مریەم جاگلی: ئەو ئاشتییەی ھەمووان نەگرێتەوە، ناتوانێت ئاشتی بێت

مریەم جاگلی، ئەندامی یەکێتیی ژنانی عەلەویی دیموکراتیک (DAKB)، دەڵێت: عەلەوییەکان لە دەرەوەی ڕێڕەوی ئاشتی نین، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئازادیی باوەڕ، ناسنامە، دادپەروەری و یەکسانی ناخی داواکارییەکانیان پێكدەهێنن.

ئاکین ستێرک

 

ئامەد ـ لە سایەی بەردەوامیی وتووێژەکان سەبارەت بە ڕێڕەوی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە باکووری کوردستان و تورکیا، لە بەرامبەردا وتاری ڕق و کینە و هێرشەکان کە ئامانجیان عەلەوییەکان و ناسنامە و باوەڕەکەیانەوە بەردەوامن.

 

لە ماوەی ڕابردوودا هەڵوێست و وتارێک کە لەلایەن لایەن و ناوەندە جیاوازەکانەوە دەرچوون، ناسنامە و باوەڕی عەلەوییان کردە ئامانج، ئەمەش کاردانەوە و ڕەخنەی دامەزراوە عەلەوییەکانی لێکەوتەوە، ئەم دامەزراوانە پێیانوایە کە بەردەوامیی ئەم جۆرە وتار و کردەوەیانە هەڕەشەیە لەسەر ئیرادەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و هەوڵەکانی پەرەپێدانی ژیانی هاوبەش و فرەلایەنی لاواز دەکات.

لە چوارچێوەی وتووێژە بەردەوامەکان سەبارەت بە ڕێڕەوی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە تورکیا، مریەم جاگلی، ئەندامی یەکێتیی ژنانی عەلەویی دیموکراتیک (DAKB)، ڕایگەیاند کە عەلەوییەکان لە دەرەوەی ڕێڕەوی ئاشتی نین، بەڵکو "تەواو لە دڵی ئەم ئاشتییەداین".

 

"عەلەوییەکان پشتگیریی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن"

 

ڕوونیکردەوە، کە داواکارییەکانی عەلەوییەکان سەبارەت بە ئازادیی باوەڕ، ناسنامە، دادپەروەری و یەکسانی لەگەڵ ناونیشانە سەرەکییەکانی ڕێڕەوی ئاشتیدا یەکدەگرنەوە وتی: باوەڕ و ناسنامەی عەلەوییەکان زۆر گرنگن، لە قۆناغی کۆتاییدا دەیبینین کە ئێمە لەو کەسانەین کە زۆرترین خواستی ئاشتییان هەیە، ئێمە ئاشتی بۆ خۆمان بەتەنها ناوێت، بەڵکو لە ڕاستیدا ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیمان دەوێت.

 

وتیشی: ئەمڕۆ تەنها عەلەوییەکان نین کە لە تورکیا ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە، لە قۆناغی کۆتاییدا وتووێژی گەورە هەن، ئەوان بۆ پیلانێکی گەورە کار دەکەن، ئێمە لە ڕێگەی تێکۆشانی کوردی و ئەو هەوڵانەی لە چوارچێوەیدا دراون خۆمان دۆزییەوە، لە ڕابردوودا، من تەنانەت نەمدەزانی کە عەلەوی و کوردم، بەڵام لە ڕێگەی تێکۆشانی کوردییەوە یەکمان گرت، دۆخێکی نائارامیی گەورە لە تورکیادا هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە عەلەوییەکان لە مێژوودا بەهۆی ناسنامە و باوەڕەکەیانەوە تووشى سەرکوتکاری بوون، سەرەڕای ئەوەش لەسەر لایەنگریی ئاشتی ماونەتەوە وتی: هەموو کەس دەیەوێت پشکی خۆی لەم دۆسیەیەدا هەبێت، بەتایبەتیش خاوەن بەرژەوەندییەکان کەمپینێکی دژی ئەنجام دەدەن، بەوەی دەوترێت عەلەوییەکان لە تەنیشت ئەم ئاشتییەدا نین، بەڵام من بەو شێوەیە نابینم، چونکە هەموو ئەو داواکارییانەی کە عەلەوییەکان دەیانخەنەڕوو لەم ئاشتییەدا هەن، بەتایبەتی لەو شتەی لە وتارەکەی بەڕێز ئۆجلاندا هاتووە، لە تەنیشت ئەم ئاشتییەداین و پێوەی پابەندین، چونکە هەموو داواکارییە خستنەڕووەکان بانگمان دەکەن و کێشەکانی ئێمەش دەگەیەنن، هەرچییەک بڵێن، هەڵوێستی ئێمە ئەمەیە.

 

"عەلەوییەکان و کورد تووشی ستەمی دووهێندە بوون"

 

مریەم جاگلی ڕوونیکردەوە، کە عەلەوییەکان و کورد لەلایەکەوە بەهۆی ناسنامەکەیان و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی باوەڕەکەیانەوە تووشی ستەم بوون، ڕەخنەی لەو لێدوانانەی ئەڵتان تان گرت کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد عەلەوییەکان لە دەرەوەی پرۆسەی ئاشتیدا ماونەتەوە، وتی: کاتێک ناوی ئەڵتان تان بەتایبەتی دەهێنم، بەڕراستی هەست بە خەمۆکی دەکەم، ئەویش کوردە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت کە "ئەم ئاشتییە عەلەوییەکان ناگرێتەوە"، منیش لێی دەپرسم: ئایا خۆی بەشێکە لەم ڕێڕەوە؟ و چەندە هەوڵ و تێکۆشانی پێشکەش کردووە؟ ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو دەیەوێت بەردەوام بێت لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی.

 

هەروەها وەک دەزانن، هەمیشە وتراوە کە عەلەوییەکان و کورد بە شێوەیەکی تایبەت تووشی ستەمی دوو هێندە دەبن، ستەم لەسەر ئاستی ناسنامە، ستەمێکی تر لەسەر ئاستی باوەڕ، منیش لێی دەپرسم: کاتێک عەلەوییەکان لە سووریا دەکوژران، ئایا ئەڵتان تان بەم هەموو جۆش و خرۆشەوە لە تەنیشتیانەوە وەستا؟ ئێستا چی دەوێت؟ هەوڵێکی ڕوون هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە عەلەوییەکان و دابەشکردنی ڕیزەکانیان، بەڵام ئەوان لەمەدا سەرکەوتوو نابن، چونکە ئەمڕۆ بنکەیەکی عەلەویی هۆشیار و لێهاتوو هەیە، کە خۆی دەناسێت، دەزانێت چی دەوێت، بە داواکارییەکانیەوە پابەندە و لە دەوری یەکدی کۆدەبنەوە، منیش باوەڕم وابووە کە ئەمجارە ناتوانن ئەوەی دەیانوێت بەدی بهێنن.

 

"دەبینین کە لە دڵی ئاشتیی تەواوداین"

 

سەبارەت بە کاردانەوەی بەردەوام لەسەر ئەوەی کە عەلەوییەکان لە پرۆسەی ئاشتییەوە چیان دەستکەوتووە، جەختی لەوە کردەوە، کە ئازادیی ئایینی و دادپەروەری ناوکی داواکارییەکانیان پێکدەهێنن، وتی: ئەوەی ئەمڕۆ باسی دەکرێت بۆ ئاشتی ڕاستەوخۆ بانگمان دەکات و دەستکاریی کێشەکانی ئێمە دەکات، جا دەبێت ئێمە چی زیاتر داوا بکەین؟ کاتێک سەیری ئەم قۆناغە کۆتاییە دەکەین، ئێمە خۆمان بە تەواوی لە دڵیدا دەبینین.

 

وتیشی: ئێمە پێش هەموو شتێک دەمانەوێت تورکیا کۆمارێکی ئازاد بێت، مەبەستمان چییە لە کۆماری ئازاد؟ مەبەستمان ئەوەیە کە هەر مرۆڤێک بتوانێت بە ئازادیی خۆی دەرببڕێت، هەر کەسێک بتوانێت زمان و باوەڕ و ناسنامەی خۆی دەرببڕێت، ئێمە لە سایەی ئەم قەدەغەکردنانەدا گەورە بووین، کاتێک ڕووبەڕووی ئەو قەدەغەکردنانە بووینەوە، لە پێناو تێپەڕاندنیاندا دەستمان لە دەستی یەکدی نا، منیش زۆر بە ئەرێنی و ڕوونی سەیری ئەم قۆناغە دەکەم، وەڵام و چارەسەری زۆر گرنگ بۆ عەلەوییەکان دەبن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، که بانگەوازێک هەیە بۆ دەستوورێک کە هەموو کەمایەتی و ئەو گەلانەی کە لە تورکیا دەژین، لە ئەرمەنی و لازەوە بگرە تاوەکو چەرکەس و ئەوانی تر دەگرێتەوە، بتۆوی ئاشتی چێنراوە، ئێستاش بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی ئێمەدایە بۆ ئەوەی ڕەگی بگرین و بیکەین بە ڕاستی،  ئەم ڕێڕەوە بپارێزین و پێوەی پابەند بین.

 

"با رەنگەکان بۆ گوڵەکانی ئەم ئاشتییە زیاد بکەین"

 

مریەم جاگلی جەختی لەوە کردەوە، کە عەلەوییەکان داوای دەستوورێک ناکەن کە تەنها مافەکانی ئەوان بپارێزێت، بەڵکو دەستوورێکیان دەوێت کە هەموو ئەو گەلانەی کە لە تورکیا دەژین لەخۆ بگرێت "هەموو مەرج و داواکارییەکانی کە عەلەوییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن لەم ئاشتییەدا هەن، با ڕەنگەکان بۆ گوڵەکانی ئەم ئاشتییە زیاد بکەین.

 

ڕوونیکردەوە، کە عەلەوییەکان ئەو کۆمەڵکوژی و شێوازانەی ستەمیان لە ڕابردوودا تووشیان بوون لەبیر نەکردوە، ئەو ڕووداوانەی لە مەرەش، سیواس و دێرسیم ڕوویانداوە بیرهێناوە "بێگومان، ئێمە ئەوەی چەشتوومانە لە چەوسانەوە و کۆمەڵکوژی لە ماوەی ساڵانی درێژدا لەبیر نەکردوە، لە مەرەش، نیشانەی خاچ لەسەر دەرگای ماڵەکانی عەلەوییەکان دانرا، وایان لێکرا کە بڵێن بوونیان نییە، لە سیواس، ئێمە خۆمان بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکان سەبارەت بە شیعر و کولتوور و پێشکەشکردنی پەرتوکەکانمان ئامادە دەکرد، بەڵام ئەوان گیانی منداڵەکانیان سووتاند، سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی دێرسیم، کارەسات و مەرگەساتی گەورە بوو، لە ڕاستیدا، بابەتەکە تەنها عەلەوییەکان نەبوون، بەڵکو هەوڵێک هەبوو بۆ لەناوبردنی گەلێکی کوردی بە تەواوی لەو ناوچەیەدا. ئێمە بۆ ساڵانی زۆر بێدەنگ بووین، بۆ ساڵانی زۆر ژیاوین بەو شێوەیەی کە خۆمان بە بێتوانا دەبینین، بەڵام ئەمڕۆ گەلێکمان هەیە کە متمانەی بەخۆیەتی، کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئاگادارمان هەیە لە مافەکانی.

 

وتیشی: ئێمە لە هەموو شوێنێکدا هەموو توانایەکمان لە پێناو ئاشتیدا بەکار دەهێنین، ڕاستە پرۆسەی ئاشتی بە هێواشی دەڕوات، ئەمەش مایەی ڕەزامەندیی ئێمە نییە، بەڵام پێویستە ئێمە سوور بین و بەم ڕێڕەوەوە پابەند بین، ئەوە دەبینین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەوروبەرمان ڕوودەدات، چارەسەری دەبێت بە بەشداریی هەموومان بێت، گەلی کورد و گەلی عەلەوی پێكەوە.

 

"بەتەمەنەکانمان هێشتا لە ترسا دەژین"

 

مریەم جاگلی جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگە دەبێت بتوانێت بە ئازادیی خۆی ناسنامە و باوەڕی خۆی دەرببڕێت، وتی: ترسی ڕابردوو هێشتا ئامادەیە، بەتایبەتی لە نەوە بە تەمەنەکاندا، ئەگەر ئێمە لە پێناو ئەممەدا کار نەکەین، ئەوا نەک تەنها کورد و عەلەوییەکان لە تورکیا نامێنن، بەڵکو تورکیا بە تەواوی زیانی پێ دەگات، پێویستە لە پێش هەموو شتێکەوە بتوانین خۆمان بە ئازادی و ئاسوودەیی بناسێنین، ناچار نەبین کە ناسنامەی خۆمان بشارینەوە، هێشتا ئەم ترسە ئامادەیە، بەتایبەتی لەلای بەتەمەنەکان.

 

ئەو هەڵوێستەی بیرهێناوە کە لەم دواییانەدا تێیدا تێپەڕیوە و وتی: بەم دواییە چوومە دێرسیم، کاتێک لەوێ لە هەندێک کەسی بەتەمون نزیک بووینەوە، بە یەکێک لە بەتەمەنەکانم وت (چۆنیت خاڵە؟) لە وەڵامدا وتی: (من باشم)، بەڵام ئەوەی بەڕاستی منی جووڵاند ئەوە بوو کە دواتر وتی(ئێمە زۆر شتمان بەسەر بردووە، زۆر شتمان بینیوە.) پاشان وازی لە قسەکردن هێنا، لە ترسدا، وتی( کچەکەم وازی لێ بێنە قسە مەکە)، ئەوە بە قووڵی کاریگەری لەسەر بووم، بۆچی هێشتا بەتەمەنەکانمان ناتوانن تەنانەت یەک گوڵی ئارامیش ببینن؟ ئەمەش دەمانروژێنێت و ئازارێکی قووڵمان پێدەبەخشێت، هەر بۆیە دەبێت ئەم هەستە بە گەلەکەمان بگەیەنین، هیوا و متمانەیان پێ بدەین، بۆ ئەوەی ئەو ترسەی لە ڕابردووەوە ماوەتەوە لە ژیانماندا ئامادەیی نەمێنێتەوە.

 

 

"ئاشتی بە هێواشی دەڕوات بەڵام هیوامان لەدەست نەداوە"

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە پرۆسەی ئاشتی بە هێواشی پێشڕەویی دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا وتی: سەیری داهاتوو ناکەین بە بێهیوابوونەوە، با هەموومان پێکەوە هەوڵەکانمان بخەینەگەڕ، بتوانین باوەڕەکانمان بە ئازادی و ئاسوودەیی بکەین، بگڕێینەوە بۆ ئەنجومەن و ڕێوڕەسیمە ئایینییەکانمان، باسی ئاشتی هێشتا بە هێزەوە بەردەوامە، ئەو دەنگانەی داوای دەکەن هێشتا زیندوون، بەڵام تێکۆشان لەم کاتەدا لە یەک لایەنەوە دەڕوات، لە لایەن دەوڵەتەوە، شتەکان تا ڕادەیەک بە هێواشی پێشڕەویی دەکەن، و ئەمەش بەڕراستی بێزارمان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، من سەیری بابەتەکە ناکەم بە بێهیوابوونەوە، بەردەوام دەبین لە سووربوون و هەمیشە بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی هەموو توانایەکمان لە پێناو ئەم کێشانەدا، ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ڕەزامەندیی گەل و کۆمەڵایەتیمانە بە هیچ شێوەیەک شەڕمان ناوێت، نامانهەوێت هیچ خوێنێک لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا بڕژێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەگەر بڕیارە لەم کەشتیەدا نوقم ببین، یان ئەگەر بمانەوێت بگەینە ئازادی، دەبێت پێکەوە بین، تورکیا بەشی ئەوەندە ئازاری تێپەڕاندووە، گەلەکەی بە ڕادەی پێویست تووشی کارەسات و ئازار بوو، پێویستە لەسەر بنەمای ڕەزامەندی کۆمەڵگە یەکبگرین