سبەینێ پەرلەمانی عێراق دەنگ بە هەموواری یاسای باری كەسی دەدات
بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوەو دەنگ بە هەموواری یاسای باری كەسی بدات كە ماوەی چەند مانگێگە کاردانەوە لەلایەن چالاکوانان و مافناسانەوە لێكەوتووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سبەینێ پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوە و دەنگدان بە حەوت پرۆژە یاسا كۆدەبێتەوە، یەكێك لەوانە، دەنگدان بۆ هەموواری یاسای باری كەسی دەكات، كە ماوەی چەند مانگێگە مشتومڕی زۆری لە شەقامی عێراقی لێكەوتووەتەوە، هەروەها دەنگ بە هەموواری یاسای لێبورددنی گشتی دەدرێت، بڕیارە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیاری یاسای وەرزشوانانی عێراق بكرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای پاراستنی كەمینەكان دەكات، ڕاپۆرتی پاراستنی موڵكی دەوڵەت دەخرێتەڕوو و دەخوێندرێتەوە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای خوێندن لە زانكۆ تایبەتەكان دەكرێت، هەروەها دەنگ لە سەر گەڕاندنەوەی زەوی و زاری هاوڵاتیان دەدرێت، كە لە سەردەمی بەعس دەستی بەسەرداگیرا بوو.
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ هەموواری یاسای باری كەسی كردووە، بڕیارە سبەینێ دەنگی لەسەر بدرێت، چاودێران و چالاكوانانی بواری مافەكانی ژنانیش پێیانوایە، هەموواركردنەوەی یاساكە عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ دەیان ساڵی ڕابردوو.