"لە پشت گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە وەستاوین"

پێکهاتەی ئێزدی توڕەن لە تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنانی ئێزدی ڕایانگەیاندووە کە تا کۆتایی پشتیوانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن.

مەدیا هاوار

 

شەنگال- دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەردەم هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن و لە منداڵان، ژنان، کەسانی بەتەمەن، کارمەندانی چاودێری تەندروستی و ڕۆژنامەنووسان دەدەن، بەڵام سەرەڕای ئەم دڕندەییەی دەوڵەتی تورک، بە پشتیوانیی ڕەزامەندی هێزە نێودەوڵەتییەکان، گەل بەرخۆدان دەکەن و لە پشت شەڕڤانانی خۆیانەوەن، کە بریتین لە قەسەدە، یەپەژە و یەپەگە.

 

ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال قسەیان بۆ کردین و ڕایانگەیاند، سڵاو لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دەکەن و تا کۆتایی لەگەڵ ڕۆژئاوا دەوەستن، مەترسی لەسەر باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریاو  شەنگال و هەموو کوردستان هەیە.

 

"بەرخۆدانی ڕۆژئاوا پیرۆزە"

نەسرین دەخیل، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی زۆراوا پشتیوانی خۆی بۆ گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربڕی و وتی: سەرەڕای هێرش و شەهیدبوون، گەلی ڕۆژئاوا هێشتا بەرخۆدان دەکەن و دەستبەرداری خاکەکەیان نابن، ئەمە شوێنی خۆشی و سەرەتای بەختەوەرییە، ئێمەش وەک تەڤگەری ژنانی شەنگال و هەموو ژنانی ئێزدی پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوا دەکەین، هەرچی لە تواناماندا بێت  دەیکەین، هەمیشە لەگەڵ گەلی ڕۆژئاواداین، کۆمەڵگای ئێمە ئەم ئازارەی بەخۆیەوە بینووە، هەست بە ڕۆژئاوا دەکەین، بەرخۆدانی ئەوان پیرۆز دەکەین، فڕۆکەکان بۆمبیان بەسەردا دەڕێژن و هەموو منداڵ و گەورەکان دەکوژن، سەرەڕای ئەوەش ڕێگای بەرخۆدانیان وەک هی خۆیان گرتۆتە بەر، سەرکەوتن بۆ گەلی ڕۆژئاوا دەبێت.

 

"خاک خاکی میللەتی ڕۆژئاواتە"

ڕەنا ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی گوهبەل سڵاوی لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆکئاوا کرد و ڕایگەیاند کە بەنرخترین شت ئەوەیە کە گەل ئاگاداری خاکی خۆیان بن، وتی: ئەو زەوییە هی گەلی ڕۆژئاوایە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئاوارەیان بکات و زەوییەکانیان داگیر بکات، کەس نایەوێت گوند و ماڵی خۆی بەجێبهێڵێت، خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵ دەکوژن، بەڵام کەس خاکەکەی بەجێناهێڵێت. ئەگەر هێرش لە شەنگالیش ڕووبدات، هیچ کەسێک خاکی خۆی بەجێناهێڵێت، گەلی ڕۆژئاوا لە منداڵەوە تا کەسانی بەتەمەن هەموویان تێدەکۆشن و خاکەکەیان دەپارێزن.

 

"هەموو شتێک بۆ ڕۆژئاوا دەکەین"

هەیفا قاسم، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی گوهبەل ئاماژەی بەوەکرد، پاراستنی ڕۆژئاوا ئەرکێکی گەورەیە بۆ شەنگال و وتی: لە شوێنێک دایکان و منداڵ شەهید دەبن، کۆمەڵکوژی و وێرانکاری هەیە، دڵتەزێنە، ئێمە هەموو شتێک بۆ ڕۆژئاوا دەکەین و تا کۆتایی لە پشت گەلی ڕۆژئاوای خۆمانەوە دەوەستین، هەرگیز لەبیرمان ناچێت کە ڕۆژئاوا بە هانای ئێمەوە هات و لە پشتمانەوە ڕاوەستا، ئێمەی گەلی شەنگال تا کۆتایی ڕۆژئاوا دەپارێزین، سڵاو لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا، هەرکەسێک خۆی و خاکەکەی دەپارێزێت، ئەمە شەرەفمەندترین شتە، تەنانەت لەژێر هێرشی ئاسمانیشدا پشتیوانی ڕۆژئاوا دەکەین.