پەرلەمانتارانی سویسرا داوا لە وڵاتەکەیان دەکەن پشێوییەکانی سووریا کۆتایی پێبێنێت
بەشێک لە پەرلەمانتارانی سویسرا داوایەکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی فیدڕاڵی کرد، تیایدا داوای کاردانەوەی جدیی دژ بە هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کاردانەوەکان لە بواری نێودەوڵەتییدا بەردەوامە، ئەندام پەرلەمانانی سویسرا باسیان لە هێرشەکان کرد و پێشنیارەکانیان پێشکەش بە ئەنجومەنی فیدڕاڵی کرد، داوای کاردانەوەی جدیی دژ بە هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.
ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵ لە پارتی سۆسیالیستی سویسرا و ئەندامی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە فابیان مۆلینا، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵ لە پارتی لیبراڵ-ڕادیکاڵ ئەلێکس فارینێلی، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵ لە یەکێتی دیموکراتی فیدراڵی ئێریچ ڤۆنتۆبێل، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی لە پارتی سەوز بالتاسار گلاتلی و پەرلەمانتاری فراکسیونی ناوەندی (دای میت) ستیفان مۆلەر-ئاڵتەرمات، لەو پەرلەمانتارانەبوون کە پێشنیارەکەیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی فیدڕاڵی کرد.
لە پێشنیارەکەدا ئاماژە بەوەکرا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مەترسی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات، هێرشەکان دژی کورد، ئەرمەنی، سوریانی، ئێزدی و مەسیحییەکان بە واتای هەڕەشەیەکی جددییە.
هەروەها ڕاشیانگەیاند، ناسەقامگیریی دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش و ببێتە هۆی کۆچبەری و شەپۆلی نوێی پەنابەرانەوە، بۆیە بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەکەوێتە ئەستۆی سویسراش، هەروەها بۆ کۆتاییهێنان بەم توندڕەوییە بەبێ ئەوەی یاساکانی خۆی پێشێل بکات، دەست بە هەوڵدان بکات.
لە پێشنیارەکەیاندا پەرلەمانتاران باسیان لەوەکردووە، پێویستە ئەنجومەن ئامرازە سیاسییەکان بەکاربێنێت بۆ پاراستنی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سووریا و کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە چوارچێوەی یاسایی خۆیدا، هەموو هەوڵەکانی خۆی بەکاربێنێت.
جێی ئاماژەیە هەموو پەرلەمانتارانی پێنج پارتی سیاسیی جیاواز پێشنیارە یاساییەکەیان واژۆ کرد و پێشکەشی ئەنجوومەنی فیدراڵی سویسرایان کردووە.