شەیدا مەعروف: کۆسپە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگرن لە ئەرشیفکردنی مێژووی ژنان
لەگەڵ بەردەوامیی باڵادەستیی ڕەگەزی و پەراوێزخرانی ژنانی وەرگێڕ و نووسەر لە هەرێمی کوردستان، ژنان لە ڕێگەی خۆپەروەردەکردن و هەوڵی تاکەکەسییەوە بەردەوامن لە جێگیرکردنی جێپەنجەی خۆیان لە کایەی ڕۆشنبیریدا.
دێرین رەحیم
سلێمانی_تۆمارکردن و ئەرشیڤکردنی مێژووی ژنان لە کوردستان و جیهاندا، هەمیشە لەژێر سێبەری بێبەشکردنێکی بونیادیدا بووە، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا نووسینەوەی مێژوو لە دەستی پیاواندا قۆرغ کرابوو و بەرهەمی ژنان بە ناوی بێناو یان ناوی خوازراوی پیاوانەوە بڵاو دەکرایەوە، هەرچەندە لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی ژناندا ئەم پرۆسەیە گۆڕانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام هێشتا پەراوێزخستنی تواناکانی ژنان بەردەوامە، لەم بارەیەوە شەیدا مەعروف، نووسەرو وەرگێڕ قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"ناتوانێت ژنێک مێژووی خۆی تۆمار بکات"
شەیدا مەعروف، نووسەر وتی: هەمیشە لەبەردەم ژنی کورد و ژنانی جیهان بەتایبەتی کۆسپ و تەگەرە زۆرە، هەندێکجار ئەو کۆسپانە لایەنەکانی تر دەگرێتەوە، لایەنی کۆمەڵایەتی، خێزان، تاک و پەروەردە ياخود ئاین بەشێوەیەکی گشتی، ئەوانە هەمووی دەبنە کۆسپ لەبەر ئەوەی ژن کەمتر دەرکەوێت، ناتوانێت ژنێک مێژووی خۆی تۆمار بکات لەبەر ئەوەی ئەم کۆسپانە دێتە بەردەمی. هەندێک جار ژنێک دەیەوێت بیرەوەریەکانی بنووسێتەوە بەڵام ئایا کێ ڕێگەی پێدەدات؟ هەندێک کات لایەنی ئابووری ڕێگر دەبێت لە تۆمارکردنی ئەرشیفی ژیانی خۆی، زۆرجار هۆکاری دیکەی لەپشتە یان بە پاڵپشتیی تایبەت دەگاتە ئەو شوێنە، چونکە پشتیوانیی گشتی بە بەراورد بە پیاوان بۆ ژنان زۆر کەمترە. ئەم کێشەیە بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، چونکە پیاوان بەهۆی ئازادیی زیاتری کۆمەڵایەتییەوە دەتوانن زۆرتر لە کۆبوونەوە و چالاکییە جیاوازەکاندا ئامادەییان هەبێت. لەبەر ئەوەی بەهەند وەرنەگیراوە و گرنگیی ئەوتۆی پێ نەدراوە، کەم تا زۆر ژنانمان هەیە مێژووەکەی خۆیان تۆمار کردووە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن و بەڕاستی تۆمارکردنی ئەرشیفی ژنان زۆر گرنگە هەبێت، لەمڕۆ بەدواوە ئەو ڕێگریانە نەمێنێت، ئەرشیفی ژیاننامە و بەسەرهاتەکانی ژنان بکرێت.
"كەمبوونەوەی ئەرشیفی ژنان دەكرێت بێتە هۆی لەناوچوونی بەشێک لە مێژووی ژنان"
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنەی کە مێژووی تۆمار دەکات دەبێتە بەرنامەو خوێندنگە بۆ ژنەکانی ئایندە، هەموویان ئەو بەرهەمە دەخوێننەوە، دواجار وەک چاوانلێکەرییەک دەچێتە زەینیاتیانەوە، بیر لە ڕابردوو دەکەنەوە ئەو ژنە چۆن گەیشتووەتە ئەو ئاستە، گەنجان و کچانی ئێمە ئەو بەرنامەیە پەیڕەو دەکەن، ساڵانە لە بواری هونەر و ڕاگەیاندن و هەموو بوارەکانی تردا منداڵانی کچ دەردەچن، بەڵام بەهۆی قسە و قسەلۆکی کۆمەڵگە و خەڵک و دابوونەریت، هەموویان واز لە کارەکانی خۆیان دێنن، کارێک دەکەن کە پەیوەست نییە بە ڕوحیەتی خۆیان، چونکە بەردەوام کۆمەڵگە شەرمە، ئەم شتانە لە خەیاڵی خۆیدا لێک دەداتەوە، دروستبوونی قسە و قسەلۆک ئەمانە کاریگەریی زیاتر دەکاتە سەر ئەو پرسە گرنگە، توێژەر و نووسەرە ژنەکان دەبێت ڕۆڵی کارایان هەبێت و هاوکار بن لە بەرەوپێشبردنی ئەم پرسەدا، تاوەکو ڕێنماییەکی دروست بڕەخسێنن و ببنە پێشەنگ بۆ ژنانی دیکە، بە مەبەستی ئەوەی دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت و تواناکانی خۆیان لە کۆمەڵگەدا پێشکەش بکەن.
"میدیا دەبێت هۆشیارانەتر و باشتر لەسەر ئەوەی مێژووی ژن کاربکات"
ئەوەشی خستەڕوو، میدیا دەبێت هۆشیارانەتر و باشتر کار بکات لەسەر ئەوەی مێژووی ژن تۆمار بکات، بیکاتە بەرنامەیەکی سەرەکی تا مێژووی ئەو ژنە تۆمار بکرێت و بۆ نەوەکانی دواتر لێبدرێتەوە، میدیا دەبێت ڕەوشتیانەتر و ئەدەبیانەتر و جوانتر لەو بوارەی کە خۆی پێی هەڵدەستێت کار بکات وتی: هەندێک میدیامان هەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژنان دەڕوخێنن لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و نادروستەوە، دەکرێت لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە ئەمانە چارەسەر بکرێت، جاران میدیا لەسەر کاغەز بوو، بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەبوو، هەمیشە خوێنەری هەبوو، بەڵام ئێستا خوێنەر نییە و گوێگریش کەم بووەتەوە. دەتوانیت بە ئەرشیفکردنی ئەم مێژووە لەلایەن ئەو کەسانەی کە توانایان هەیە، ئەو دەزگایانەی دەتوانن ئەرشیفی بکەن، دەتوانین ئەو مێژووە بنووسینەوە و دواتر لەگەڵ ژنانی وڵاتاندا یەکسانی بکەینەوە و ببێتە پردێک بۆ لێکتێگەیشتن، بەداخەوە ئێمە دەزگایەکمان نییە کە ئەرشیفی مێژووی ژن بکات، تەنها یەک دەزگا هەیە ئەویش کتێبخانەی ژنی کوردە، دەزگایەکی حکومی و حزبیی تایبەت بە ئەرشیفکردن و بیرەوەریی مێژووی ژن نیمانە بەداخەوە.
شیدا مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەزموون کردارییەو وتی: من ئەگەر لە ڕابردوودا ئەزموونێکم نەبووایە تا ئێستا نەمدەتوانی ئەو وزەیەی خۆم هەبێت، ئەزموونی ژنانی وڵاتان و هەموومان دەبێت یەک ئەزموون بێت و یەک ئامانج و لێکتێگەیشتنمان هەبێت لە بوارەکاندا، هەڵبەت هەر ژنێک و بە جۆرێک ئەزموونی خۆی پیادە دەکات. ئێمە لە ڕابردوودا ژنانی شاخمان هەبوو، ئەمە بوو بە ئەزموونێک بۆ ژنانی ئێستا. ئەزموونی ژیانی هونەرمەند و نووسەر، ئەو ژنانەی بۆ خۆیان لە هەر بوارێکدا کاریان کردبێت، ئەمانە دەبنە چەمکی نووسینەوەی مێژوو و ئەرشیفکردن. دەبێت بەدواداچوونێک بكرێت لەسەر ئەو ژنانەی کە بەڕاستی ئەزموونیان هەیە تاوەکو بتوانین ئەرشیفکردنێکی زۆر گەورە و فراوان بخەینە بەرچاوی نەوەکانی ئایندە.
لە کۆتایی قسەکانیدا داواکاریی خۆی ئاڕاستەی ژنان کردو وتی: داوا دەکەم لەو ژنانەی کە ئەزموونیان هەیە لە هەر بوارێکدا، خۆیان بانگهێشتی ئەو کەسانە بکەن کە مێژوو و ئەزموونەکانیان تۆمار دەکەن، بچنە پێشەوەو پەرە بە تواناکانیان بدەن، چونکە هیچ ژنێک بێتوانا نییە، بەڵکو هەندێک جار تەنیا کات یان دەرفەتی گونجاوی بۆ تەرخان نەکراوە. هاوکات مەرجیش نییە توانای ژن تەنیا لە بواری خوێندن و فێربووندا کۆ ببێتەوە، بەڵکو لە هەر کارو ئەرکێکی دیکەی ژیاندا دەتوانێت سەرکەوتوو و پێشەنگ بێت.