شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی: دەنیزێک دەمرێت هەزاران دەنیزی دیکە هەن

شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی سەردانی ڕێکخراوی ژنان ئازادی کوردستانیان کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا کوشتنی دەنیز پۆیرازیان شەرمەزار کرد.

شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی سەردانی ڕێکخراوی ژنان ئازادی کوردستانیان کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا کوشتنی دەنیز  پۆیرازیان شەرمەزار کرد.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و دایکانی لەچک سپی پێشوازیان لە ژنانی شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی لە شاری سلێمانی کرد، زیاتر لە کاتژمێرێک کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە بە بەشداری ئەندامانی ڕژاک و دایکانی لەچک سپی ئەنجامدرا، تێیدا گفتوگۆ دەرباری داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و پڕۆژەی هاوبەشی هەردوو لایەن کرا، کە چۆن بەیەکەوە بتوانن دەنگی ژنانی کورد بگەیەننە تەواوی جیهان.

 

ژینۆ ڕەشید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ڕایگەیاند ئەوان داگیرکاری قبوڵ ناکەن، داوای لە وڵاتانی دەرەوە و وڵاتانی زلهێز کرد لە ئاستی ئەو داگیرکارییانەدا بێدەنگ نەبن، کە کۆی ئەو داگیرکارییانە بە یەک ئەقڵیەتی فاشیزمی پیاوسالاریەنە ئەنجام دەدرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیشیدا، داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد، ئەوەی ئاشکراکرد بە شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادییان ڕاگەیاندووە تا ئازارەکانی کورد و داگیرکارییەکانیان بکەنە ڕۆژەڤێکی جیهانی.

"دەبێت ژنان پێکەوە دژی ئەقڵیەتی فاشیزم بووەستنەوە"

لای خۆشیەوە فریشتە محەمەدی، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی شاندەکە، ئەوەی خستەڕوو ئەوەی ئێستا تورکیا ئەنجامی دەدات لە ئەنجامی یەکگرتنی ئەقڵیەتی نێوان کاپیتاڵیزم و پیاوسالارییە، کە بەیەکەوە بە ئەقڵیەتێکی فاشیزمی دژی کورد و ژنانی کورد هێرش دەکەن، لە کۆبوونەوەکەشدا بەو ئەنجامە گەیشتن کە دەبێت ژنان بەیەکەوە دژی ئەو ئەقڵیەتە بوەستنەوە، هێرشی تورکیاشی بۆ سەر هەدەپە و ڕشتنی خوێنی دەنیز پۆیرازیان شەرمەزار کرد.

 

مێکتر ئێکسڵ لە وتەیەکیدا باسی لەوەکرد کاتی ئەوەیە ژنان یەکبگرن و وتی: "ئێمەش دەنگی ژنانی کورد دەگەیەنینە هەموو جیهان و لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاگادارییان دەکەینەوە"، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا یەک دەنیزی کوشتووە، بەڵام لەم کوردستانانەدا هەزاران دەنیزی دیکە دەژین.

 

هاوکات لیدا ڤێرتس یەکێکی دیکە لە ئەندامانی شاندەکە باسی لەوەکرد، دایکانی لەچک سپی و ئاشتی خەباتی زۆریان لەپێناوی ئەم خاکەدا کردووە و ڕۆڵەکانیان کردووەتە قوربانی بۆ ئەم خاک و نیشتیمانە.

 

ت.پ