٤٦ وڵات بانگەوازیان لە ئێران کرد بۆ وەستاندنی سێدارەدان.

لە کۆبوونەوەی ٦٣یەمی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ناوی ٤٦ وڵات هاتە ئاراوە کە ئەم ٤٦ وڵاتە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد بۆ وەستاندنی سێدارەدانەکانی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە.

ناوەندی هەواڵ 

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند کە ٤٦ وڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و ڕێژەی زۆری سزای سێدارە لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەیان مەحکوم کردووە و داوای وەستاندنی دەستبەجێی سێدارەدانەکان لە ئێران کردووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم بەیاننامە هاوبەشە لەلایەن نوێنەری لێختنشتاینەوە لە کۆبوونەوەی ٦٣یەمی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ پێشکەش کراوە. ناوی ٤٦ وڵات لە ناو واژووکەرانی بەیاننامەکەدا ڕیزکراوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە دوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە، لانیکەم ٣١ خۆپیشاندەر سێدارە دراون و هۆشداری دراوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەیان کەسی دیکە، لەوانە ژن و منداڵیش، لە مەترسی سێدارەدان دان.

 

وڵاتە پشتیوانەکان، کە بەیاننامەکانیان لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراندووە، جەختیان کردووەتەوە کە سزای سێدارە بۆ چاندنی ترس، سەرکوتکردنی ناڕەزایی و بەربەستکردن لە بەدەستهێنانی ئازادییە ئاشتییانەکانی دەربڕین و کۆبوونەوە بەکاردێت.

 

لە بەیاننامەکەدا هەروەها نیگەرانیی خۆیان دەربارەی ڕاپۆرتەکانی دادگاییە نهێنییەکان، پێشێلکردنی گەرەنتییەکانی دادگایی دادپەروەرانە، ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ، ونکردنی بە زۆر و دانپێدانانی بە زۆر دەربڕیوە و داوای وەستاندنی دەستبەجێی بەکارهێنانی سزای سێدارەیان کردووە.