دەستپێشخەری "لە بیرۆکەوە بۆ پڕۆژە" کە بۆ پاڵپشتیکردن لە بەهێزکردنی ئابووری ژنانی عێراقە کۆتایی دێت
بەغدای پایتەختی عێراق شایەتحاڵی کۆتایی هاتنی دەستپێشخەریی "لە بیرۆکەوە بۆ پڕۆژە" بوو، کە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ژنانی خاوەنکار و گۆڕینی بیرۆکەکانیان بۆ پڕۆژەی بەردەوام و بەرزکردنەوەی بەشداری ئابوورییان و ڕەخساندنی هەلی کار بوو.
رەجا حەمید ڕەشید
عێراق-دەستپێشخەریی "لە بیرۆکەوە بۆ پڕۆژە" کە هەوڵێکی هاوبەشی نێوان گروپی نیشتمانیی ژنانی عێراق و ڕێکخراوی بەهێزکردنی ژنانە، دوێنێ ٢٢ی ئەیلول لە بارەگای کۆمەڵەی بانکە عێراقییەکان لە بەغدا کۆتایی هات، لە چالاکییەکەدا خستنەڕووی باشترین دەستپێشخەرییەکانی پڕۆژەی ئابووری بوو کە لەلایەن ژنانەوە پێشکەشکرابوون.
لە چالاکییەکەدا، شاندێکی باڵیۆزخانەی سوید و نوێنەرانی سەرۆکایەتی کۆمار و نوێنەرانی چەندین وەزارەت و دامەزراوەی حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەبوون, ئەم ئامادەبوونە جەختی لەسەر ئامانجی دەستپێشخەرییەکە کردەوە کە پشتگیریکردنی ژنانە لە پەرەپێدانی بیرۆکەی کارگێڕییان و گۆڕینی بۆ پڕۆژەی ئابووریی بەردەوام، بەمەش بەشداری ئابوورییان بەرزتر دەبێتەوە و سەرچاوەی داهاتی بەردەوام و هەلی کار دروست دەکات.
سەربەخۆیی ئابووری ڕۆڵی ژنان بەهێز دەکات

لە وتارەکەیدا، زەفاف جەراح، ڕێکخەری گشتی گروپی نیشتمانیی ژنانی عێراق، دووپاتی کردەوە، کە لە دوای دامەزراندنی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ژنان لە ٨ی ئابی ٢٠٢٤، دەستپێکردنی بە فەرمی چالاکییەکانی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، هروپی نیشتمانی هەوڵی داوە ڕێگایەکی ڕوون و ئامانجدار بگرێتەبەر بە بونیادنانی ڕێڕەوی کار لەسەر بنەمای تۆڕ و تێکەڵبوون لەگەڵ کەرتە جیاوازەکان، کە زۆربەیان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین، گروپی نیشتمانی ئامانجی ئەوەیە ببێتە سەکۆیەک بۆ بەستنەوەی وزەی ژنان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی چوارچێوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، وەک ستراتیژی نیشتمانیی ژنانی عێراق و ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
ڕوونیشیکردەوە، کە بەهێزکردنی ئابوری ژنان تەنها بژاردەیەکی گەشەپێدان نییە، بەڵکو پایەیەکی بنەڕەتی و مسۆگەرییەکی ڕاستەقینەیە بۆ دڵنیابوون لە ئامادەبوونیان و بەشداریکردنی کارایان لە کۆڕ و ناوەندە جیاوازەکانی بڕیاردان، هەروەها سەربەخۆیی و توانای ئابووری هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەر.
بەهێزکردنی ژنان و دروستکردنی دەرفەت

سۆزان عارف، سەرۆکی ڕێکخراوی بەهێزکردنی ژنان، ستایشی هاوکاری بەرهەمدارانەی نێوان ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ژنان، ئاڵا تاڵەبانی، گروپی نیشتمانیی ژنانی عێراق، دامەزراوە حکومییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێشخەریی "لە بیرۆکەوە بۆ پڕۆژە" بونیادنانی توانا و ڕێنمایی و بەکارهێنانی پراکتیکی تێکەڵ دەکات، یاوەری بەشداربووان دەکات لە گەشتێکدا کە لە بیرۆکە و دەرفەتی سەرەتاییەوە دەستپێدەکات، لە ڕێگەی دیزاین و نووسینی پێشنیارەوە بەردەوام دەبێت، دەگاتە لوتکە بە پێشکەشکردن و پیشاندانی باوەڕپێکردنی پڕۆژەکە.
ڕوونیشیکردەوە، گرنگی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە زیاتر دەبێت کاتێک ڕەچاوی ڕاستی بەشداریی ئابووری ژنان لە عێراق دەکرێت، بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٥، ڕێژەی بەشداریکردنی ژنانی تەمەن ١٥ ساڵ و سەرووتر لە هێزی کاری عێراقیدا نزیکەی ١٠.٩٪یە، لەکاتێکدا بۆ پیاوان ٧٢.٦٪ییە، هەروەها ئەم بۆشاییە جەخت لەسەر گرنگی وەبەرهێنان لە تواناکانی ژنان و فراوانکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە دامەزراندن و کارگێڕی و سەرچاوە ئابوورییەکان دەکاتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ڕێکخراوی بەهێزکردنی ژنان پێی وایە کە بەهێزکردنی ئابووری ژنان تەنها لە دابینکردنی سەرچاوەیەکی داهاتدا سنووردار نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی خاڵی چوونە ژوورەوەی بنەڕەتییە بۆ بەرزکردنەوەی سەربەخۆیی ئابووری و متمانە بەخۆبوون و توانای بڕیاردان و بەشداری چالاکانە لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، هەروەها دەستپێشخەرییەکە ئەو چەمکە بەهێز دەکات کە ژنان تەنها سوودمەند نین، بەڵکو هاوبەشی چالاکن لە گەشەپێدان و دروستکەری دەرفەتەکان.
سۆزان عارف لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ڕووداوەکەی دوێنێ کۆتایی دەستپێشخەرییەکە نەبوو، بەڵکو سەرەتای ڕێگایەکی نوێ بوو کە تیایدا بیرۆکەکان دەگۆڕدرێن بۆ پڕۆژە، پڕۆژەکان بۆ دەرفەت و دەرفەتەکان بۆ چیرۆکی سەرکەوتن کە بتوانن ئیلهامبەخش بن بۆ ژنانی دیکە.
ژنە خاوەنکارە بەڵێندەرەکان

وەتنە تەیار، نوێنەری ڕێکخراوی بەهێزکردنی ژنان، پێداچوونەوەی بە قۆناغەکان و دەرەنجامە سەرەکییەکانی دەستپێشخەرییەکەدا کرد و وتی: نزیکەی ١٦٥ داواکاری وەرگرتووە کە بیرۆکە و پڕۆژەی جیاواز لەخۆدەگرێت، ئەم ئەپلیکەیشنانە ڕەنگدانەوەی توانا و خواستی بێئەندازەی ژنان و خواستی چوونە ناو بوارەکانی کار و بەرهەمهێنان و کارگێڕی بوون.
بە پشتبەستن بە داتای فەرمی ڕێکخراوی ئاماری ناوەندی و دەسەڵاتی سیستەمی زانیاری جوگرافی، وەتنە تەیار ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێژەی چالاکیی ئابووری بۆ ژنان لە عێراق نزیکەی ١٣.١٪یە، لە کاتێکدا بۆ پیاوان ٦٥.٩٪ بووە.
ڕوونیکردەوە، کە توێژینەوەکان کە لەلایەن ڕێکخراوی ئاماری ناوەندی و بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدراون دەریانخستووە کە ژنان ڕووبەڕووی کێشەی گەورەتر دەبنەوە لە پیاوان لە دەستڕاگەیشتن بە دارایی، لەگەڵ ٥١٪ زیانیان لە کارگە بچووک و مامناوەندەکان، هەروەها لە گرنگترین چارەسەرەکان بۆ پشتگیریکردنی ژنان دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوی کارکردنە لە کەرتی تایبەت و بۆ بزنسە بچووکەکان، ئەمە جگە لەوەی ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە دارایی.
چالاکییەکە بە پێشکەشکردنی سێ پڕۆژەی براوە کۆتایی هات:
پڕۆژەی "تەمرا" لەلایەن خاوەنکار ڕەسل عەلا سۆبحی: ئەم پڕۆژەیە گرنگی بە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خورمای پریمیۆم دەدات کە پڕکراوە و بە شوکولاتە داپۆشراوە، بە بەکارهێنانی پاکەتێک کە بەهای بازاڕیان بەرز دەکاتەوە، کۆمەڵێک بەکارهێنەری بەرفراوان لە کەرتی دیاری و بۆنە تایبەتەکاندا دەکاتە ئامانج.
پرۆژەی " پەشمەک" لەلایەن خاوەنکار زەینەب ڕەعد جاسم: ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە دروستکردنی شێوەی تایبەت لە پەشمەک، لەوانەش گوڵ و کارەکتەری کارتۆنی، بۆ فرۆشتن لە مۆڵ و ناوەندەکانی بازرگانی، خێزان و منداڵ و گەنج دەکاتە ئامانج.
پڕۆژەی "پلاتفۆرمی زنجیرە بەهای دیجیتاڵی بۆ خۆراکی کشتوکاڵی (زنجیرەی بەها)" لەلایەن خاوەنکار نەریمان حسێن محەمەد: ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایل کە جوتیاران و دابینکەران و کارگەکانی خۆراک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەشداری دەکات لە نەهێشتنی ناوەندە نەریتییەکان وەک سیستەمی "عەلوا".