" لە زیندانی ئێڤین یادی پێنج زیندانی لەسێدارەدراوی ١٠ی ئایار کرایەوە"

هاوکات لەگەڵ ٦٧مین هەفتەی هەڵمەتی "سێشەمەکانی نا بۆ سێدارە"، زیندانیانی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین مەراسیمێکی یادکردنەوەیان بۆ ئەو پێنج زیندانییە سیاسییە ئەنجامدا کە لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠دا هەڵواسرابوون.

ناوەندی هەواڵ

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئایار، هەژماری تایبەت بە گولڕۆخ ئیرایی چالاکوانی مەدەنی و زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئێڤین، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ ٦٧مین هەفتەی هەڵمەتی "سێشەمەکانی نا بۆ سێدارە"،  زیندانیانی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین مەراسیمێکی یادکردنەوەیان بۆ شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و عەلی ئیسلامیان، پێنج زیندانی سیاسی کە لە ٩ی ئایاری٢٠١٠ لە سێدارەدرابوون، ئەنجامدا.

 

بە پێی ئەم هەواڵە، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئایار، هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی مەدەنی "سێشەمەکانی نا بۆ سێدارەدان" لە فەزای کراوەی زیندانەکەدا، بە خوێندنەوەی بەشێک لە نامەکانی فەرزاد کەمانگەر، کە دوای ئەم هەموو ساڵە هێشتا باس لە هیوا و میهرەبانی و کۆڵنەدان و خۆشەویستی بۆ مرۆڤەکان دەکەن.

 

دواتر زیندانییەکان ژیاننامە و گێڕانەوەی تێکۆشانی هەریەک لە قوربانیانی مانگی گوڵان بۆ ئامادەبووان دەخوێننەوە. گێڕانەوەگەلێک کە لە بەرامبەر مکینەی ستەمکاریدا کەرامەتی مرۆڤ دەردەخەن.

 

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا هۆنراوە سەبارەت بە وەسفکردنی بەرخۆدان و تێکۆشان خوێندرانەوە.

 

پاشان، سەرپێهاتەی هاوزیندانییەکانی پێشووی شیرین عەلەمهولی خوێندرایەوە؛ گێڕانەویەکی  زیندوو و مرۆیی کە وێنەی ژنێکیان کێشا کە ڕووناکی لە دڵی تاریکیدا دەپاراست.

 

مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی بەکۆمەڵی سروودی "خوێنی ئەرغەوانەکان" کۆتایی هات. سروودێک کە هێمای هاواری سەرکوتکراو و پابەندبوونێکی نوێ بە ئایدیاڵەکانی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەوەیە.

 

ئەم یادەوەرییە وێڕای ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووان، دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی بیرمان بخاتەوە کە ڕێگای ئازادی ڕێگری لێناکرێت.