هونەرمەندان: با گەل دەنگ بخاتە پاڵ دەنگمان و دژی داگیرکاری بوەستینەوە

شاندی هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان رایانگەیاند شەڕی کورد بە کورد، خەنجەرێکی ژەنگاوییە دوژمن لێمان دەدات، پێویستە حزبەکانی باشور بە یەکڕیزی دژیان بوەستنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر ئەنجامدا و ئاماژەیان بەوەدا لە ئێستا مەترسی شەڕی کورد بە کورد دەبینین، ئێمە بڕوامان بەوە هەیە کە گەلی کورد دەنگیان بکەنە پاڵ دەنگمان و رێگە لە مەترسی هەڵگیرساندنی شەڕ بگرین.

 

هونەرمەند شەهێن تاڵەبانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: من وەکو کوردێک داوا دەکەم حزبەکان دەست لەشەڕ هەڵبگرن، بۆچی کەسی خۆمان بکوژین و تەمەننا دەکەم حزبە بەڕێزەکان بیر لە خەڵکی کوردستان بکەنەوە، من دەڵێم مەترسیی لەسەر ئەم بەشەی کوردستان هەیە و داوا دەکەم جارێکی تر شەڕ نەکەن.

 

هەروەها شڤان پەروەر هونەرمەندی خەڵکی باکوری کوردستان ڕایگەیاند: ئەگەر خۆمان نەپارێزین ئەوا نابین بە گەل، وڵاتان گەلی ئێمە ناپارێزن، لە هەر ناوچەیەکی دونیادا کورد هەیە، لە ئەمریکا ئوسترالیا و ئەوروپا، بەڵام لە هیچ شوێنێک کورد ناپارێزرێت، بۆیە پێویستە ئێمە خۆمان بپارێزین.

 

ت.پ