شێرا ئۆسێ: پێویستە ژنانی سووریا هاوپەیمانیی خۆیان پێكبهێنن
شێرا ئۆسێ، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک "مەسدە" دەڵێت: لەم کاتەدا کە نەخشەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشردێت، پێویستە ژنانی سووریا مەترسییەکانی بەردەمیان بە جدی ببینن و هاوپەیمانیی خۆیان پێکبهێنن.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ - چاودێری مافەکانی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاند، کە ئەوان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە ٣٠٧ تاوانیان لە پارێزگاکانی سووریا بەڵگە کردووە، لە ئەنجامدا ٣٣٥ کەس کوژراون، لە ناویاندا ٢٦٤ پیاو، ٢٥ منداڵ و ٤٦ ژن هەن، بەڵام ڕاپۆرتێک کە لەلایەن تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤەوە بڵاوکرایەوە، کوژرانی ٢٩ هەزار و ٦٤ ژنی بەهۆی جەنگی سووریاوە لە ئازاری ٢٠١١وە تا ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بەڵگە کردووە کە لەو ژمارەیە ٢٢ هەزار و ٩٢ ژن کوژراون، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ تا ئابی ٢٠٢٦ هیچ ڕاپۆرتێک ئامادە نەکراوە و کوشتن بەڵگە نەکراوە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هاتنی چەتەکانی هەتەشە بۆ سەر دەسەڵات، دۆخی سووریا ئاڵۆزتر بوو، پێش ئەوەی ڕژێم بڕووخێت و لەگەڵ ڕووخانیدا تاوەکو ئەمڕۆ لە سووریا ڕووداوەکانی کوشتن کەم نەبوونەتەوەو ڕۆژێک یان مانگێک بێ ئەوەی دەیان کەس تێیدا بکوژرێن تێناپەڕێت.
تاوانەکانی کە لە سایەی جیهادییەکانی هەتەشەدا ڕوودەدەن، ئاستی تێکچوونی یاسایی لە سووریا دەخەنەڕوو، دەردەکەوێت کە مرۆڤ لێرە بە شێوەیەکی ئاسان و بێ سزا دەکرێت بکوژرێن.
شێرا ئۆسێ، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک "مەسدە" لە ئاژانسەکەمانەوە بە وردی باسی لە دۆخی سووریا و پێداویستییەکانی ئێستای ژنان کرد.
ئاڵۆزی بەردەوامە...
شێرا ئۆسێ ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە ناوچەیەکی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، هەروەها دەستنیشانی کرد کە ناوەندی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سووریایە، بووەتە ناوەندێک بۆ پاڵاوتەکردنی هەژماری هەرێمی و نێودەوڵەتی و جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکان و وتی: نەخشەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشرێت و سووریا شوێنی گرنگ و سەرەکیی خۆی تێیدا دەگرێت، ئەمەش بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هاتنی حکومەتی کاتی کە هەموو دەمار و ناوەندەکانی سووریا کەوتنە ژێر کۆنترۆڵیانەوە، یەکەم هەنگاوی خۆی نا، سەرەڕای ئەوەی دوو ساڵە حکومەتێکی کاتی سووریا بەڕێوەدەبات بەڵام ئاڵۆزییەکان بەردەوامن و چارەنووسێک بۆی نەدۆزراوەتەوە، لە ڕووی ئابوورییەوە ئەمڕۆ لە ٩٠٪ی سوورییەکان لە ژێر هێڵی هەژاری و دەستەوسانیدا دەژین، هەروەها لەم ڕووەی دۆخەکە زۆر خراپە و هێشتا هاوڵاتی مەدەنی دەکوژرێن، دەرفێندرێن و ئەشکەنجە دەدرێن، ئێمە ڕووداوەکانی حومس، حەلەب، ئیدلیب، سوەیدامان بینی، هێشتا لە پارێزگاکانی سووریا شەڕ و پێکدادان بەردەوامن و لەبیرمان نەچێت ئاڵۆزیی سیاسییش لەگەڵیدا بەردەوامە.
”پیاوان لە ماڵەکان بوون بەڵام ژنان لە مەیدانەکان بۆ ئازادی و یەکسانی هاواریان دەکرد”
شێرا ئۆسێ باسی لە هیواکانی گەل و ژنانی سووریا کرد بۆ پێکهێنانی سووریایەکی ڕەنگین، دیموکراتیک و خاوەن مافی هەموو پێکهاتەکان و وتی: ئەنجومەنی گەل نموونەی هەرە بەرجەستەیە، ژنانی سووریا خاوەن خەبات و تێکۆشانن، ئەوانەی لە سەرەتاوە سەرەڕای زەخت و زۆریی ڕژێمی بەعس هاتنە دەرەوە و لە مەیدانەکان بانگەوازی ئازادییان کرد، لەو کاتەی کە پیاوان لە ماڵەکان و ژنان لە مەیدانەکاندا داوای ماف، یەکسانی و ئازادییان دەکرد، لە نیوەی ئەو سەدەیەی کە ڕژێمی بەعس سووریای کۆنترۆڵ کردبوو، ژنان بێ ماف بوون، یاسای باری کەسێتی نموونەیەک بوو، یەکێتی ژنانی سووریا لە جاراندا ژنانی ئاراستەی لایەنی جیاواز دەکرد، ئاراستەی سیاسەت و ناوەندەکانی بڕیاردانی نەدەکردن، ئەوان تەنها بە کاریچنین و ئارێشتگاییەوە خەریک دەکردن و هێزیان کەم دەکردەوە، لەبەر ئەوە ئەوانەی لە سەرەتادا هاتنە سەر خۆپیشاندانەکان و لە زیندانەکانی ڕژێمدا ژیانیان لەدەستدا دیسانەوە ژنان بوون، دیمەنی ئەو ژنانەی لە سەیدنایا دەردەچوون و منداڵەکانیان لەگەڵیاندا بوون، ڕاستی ژنانی لە سووریا ئاشکرا دەکرد لەبەر ئەوە ژنانی سووریا شۆڕشگێر بوون، هیوایان هەبوو کە ڕۆژێک سووریایەکی دیموکراتیک، فرەنەتەوەی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان پێکبێت، بەڵام ئەم شتە نەبوو.
ژنانی سووریا بێهیوابوون و شکان ئەزموون دەکەن
شێرا ئۆسێ ڕوونیکردەوە، کە لە پەیوەندییەکانی خۆیدا لەگەڵ ژنانی سووریا، بێهیوابوون و شکانێکی لە لای ئەوان بینیوە و وتی: لەبەر ئەوەی لە زۆرێک لەو هەنگاوانەی نران ژنان نەبوون، ڕێژەی بوونی ژنان لە ئەنجومەنی گەلدا زۆر کەم بوو، بینینی دیمەنی ئەنجومەنەکە کە تەنها ژنێک لەم لادا و یەکێک لەو لادا هەبوو، بۆ ئێمەی ژنانی مەسدە جێگەی ئازار بوو، لەبەر ئەوەی هیواکانی ئێمە ئەوانە نەبوون، دووەم تاوەکو ئێستا دەستوور بە ئەقڵی پیاو نووسراوە، مافی ژنانی نەناسیوە و بەبێ ڕێبازی ئەوان نووسراوە، دەستوورێک کە مافەکانی ژنان نەخاتە ژێر مسۆگەرییەوە و یاسایەک کە پارێزگاری لە مافەکانی ژنان بکات بوونی نییە، دۆخی ژنان لە سووریا زۆر بەرچاوە، لە کوشتنەوە تاوەکو ڕفاندنی ئازار و بێمافییان بەردەوامە، پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێتەوە کە لە مێشکی ئێمە و هەموو ژناندا هەن، کە ”بیت ئخوات” یان "ماڵی خوشکان" چییە، کێ لە ناویدایە و لەلایەن کێوە بەڕێوەدەچێت، ئەم وەڵامانە خۆیان بەرپرس و حکومەتی کاتی دەیدەنە ئێمە، لە حکومەتی کاتیدا هیچ چەمکێک بە ناوی مافەکانی ژنانەوە بوونی نییە، لەبەر ئەوەیە کە دەنگی ژنانی سیاسەتمەدار لە ناوخۆی سووریاوە دەرنەچووە و حکومەت لە دەنگی ئەم ژنانە دەترسێت، لەبەر ئەوە ڕێگا نادەن ژنان لە مەیدانی سیاسی و دەستوورییدا جێگە بگرن.
بە بڕوای مەسدە چەند هەنگاوێک کە پێویستە لە دەستووری سووریادا بنرێن
شێرا ئۆسێ سەرنجی خستە سەر چەند هەنگاوێک کە پێویستە لە دەستووری سووریادا بنرێن و وتی: پێویستە ژنان مافی دەستووریی خۆیان بخەنە ژێر مسۆگەرییەوە، ئەم مافە نابێت ڕووکەش بێت بەڵکو دەبێت لە سووریا کارا بکرێت، ساڵێکە دەستوور نووسراوە بەڵام ئەی ئەو یاسایانەی کارا کراون کامەن؟ هیچ یاسایەک نییە، لەبەر ئەوەی وەک دەستووری ٢٠١٢ و ئەوانەی پێش خۆیەتی، پێویستە ڕێبازی ژنانی سووریا لە دەستووردا جێگە بگرێت و مافەکانیان بخرێنە ژێر مسۆگەرییەوە لەبەر ئەوەی دەستوور شێوەی حکومەت و دەوڵەت نیشان دەدات، گرنگە هاوڵاتیبوونی یەکسان لە چوارچێوەی دەستووری سووریادا کارا بکرێت، تاوەکو دەستدرێژی نەکرێتە سەر ژنان، دایکان لە منداڵەکانیان بێبەش نەبن و ئەو هۆشیارییەی کە منداڵ هی باوکە، بگۆڕرێت، بە یاسا ڕێگری لە ئەقڵیەتی باوک، برا و هاوژین دەکرێت کە ڕۆژانە توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن و دەیانکوژن.
هەروەها جێگەی نیگەرانییە کە کرێی ژنان وەک پیاوان نییە، لەبەر ئەوەی کاتێک باس لە سووریایەکی بونیادنراو لەسەر هاوڵاتیبوونی یەکسان دەکەین پێویستە لە سەرەتادا کرێی ژنان و پیاوان یەکسان بێت، لە مافەکانی ژنانە کە لە ناوەندەکانی بڕیاردان، لیژنەی نووسینەوەی دەستووردا هەبن و کۆتایان زیاتر لە ٤٠٪ تا ٥٠٪ بێت لە ئەنجومەنی گەلدا، نەوەک لە ٤٪ کە ناتوانێت هیچ یاسایەک دەرکات و پارێزگاری لە ژنان بکات، پێویستە دەنگی ژنانی سووریا بەهێزتر دەرچێت، لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە یاسایەک هەبێت ژنان لە ژیانی سیاسیدا بەهێزتر جێگە بگرن، ئەزموونی ئێمە وەک ژنانی مەسدە لەم لایەنەشدا هەیە، ژنانی سووریا کە دەتوانن ئەم کارە بەڕێوەبەن و پێشڕەویی بۆ بکەن هەن، پێویستە حکومەتی کاتی ئەم یاسایانە کارا بکات تاوەکو ژنان بتوانن بە پارێزراوی بژین، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خاوەن ئەزموونێکە، هاوپەیمانیی ژنانی هەبوو، سیستەمی سەرۆکایەتیی هاوبەش و کۆتای ٥٠٪ لە دامەزراوەکاندا هەیە پێویستە ئەم دەستکەوتانە بپارێزرێن، پێویستە یەپەژەش لە سوپای سووریادا جێگە بگرێت، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر ژنان پێویستیان بە هێزێکی خۆپاراستن هەیە.
بە هەنگاوی یاسایی، ئابووری پاراستنی ژنان و منداڵان لە بەرامبەر کوشتن و دەستدرێژیدا
شێرا ئۆسێ تاوان و پێشێلکارییەکانی دژ بە مافی ژنان و منداڵانی کچ لە سووریا بەبیر هێناوە و مەترسییەکەی کە ژنان و منداڵانی کچ لە نەبوونی یاساکاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە وتی: دۆخێکی مەترسیدار و پڕ لە ئازارە کاتێک منداڵێکی کچ لەلایەن مامی خۆییەوە تووشی دەستدرێژیی سێکسی دەبێت، لەلایەن باوکی خۆییەوە دەکوژرێت، زۆرێک لە منداڵانی تازە لەدایکبوو لە بەردەم دەرگەی مزگەوتەکاندا دەبینرێن و منداڵی سواڵکەرن، دەبینرێن، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە تاوەکو ئەم چرکە ساتە ئاڵۆزییەکەی سووریا بەردەوامە و نەبوونی یاساکانی پاراستنی مافی ژنان و منداڵان بووەتە هۆی ئەوەی ژنان و منداڵانی ئەم وڵاتە بکەونە ئەم دۆخەوە، منداڵانیش لە سووریا بێمافن، دەکوژرێن و تووشی دەستدرێژی دەبن، ئەم هەموو ڕووداوی کوشتنە لە سووریا دەردەخەن کە تێکچوونێک هەیە و بۆ دەرکردنی یاساکان، حکومەت بەرپرسیارە، لە جاراندا بیانووەکە ئەوە بوو کە ڕژێمی ئەسەدی ڕووخاو ناتوانێت ئەم تێکچوونە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئەمڕۆ ناوچەی سووریا بە قۆناغێکی گواستنەوەدا تێدەپەڕێت، دوو ساڵ لە چوار ساڵی ئەم قۆناغە تێپەڕی ئایا لەو دوو ساڵەی ماوەدا هیواکانی پاراستنی ژنان و منداڵان جێبەجێ دەبن؟ نەبوونی یاساکان دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەکان لە سووریا، لەبەر ئەوە پێویستە هەنگاوی یاسایی، ئابووری بنرێن تاوەکو ئێمە بتوانین لە بەرامبەر کوشتن و دەستدرێژیدا پاراستنی مافی ژنان و منداڵان بکەین.
ژنانی سووریا و پێداویستییەکانیان
شێرا ئۆسێ لە کۆتاییبقەسەکانیدا بۆ ژنانی سووریا وتی: ژنانی سووریا لە مەترسییەکی گەورەدان. لەبەر ئەوەی مافی سیاسی، بەڕێوەبەری و یاساییان نییە، داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە ژنانی سووریا لەسەر مێزێک کۆببنەوە و دۆسیەکانیان بە شێوازێکی جدی گفتگۆ بکەن، ژنانی سووریا دەتوانن ئەم هەنگاوە بنێن و بۆ پێکهێنانی سووریایەکی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان خەبات بکەن و خۆیان ڕێکخستن بکەن، ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بە دروستکردنی هاوپەیمانیی ژنانە لە سووریا لەبەر ئەوە پێویستە ژنانی سووریای دەرەوەی وڵات ڕوو بکەنە سووریا و بۆ ئەم هاوپەیمانییە کار بکەن، پێویستە ئەمڕۆ ئێمە وەک ژنانی سووریا کۆبینەوە و ستراتیژی خۆمان بنووسین، لە سەرەتادا پێویستە بۆ مسۆگەرکردنی و دەستخستنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆمان تێبکۆشین، ئێستا دەنگی ژنانی سووریا کەم کەم دەبڕدرێت. بۆ ژیانی سیاسی و دەستخستنی مافەکانمان با دەنگمان بەرز بکەینەوە، بوونی خۆمان بسەپێنین، لەبەر ئەوەی لە سووریادا بوونی ژنانیش ئیتر ون دەبێت و لەدەستی دەدەین، داواکاریی ئێمە لە ژنانی سووریا ئەوەیە کە دەست بە هاوپەیمانیی ژنان بکەین، تاوەکو خەبات بۆ سووریایەکی لەسەر بنەمای مافی ژنان و منداڵان، یەکسانی، دادپەروەری و دەستخستنی مافی هەموو نەتەوەکان، ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەم کاتە کاتی ئێمەیە کە بە یەکەوە کار بکەین.