شۆخ محەمەد: خەتەنەی مێینە کولتوورو چاولێکەرییە نەک ئاینیی

خەتەنەکردنی ژنان،کردەیەکی نامرۆڤانە و ناتەندروستە کە ژیانی ژنان دەخاتە مەترسیەوە وپێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤایەتییە، شۆخ محەمەد، ڕێکخەری ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان دیاردەکە کەمبووەتەوە بەڵام لە هەندێک ناوچە هەر ماوە.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_خەتەنەکردن کۆنترین نەشتەرگەرییە کە لای مرۆڤ ناسراوە، ڕەنگە وەک فۆرمێکی کەمتر ڕادیکاڵ لە بڕینی ئەندامی زاوزێ سەریهەڵدابێت کە بەسەر دیلەکانی جەنگدا دەسەپێندرێت، بە تێپەڕبوونی کات لەلایەن قەشە و ئاغاکانی میسرییەوە وەرگیرا، ڕەنگە لە ئەفسانەی ئۆسیریسەوە ئیلهامیان وەرگرتبێت.

 

لە هەنێک ناوچەدا  منداڵە کچەکان هێشتا بەهۆی هەندێک کارە زیانبەخشەکانەوە تووشی زەبر و زەنگ دەبن،ئەم کچانە بە پێچەوانەی ویستی خۆیانەوە بەردەوامن لە بەردەم ئەم کارانە، لە ژێر نیگای بێبەزەییانەی چەقۆی تیژدا فرمێسک دەڕێژن، کە بە بێدەنگییەکی تەواوەوە بڕینەکەیان ئەنجام دەدەن. نە فرمێسکەکان، نە ناڵە ناڵەیەکان، تەنانەت کەمتر ڕۆیشتنی خوێن لە کاتی نەشتەرگەریدا. وای نەکرد  خەتەنە بوەستێت.

 

خەتەنەکردن بە هۆکاری کولتووری و ئایینی و کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت، زۆرجار بە ڕێوڕەسمی تێپەڕین بۆ گەورەیی، مەرجی هاوسەرگیری یان ئامرازێک بۆ پاراستنی کچێکی کچ دادەنرێت،ئەوان پێشێلی مافەکانی منداڵان دەکەن، جۆرێکن لە توندوتیژی دژ بە ژنان کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان و تەندروستی دەروونیان هەیە، خەتەنەکردن دەبێتە هۆی ئاڵۆزی جددی وەک هەوکردن، خوێنبەربوون، ئازاری درێژخایەن، کێشەی میزکردن و منداڵبوون بە سەختی. هەروەها دەتوانێت کاریگەری دەروونی هەبێت وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون.

 

خەمڵاندن: ڕێژەی زۆری مردنی دایکان پەیوەندی بە خەتەنەوە هەیە

بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، یونیسێف، بانکی جیهانی و بەشی دانیشتوانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەی خەتەنەکردنیان زۆرە، ڕێژەیەکی زۆر و ژمارەی مردنی دایکانیشیان هەیە. لە نێوان ئەو چوار وڵاتەی کە زۆرترین ژمارەی مردنی دایکانیان لە جیهاندا هەیە، دوو وڵات ڕێژەی تووشبوون بە خەتەنەکردنیان زۆرە. لە نێوان هەموو ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەی بڵاوبوونەوەیان زۆرە، پێنج وڵات ڕێژەی مردنی دایکانیان هەیە کە ٥٥٠ یان زیاترە لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵی زیندوو.

 

لە سەردەمی ئێستادا، زانست و پزیشکی بەڕوونی پشتڕاست دەکەنەوە کە هیچ سوودێکی تەندروستی نیە بۆ خەتەنەکردنی ژنان، بەڵام بە پێچەوانەوە زیانەکانیدا درێژخایەن و هەندێک جار نادیار دەبن، چونکە قسەکردن لەسەری لە ژێر سایەی ترس و تابوو دەمێنێتەوە. ئەمە وای کردووە ئەم بابەتە نەک تەنها کێشەیەکی پزیشکی، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤایەتی بێت.

 

کۆتایی هێنان بە خەتەنەکردنی ژنان پێویستی بە تێکچوونی نەریتە زیان ‌بەخشەکانە، هۆشیاریی کۆمەڵگە و بوونی دەنگی ئەو ژنانەیە کە تووشی ئەم کردەوەیە بوون، گۆڕانکاری ڕاستەقینە ئەو کاتە دەستپێدەکات کە کۆمەڵگە بپەسێنێت ژیانی ژن نە شوێنێکە بۆ تاقیکردنەوەی نەریت، بەڵکو مافێکی سەربەخۆیە کە پێویستە پارێزراو بێت.

 

شۆخ محەمەد، رێکخەری پڕۆژەکانی وادی ئەڵمانی لە سلێمانی هەڵسەنگاندی بۆ باتەتەکە کردو دەربارەی کارەکانیان بۆ ڕێگری لەم دیاردەیە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"لە هەرێمی کوردستان دەیاردەکە کەمبووەتەوە بەڵام هەر ماوە"

شۆخ محەمەد وتی: ئێمە نزیک دەبینەوە لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە کە ٦ی شوباتە، بە دڵنیایی ئەمە دیاردەیەکی جیهانییە و بەداخەوە لە هەرێمی کوردسانیش ئەم دیاردەیە هەیە، ڕێکخراوی وادی بە فەرمی لە٢٠٠٤  ەوە  ئیش دەکات لەسە ئەم بابەتە و ئێمە تا ئێسا بەردەوامین و کاری لەسەر دەکەین، بە خۆشحاڵییەوە ئەم دیاردەیە زۆر کەم بۆتەوە و لە ناوچەکانی گەرمیان،هەڵەبجە،دەتوانین بڵێن بە ڕێژەیەک کەم بۆتەوە کە نەماوە، ئێمە سالانە داتای خۆمان بڵاو دەکەینەوە لەو ناوچانە و چەن سالێکە داتای خەتەنەکردنی مێینە لە ناوچەکانی هەڵەبجە و گەرمیان سفرە، بەڵام لە هەندێک ناوچەی دیکە وەک هەولێر و ڕانیە ئەمانە هێشتا خەڵک بروای وایە کە دەبێت خەتەنەکردن ئەنجام بدات و بە دوای کەسانێکدا دەگەڕین کە ئەنجامی بدات، بە دوای مامانێک یاخود ژنێکدا دەگەرێن کە خەتەنەکردنیان بۆ ئەنجام بدات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا بەشیکە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەبەر ئەوەی کە خەڵک ئاگادارن کە ئەم یاسایە هەیە و قەدەخە کراوە ئەمە وایکردووە قورس بێت کەسێک بدۆزنەوە کە ئەو کارە ئەنجام بدات، سەڕەرای هەموو ئەو رێگریانە بەداخەوە حاڵەت هەر هەیە و زۆر بە نهێنی ئەنجام دەدرێت و ئێمە وەک ڕێکخراو چاودێری دەکەین و کار دەکەین بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئەو حاڵەتانە بدۆزینەوە، ئەگەر مامان یاخون ئەو کەسەش نەدۆزینەوە کە ئەنجامی داوە، لەو ناوچەیەی کە حاڵەتەکەی تێیدا ڕوویداوە سیمینار ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی نامە و پەیامەکانمان بگات لەو ناوچانەدا.

 

 

" ڕۆڵی ژنان گرنگە کە بتوانین بیرکردنەوەیان بگۆڕین"

لە درێژەی قسەکانیدا و سەبارەت بە هۆشیاری کۆمەڵگەو کاریگەری نەریت و ئاینەکان لەسەر خەتەنەکردنی مێینە شۆخ محەمەد وتی : هۆشیاری کۆمەڵگە لەسەر هەموو بابەتەکان و بەتایبەت ئەم بابەتە زۆر گرنگەو کاریگەری درێژخایەن دروست دەکات، ڕاستە لە بارەی ئیشکردن لەسەر بابەتی خەتەنەکردن ساڵی یەکەم و دووەم قورسی و ڕێگری زۆر دروست دەبێت بەڵام لە ساڵانی دوای ئەوە کاریگەری زۆر دروست دەکات، ئێمە لە چەندین شوێن کارمان کردووە ژنان لە تەمەنی ٥٠ و ٦٠ ساڵیدا و پاش چەن ساڵیک لە کارکردن گەشتۆتە قەناعەت و پێی وتوین کە ئیتر ئەو کارە ئەنجام نادەم، هەموومان دەزانین کە ڕۆڵی دایە گەورە یاخود ژنان کە دەچنە تەمەنەوە لە ناو خیزان و کۆمەڵگەدا قسەکانیان گەورەیە و کاریگەرەی هەیە، لەبەر ئەوە ڕۆڵی ئەو ژنانە زۆر گرنگە کە بتوانین بیرکردنەوەیان بگۆڕین، هەڵبەتە ئەمەش پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگەوە بۆ دایکان و بۆ ژنان  لە ناوچە جیاوازەکاندا، ئەم دیاردەیە گەر بڵێین وەک مەترسیەکی گرنگ نەماوە، لەبەر ئەوەی وەک دیاردە زۆر کەم بۆتەوە، بەڵام لێرەدا دیوێکی دیکەی ئەم بابەتەمان هەیە ڕاستە دیاردەکە نەماوەو ناکرێت، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر لە ژنانی گەنج و منداڵی کچ کراون کە پرۆسەی هاوژینیان پێکنەهێناوە، و بووەتە هۆی ئەوەی کە کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و دەروونی لێ کەوێتەوە، کە گرنگە ئیشی لەسەر بکرێت لە لایەنی تەندروستییەوە، لە ڕووی تەندروستی جەستەی و دەروونییەوە، لەبەر ئەوە هێشتا پێمانوایە کە بەتەواوەتی کۆتایی نەهاتووە وبە  شێوازی نوێ پێوستە کاری لەسەر بکرێت.

 

" لە خوێندەنگەکاندا زۆر بە کەمی ئیش لەسەر ئەم بابەتانە دەکرێت"

شۆخ محەمەد وتی: لە خوێندەنگەکاندا زۆر بە کەمی ئیش لەسەر ئەم بابەتانە دەکرێت، زۆرینەمان ئاگادارین لە لە وانەی زیندەزانیدا بەشێک لەسەر بابەتی زاوزێ و ناساندی جەستەیە تەرک دەکرێت و ڕوویان نایە کە باسی بکەن، پێموایە ئەوە خۆی لە خۆیدا کێشەیەکە و پەیوەندی جەستەی و تەندروستی زۆر گرنگە بۆ منداڵ، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە منداڵ جەستەی خۆی بناسێت و بزانێت، سەبارەت بە مافەکانیان دەبێت زانیاری تەواویان هەبێت و ئەم بابەتانە زۆر بە کەمی لە فێرگەکاندا باس دەکرێت، ئێمە هیوادار بووین کە ڕۆڵێکی زیاتریان هەبووایە حکومەت وپەروەردە  بەڵام ئەگەر لە داهاتووشدا کار بکەن لەسەر ئەو بابەتە بە دڵنیایی سودی خۆی دەبێت.

 

"خەتەنەی مێینە کولتوورو چاولێکەرییە"

لە کۆتایی قسەکانیدا شۆخ محەمەد، رێکخەری پڕۆژەکانی وادی ئەڵمانی لە سلێمانی وتی :پەیامی من بۆ دایکانە بەتایبەت هەندێک جار دایکان دەکەونە ژێر فشار و باردۆخێکی سەختەوە و لە کۆنا بەو ژنانەی وتووە ئاوی دەستی ناخورێت و خواردنی دەستی حەرامە، لە ئێستادا دونیا گۆڕاوە هەر زانیارییەکت بوێ بەدەستی دەهێنێت و دەتوانن خۆیان بە دەستی خۆیان بگەرێن بە دوای سەرچاوەدا ڕاستەکاندا، کە ئەم دیاردەیە بە هیچ جۆرێک لە دیندا بوونی نییە، ئەوەی کە تا ئێستا وتراوە تەنها فەرموودەی ناڕاستە یاخود بووە بە بەشێک لە کولتوور و چاولێکەری، ئەگینا بە هیچ جۆرێک ئەو قسانە ڕاست نین و زیانە تەندروستییەکانی زۆرن لەبەر ئەوە گرنگە کە بە دوای زانیاریدا بگەرێن، هەروەها سەبارەت بەوەی کە ژنێک خەتەنە کراوەو ئێستا تەمەنێکی هەیە و دەیەوێت هاوسەرگیری بکات، دەبێت ئەمانە یارمەتی وەربگرن و پەیامەکەی من زیاتر لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە شەرم نەکەن لە داواکردنی یارمەتی نەترسن لەوەی داوای یارمەتی بکەن، چونکە ئەمە بابەتێکە کە چارەسەرێکی درێژخایەنی دەوێت، هەروەها بابەتێک نییە تەنها یەک ژن وابێت بێگومان لەسەر ئاستی جیهان ژنانی دیکە هەن و لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن، هیوادارم بە ڕاستی بە دوای چارەسەردا بگەڕێن، بە وشەیەک پیێناسەی خەتەکردنی ژنان بکەم دەڵێم بەڕاستی  تۆقێنەرە، ئەو کاردانەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانە زەرەر و زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە داهاتووی ژنان و بەردەوام دڵم لایەنە و هیوادارم بزانن کە ئەوا کۆتای نییە و ڕاستە ئەم بارودۆخە ڕوویداوە بەڵام چارەسەر هەیە و دەتوانن چارەسەر وەربگرن.