دەم پارتی: ڕۆژنامەنووسان ڕاستی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخەنەڕوو
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەم پارتی هەڵوێستی خۆی دژی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان خستەڕوو و ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا بەم بەئامانجگرتنە، هەوڵیانداوە تاوانەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوا بشاردرێتەوە و ڕێگریی لە کاردانەوە جیهانییەکان بگیردرێت.
ناوەندی هەواڵ
دەم پارتی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان خستەڕوو، ڕایگەیاند، لەم قۆناغەی دواییدا حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەستی بە سیاسەتی نوێی کۆمەڵکوژی کردووە، هێزەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بۆردوومانی ناوچە مەدەنییەکان دەکەن و تا ئێستا بەهۆی ئەو هێرشانەوە کەسانی مەدەنی زۆر کوژراون، ئێمە زۆر باش دڵنیاین کە ئەم بەئامانجگرتنەی ڕۆژنامەنووسان هێرشێکی بە ئەنقەست بووە، لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرشەکانیان بۆ سەر گەلی کورد و گەلانی ڕۆژئاوا ئاشکرا دەکرد.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی بەمشێوەیەیە:
“بەداخەوە بیستمان کە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندنی ئازاد، جیهان بیلگین و نازم داشتان بە هۆی هێرشی درۆنی دەوڵەتی تورکەوە لە نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سیرین کراونەتە ئامانج و شەهید کراون و هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی عەزیز حاجی بۆزان بریندار بووە.
ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد، جیهان بیلگین و نازم داشتان، لە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ـەوە لە ناوچەکە بەدواداچوون بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی و لە بەرامبەردا بەرخۆدانی شەڕڤانان دەکەن لە ناوچەی تشرین و پردی قەرەقۆزاق و ڕاستییەکان دەگوازنەوە، بە سایەی ئەرکە پیرۆزەکانیان، گەلەکەمان ڕاستییەکان باشتر تێدەگەیشتن و بە دروستی بەدواداچوونیان بۆ پێشهاتەکانی ڕۆژئاوا دەکرد، ئەوان بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا یان گەیاندە هەموو جیهان.
لەم قۆناغەی دواییدا حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەستی بە سیاسەتی نوێی کۆمەڵکوژی کردووە، هێزەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بۆردوومانی ناوچە مەدەنییەکان دەکەن و تا ئێستا بەهۆی ئەو هێرشانەوە کەسانی مەدەنی زۆر کوژراون، ئێمە زۆر باش دڵنیاین کە ئەم بەئامانجگرتنەی ڕۆژنامەنووسان هێرشێکی بە ئەنقەست بووە، لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرشەکانیان بۆ سەر گەلی کورد و گەلانی ڕۆژئاوا ئاشکرا دەکرد و ڕێگرییان لە هەواڵی ساختە و چەواشەکاری دەکرد، بەم بەئامانجگرتنە، هەوڵیانداوە تاوانەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوا بشاردرێتەوە و ڕێگریی لە کاردانەوە جیهانییەکان بگیردرێت.
ئەم هێرشە دژی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتییە، ئەم هێرشە گڵاوە ئیدانە دەکەین و هاوکات داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین دەستبەجێ دەنگی خۆیان لە دژی ئەم هێرشە گڵاوانە بەرز بکەنەوە و ڕێگریی لە کۆمەڵکوژییەکان بکەن.
لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئەم هێرشە گڵاوانە ناتوانن تێکۆشانی گەلی کورد و تێکۆشانی ژنان و خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد لاواز بکەن، تێکۆشانی جیهان بیلگین و نازم داشتان لەسەر زەوی نامێنێت، بەڵکو ڕاگەیاندنی ئازاد بە ئیرادە و خەباتێکی بەرزەوە بۆ ئاشکرا کردنی ڕاستییەکان ڕێبازی هەڤاڵانی شەهید دەگرێتەبەر.”