ئێران قەدەغەی تێکەڵاوی ژنان و پیاوان لە پاسکیلسواری دەکات

لێپرسراوی بەشی وەرزشی لاوان، ڕێکخەرانی کۆنفرانسی پاسکیلسواری ئێرانی بە سەرپێچیکار ناوبردووە بەهۆی "تێکەڵبوونی ژنان و پیاوان و ژەنینی مۆسیقای نەشیاو" و داوای ئەنجامدانی لێپێچینەوە دەکات.

سویدا خۆراسانی

 

خۆراسان- کۆنفرانسی خێزانی پاسکیلسواری بە بەشداری ١٦٠ کەس لە شاری نەیشابور بەڕێوەچوو، عەلی فەزلی لێپرسراوی بەشی وەرزشی لاوانی نەیشابور کاردانەوەی توندی بەرامبەر بە ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە هەبوو.

 

لێپرسراوی بەشی وەرزشی لاوانی نەیشابور، بە بیانووی تێکەڵاویی ژنان و پیاوان هەروەها ژەنینی مۆسیقای نەشیاو، بەشداربووانی کۆنفرانسەکەی بە سەرپێچیکار ناوبردووە و داوای لێپێچینەوەی یاسایی و ڕێکاری توندی لە بەرامبەریان کردووە، کۆنفرانسەکە لەسەر ڕێگای باغرود بۆ بەهەشت نەیشابوور بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی ١٦٠ پاسکیلسوار کە وەک خێزان بەشدارییان کردبوو.

 

ئەم بەرپرسە حکومییە دەربارەی ئەنجامدەرانی کۆنفرانسەکە وتی: ئەم کۆنفرانسە بەبێ هەماهەنگی دەستەی پاسکیلسواری لەگەڵ بەرپرسی بەشی وەرزش و لاوان بەڕێوەچوو، من وەک بەرپرسی بەشی وەرزش ناڕەزایەتیم دەربڕی، دوای ئەوەی زانیاریم بەدەستگەیشت کە تێکەڵاوی ژنان و پیاوانی تێدابووە، هەروەها ناڕەزایەتی خۆمم لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە سەرۆکی دەستەی پاسکیلسواری گەیاندووە.

 

لە بەشێکی ئەم ناڕەزایەتییەدا عەلی فازلی ڕایگەیاندووە کە پێویستە ئەنجامدانی کۆنفرانسی پاسکیلسواری لە لایەن ژنان و پیاوانەوە بەجیا بەجیا لە شوێنە گونجاوەکاندا بەڕێوەبچێت و تێکەڵکردنی ژنان و پیاوان لە ئەو جۆرە بەرنامانەش بە توندی قەدەغەیە.

 

لە سیستمی پیاوسالاری کۆماری ئیسلامیدا و هاوتەریب لەگەڵ هەڵاواردنی جێندەری، وەرزش بۆ ژنانی ئێرانی لەگەڵ قەدەغەکردن و ئاستەنگییەکان ئاڵۆزتر بووە، بەتایبەتی لە ساڵان و چەند مانگی ڕابردوودا.

 

بەبێ گوێدانە سەختی کارکردن بۆ وەرزشوانانی ژن کە بەنیازن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کار بکەن، ئەم کۆسپ و ئاستەنگییان و قەدەغەکردنانە هاتوونەتە ناو وەرزشی گشتی.

 

دوای جێبەجێکردنی بۆچوونێکی شەخسی لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی دیاریکراو بۆ قەدەغەکردنی پاسکیلسواری و چالاکییەکانی سەرکەوتن بەسەر بەرد بۆ ژنان، ئێستا وا دیارە ئەم بابەتە وردە وردە بووەتە ڕێنمایی و خراوەتە لیستی ئەو وەرزشانەی کە قەدەغەن و حکومەت مۆڵەتیان بۆ دەرناکات.