لە زانکۆکانی ئێراندا خویندکاران فێری حیجاب دەکەن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی چوارەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینی "ژن ژیان ئازادی"، ڕاگەیەندرا کە ڕێنمایی نوێ سەبارەت بە باڵاپۆشی بەم زووانە لە زانکۆکانی ئێران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ناوەندی هەواڵ
سەعید کەرەمی، یاریدەدەری فەرهەنگی و سیاسیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستەی نوێنەرایەتی لە زانکۆکان، لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی مێهر ڕایگەیاند کە دیدار لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندنی باڵا سەبارەت بە سیاسەتی باڵاپۆشی لە زانکۆکان بەڕێوە چووە و بۆ ئەو مەبەستە دەقێکی نوێ ئامادە کراوە.
سەعید کەرەمی ڕایگەیاند، بەم نزیکانە ئەم ڕێنماییە لەلایەن وەزارەتی زانست و وەزارەتی تەندروستیەوە دەردەچێت. سەعید کەرەمی، کە سەرنجی بۆ یاساکانی ئێستای باڵاپۆشی ڕاکێشا، وتی کە بەسە بە سادەیی ئەم یاسایانە دووبارە دەربکرێتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بابەتە لەلایەن دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا چاودێری دەکرێت. سەعید کەرەمی هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەوەی ناوی دەنێت ڕووداوی ئازاربەخش لەسەر شەقامەکان لە زانکۆکان دووبارە نابێتەوە.
ڕاگەیاندنی ڕێنماییە نوێیەکان سەبارەت بە باڵاپۆشی ناچاری لە زانکۆکان لە کاتێکدایە کە پرسی باڵاپۆشی ناچاری بووەتە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ململانێی نێوان حکومەت و بەشێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەتایبەتی ژنان و ژنانی گەنج.
دوابەدوای تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی کە لەلایەن دەوڵەتەوە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا گەمارۆدرابوو، ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە سەرانسەری ئێران سەریهەڵدا. ئەم خۆپیشاندانانە لەژێر دروشمی ژن، ژیان ئازادی پەرەی سەندووە و بووەتە یەکێک لە بەرچاوترین ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکان لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا. دژایەتیی باڵاپۆشی ناچاری و خۆپیشاندان دژی هەڵاواردن و سنووردارکردنی بەربڵاوی ژنان لە دڵی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەدا بووە.
سیاسەتەکانی کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگی ژنان هێشتا لە کارنامەی ڕێژیمی ئێراندایە
ئێستا لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، ڕاگەیاندنی ڕێنمایی نوێ سەبارەت بە بەکارهێنانی باڵاپۆشی لە زانکۆکاندا نیشان دەدات کە سیاسەتەکانی کۆنترۆڵکردنی جل و بەرگی ژنان هێشتا لە کارنامەی دامەزراوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە. ئەم دۆخە دەتوانێت جارێکی دیکە زانکۆکان بکاتە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان سیاسەتە فەرمییەکانی حکومەت و داواکارییەکانی خوێندکاران و ئازادی ژنان.