مانگرتنی سەرتاسەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت

بەشێك لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بڕیاریاندا ڕۆژی چوارشەممە مانگرتنی گشتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەببەن.

ناوەندی هەواڵ

 

٦ حزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بارەی پێشەنگایەتییان بۆ ئەنجامدانی مانگرتنی سەرتاسەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی سەپاندنی سزای لەسێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمێشوەیەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی ئازادییخوازی کوردستان!

لە بارودۆخێکدا که گرانی و بێکاری و نەداریی و دەیان کێشە و گرفتی ئابووری، خزمەتگوزاریی و نەبوونی هەر چەشنە ئازادییەکی سیاسیی بەربینگیان بە کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران گرتووە، ڕژێمی ئێران، لەبری وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازییەکانی جەماوەر، شمشێری لە دژی زیندانییانی سیاسیی لە ڕوو بەستووە و حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەیان تێکۆشەری سیاسیی لە کوردستان و سەراسەری ئێران دەرکردووه‌، له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا بە تایبەت بەهۆی مەترسیی لەسێدارەدانی “پەخشان عەزیزی” و “وریشە مورادی”، پێوستە هەنگاوی خێرا و بەپەلە هەڵبگیردرێت لە پێناو ڕزگارکردنیان لە پەتی سێدارە، یەکێک لەم هەنگاوانەش بریتییە لە بەڕێوەچوونی مانگرتنێکی گشتیی لە کوردستان.

 

مانگرتنی گشتیی و جەماوەریی لە کوردستان بەردەوام وەک ڕێکارێکی بەرەنگاریی مەدەنی لە کاتە هەستیارەکاندا بووەتە نەریتێکی جێکەوتوو لە کۆمەڵگەی پێشکەوتووی کوردستاندا، ئەمڕۆ که لە بەردەم یەکێک لەو کاتە مێژووییانەداین، پێویسته ئیرادەی جەماوەری لە بزووتنه‌وه‌یه‌کی شایستەدا خۆی نیشان بداتەوە بۆ ئەوەی پێش بە تراژیدیایەکی دیکە بگرێت و گیانی کۆمەڵیک مرۆڤ کە هیچ کردارێکیان جگە لە خۆشەویستی خەڵک و خەبات لە پێناو ئازادیی و یەکسانیدا نەبووە، لە پەتی سێدارە ڕزگار بکات، بێگومان ئەو یەکگرتوییەی جەماوەر کە لە شێوازێکی مەدەنی و ئاشتییانەدا خۆی دەنوێنی، دەتوانێت جارێکی دیکە هەروەک چۆن لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی”ـدا، کوردستان خاوەنی پەیامی خەبات و خۆڕاگری بۆ هەموو کۆمەڵانی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران بوو، دووپات ببێتەوە. ئەم حەرەکەتە لە هەمان‌ کاتدا بەدەنگەوە هاتنێکە بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە تێکۆشەرانەی هەموو ڕۆژانی سێشەمەیەک لە زیاتر لە ٣٠ زیندانی ئێران، بە مانگرتنی بوێرانەی خۆیان، درووشمی “نا بۆ لەسێدارەدان” بەرز دەکەنەوە.

 

ئێمە ئه‌و حزب و لایەنە سیاسییانه‌ی که‌ ناومان له‌م ڕاگه‌یاندراوه‌ هاوبه‌شه‌دا هاتووه‌، داوا لە هەموو جەماوەری تێکۆشەری کوردستان دەکەین کە ڕۆژی چوارشەمە ٣ـی مانگی ڕێبەندان، لە هەموو کوردستان لە مانگرتنێکی گشتیی لە دژی حوکمی لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانمان بەشدار بن و هەروەها سەرجەم ناوەندەکانی کار، بازاڕ و خوێندن دابخرێن، بەمجۆرە هێزی یەکگرتووی جەماوەر لە پێناو دابینبوونی ئامانجی سیاسیی و ئینسانی خێرادا، نیشان بدرێتەوە.

 

ئەم هەنگاوە پێشگیرانەیە دەرفەتێکە بۆ ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤەکان و لە هەمان‌ کاتدا ڕێگریکردنە لە تازییەباربوونی زیاتری بنەماڵەکان. با جارێکی دیکە نیشانی بدەینەوە کە کوردستان لە بەرامبەر وەها حوکمگەلێکی نامرۆڤانەدا بێدەنگ نابێت و هەڵوێستی دەبێت.

 

بژی یەکگرتوویی و یەکدەنگیی جەماوەریی لە کوردستان.

– پارتی ئازادیی کوردستان

– پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک)

– کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

– حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

– کۆمەڵەی ـ ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمونیستی ئێران

٣٠ـی بەفرانباری ١٤٠٣ – ١٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥