سێیەکی دانیشتوانی سودان پێویستیان بە هاوکاری هەیە

١٥ ملیۆن سودانی کە یەکسانە بە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵاتەکە، پێویستیان بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبێت، ئەمساڵیش لەو وڵاتەدا یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس، کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، زیادیان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخەری مرۆیی لە سودان ڕایگەیاند کە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی وڵاتەکە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە بە نزیکەی یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری ئامادە تا پێداویستییە مرۆییەکان دابین بکرێت.

 

خاردیاتا لو ندییە، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی و نیشتەجێ و ڕێکخەری مرۆیی لە سودان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە خەرتوم ڕایگەیاند، پلانی کاردانەوەی مرۆیی لە سودان بۆ ساڵی داهاتوو تیشک دەخاتەسەر دابینکردنی بەپەلەترین پێداویستییەکانی زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس کە بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "١٥ ملیۆن سودانی کە یەکسانە بە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵاتەکە، پێویستیان بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبێت، کە ئەمساڵ یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس زیادیکردووە، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا".

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی فریاگوزاری مرۆیی، چەند هۆکارێک بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری، لەوانە گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکان، دۆخی ئەمنی، مەترسییە سروشتییەکان، بەردەوامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، ئەمە جگە لە گرانی نرخی کەلوپەلی خۆراک و کەلوپەلی دیکە.

 

ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن، هەوڵدەدەن پلانەکانیان بۆ چارەسەرکردنی خراپی دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە و خۆراک، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی، بە هاوبەشی لەگەڵ چەند لایەنێک، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەرتە حکومییەکان چڕتر بکەنەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢شدا، ڕێکخراوە مرۆییەکان توانیان بگەنە زیاتر لە ٩ ملیۆن کەس لە سەرانسەری سودان کە پێویستیان بە هاوکاری هەبووە، لە ئێستادا هەوڵدەدەن داوا لە خێرخوازان بکەن کە پارەیەکی خێرا پێشکەش بکەن بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان لە ساڵی داهاتوودا.