شەڕ و پێکدادان لە باشووری سودان ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکات

نزیکەی مانگێکە شەڕی سەخت لە باشووری سودان بووەتە هۆی نەگەیاندنی خۆراکی زۆر پێویست بۆ ٦٠ هەزار منداڵی بەدخۆراکی.

ناوەندی هەواڵ

 تۆڕی پزیشکانی سودان دووپاتی کردەوە کە بەردەوامی بە ئامانجگرتنی ناوچە دانیشتووەکان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ئۆم دورمان و چەند پارێزگایەکی دیکە، ڕۆژانە دەیان هاوڵاتیی مەدەنی گیان لەدەستدەدەن، لەنێویاندا منداڵ.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٨ی ئایار ڕایگەیاند، شەڕ و پێکدادانی توندوتیژ بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک ڕێگری دەکات لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و پێداویستی خۆراک بۆ ٦٠ هەزار منداڵی بەدخۆراکی.

 

سودان ساڵانێکە بەدەست هەژاری و نائاسایشی و ناسەقامگیری سیاسییەوە دەناڵێنێت، بەڵام شەڕەکانی ئەم دواییە لە پارێزگای نیلی سەرەوە نیگەرانی چاودێرانی لێکەوتەوە.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا نزیکەی مانگێکە هاوکارییە مرۆییەکان نەهاتوونەتە ناوچەکە، بەهۆی توندبوونەوەی شەڕ و پێکدادانی قورس بەدرێژایی ڕووباری نیلی سپی کە ڕێگایەکی گەورەی گواستنەوەیە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار منداڵی ناوچەی باشوور کە بەدەست بەدخۆراکی مامناوەند و توندەوە دەناڵێنن، گەیشتە خاڵی داڕمان.

 

ماری ئیلین ماکغروارتی، نوێنەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی وتی: هەموو ڕۆژێک بۆ منداڵێکی بەدخۆراکی زۆر گرنگە، کە پێویستی بە چارەسەری ڕزگارکەری ژیانی هەیە.

 

کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی

 لە کاتێکدا ململانێکە دەچێتە ساڵی سێیەمی خۆیەوە لەسەر زەوی، دوێنێ پێنج هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی تەقەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە میانی هەڵکوتانە سەر ماڵە مەدەنییەکان لە شاری دار سەلام لە ڕۆژئاوای ئۆم دورمان کوژران. ئەو ماڵانە کەوتوونەتە بەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەهۆیەوە سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون.

 

ئەندامێکی ژووری فریاکەوتنی ئامبادا ڕایگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێشێلکاری بەرفراوان ئەنجام دەدەن بەرامبەر بەو هاوڵاتیانەی کە لە گەڕەکی دار سەلام و ناوچەی موەیلیح لە دووری ڕۆژئاوای ئۆم دورمان گیریان خواردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا تێیدا ئامادەن، بەهۆی دۆسیەی بەدەستهێنانی ئاوی پاکی خواردنەوە و کەمی خۆراک و داگیرکردنی ماڵ، ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی زۆر ئاڵۆز بوونەتەوە.

 

تۆڕی پزیشکانی سودان تاوانباری بەردەوامی بەئامانجگرتنی ناوچە دانیشتووەکان لە لایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ئۆم دورمان و چەند پارێزگایەکی دیکە کرد، لە ئەنجامدا دەیان هاوڵاتی بێ چەک گیانیان لەدەست داوە، لەنێویاندا ژن و منداڵ. تۆڕەکە ئەمەی بە پێشێلکردنی هەموو یاساکانی شەڕ و یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی.

 

تۆڕەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە فشار بخەنەسەر هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سەرکردەکانی بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان، کردنەوەی ڕێگای سەلامەت بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکان لە هەردوو شاری کۆردۆفان و دارفور و واز لە بەئامانجگرتنی بە ئەنقەست دامەزراوە مەدەنییەکان بێنن.

 

ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، ملیۆنان کەس ئاوارەبوون بۆ ناوچە ئارامەکان، کارەساتێکی مرۆیی و برسێتییەکی بەربڵاو و لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری لێ کەوتەوە.