، زیاتر لە ١٧٠ هەزار کەس کۆچیانکردووە، ئەوەش پشتڕاستیکردەوە کە زیاتر لە هەفتەیەک کارەبا و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە شاری کۆبانێی گەمارۆدراو بە پچڕان ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییە لە چەند ناوچەیەک، هەزاران کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە بە زۆرەملێ لە ماڵەکانیانەوە کۆچیانکردووە بۆ ناوچە ئارامەکان، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی مرۆیی ترسناک بوونەتەوە کە ئازارەکانیان زیاتر کردووە.

 

ئۆچا لە سووریا بڵاویکردەوە، لە ٦ی کانوونی دووەم، زیاتر لە ١٧٠ هەزار کەس لە ناوچەکانی حەلەب و حەسەکە و ڕەققە کۆچیانکردووە، ئەمەش لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەی چەتەکانی هەتەشە.

 

ئۆچا پشتڕاستیکردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بەردەوامن لە پشتیوانیکردن لە وەڵامدانەوەی مرۆیی لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەدا، کە دوێنێ کاروانێکی هاوبەش گەیشتە قامیشلۆ کە خۆراک و جلوبەرگی زستانە و بەتانی و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەی هەڵگرتبوو، هەروەها نووسینگەکە پشتڕاستی کردەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاروانی زیاتر دەنێردرێت.

 

ئاماژەی بەوەکردووە، کە پشکنینی بەدخۆراکی ئەنجامدراوە و پاڵپشتی خۆراکی پێشکەش بە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ منداڵ کراوە، ئەمە جگە لە سەدان ژنی دووگیان و شیردەر لە حەسەکە و ناوچە گوندنشینەکانی دەوروبەری، هاوکات وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کە هاوبەشەکانی سەر زەوی ڕاپۆرتیان داوە کە کارەبا و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت هێشتا لە شاری کۆبانێ نەگەڕاوەتەوە، ئەمەش ئازاری خەڵکی مەدەنی دەداکە لە ئێستاوە بەرگەی بارودۆخی مرۆیی ترسناکیان گرتووە بەهۆی گەمارۆکانەوە.

 

ئۆچا لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، دووپاتیکردەوە، کە هاوبەشە مرۆییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە هاوکاری زستانەیان کردووە، لەوانە بەتانی، جلوبەرگ و پێداویستی گەرمکەرەوە، بۆ نزیکەی ٤٥٠ هەزار کەس لە سەرانسەری سووریادا.