قەیرانی دەسەڵات و جەنگی وڵاتان؛ کێشەى کەمی خزمەتگوزاریەکان لە باشووری کوردستان سەرهەڵدەداتەوە

قەیران لەدوای قەیران بەرۆکی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان دەگرێت، دەسەڵات ژینگەی بێ خزمەتگوزاری پەرەپێدەدات و ژیانی ڕۆژانە خەریکە پەکی دەکەوێت، ژنان دەڵێن: بەردێک لەئاسمان بکەوێتە خوارەوە بەر سەری کورد دەکەوێت.

دێرین ڕەحیم

 

سلێمانی-سەرەڕای بوونی قەیرانی چەندین ساڵە لە باشووری کوردستان وەک نەبوونی موچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا، کەمی کارەباو ئاوو غاز، خراپی ڕێگاوبانەکان، سەرەڕای ئەمانەش هێرشی وڵاتانی داگیرکەر قەیرانەکان قولتر دەکەنەوە، هەر لە سەرەتای جەنگی نێوان ئێران- ئەمەریکاو ئیسرائیل لەمانگی شوباتی ئەمساڵ و بە ئێستاشەوە کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژیان دروست کردووە کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە، ئەمەش بۆتە هۆی گرانبوونی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی کارەبا، بارگرانی تەواوی لەسەر هاووڵاتییان و بەتایبەت ژنان دروست کردووە.

 

دانیشتوانی بەشێک لەگەڕەکەکانی سلێمانی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبانەوە لە زستانان بەدەست لافاو و قوڕ و لیتەوە دەناڵێنن و لە هاوینان بەهۆی کەمی کارەباو بێ ئاوی و نەبوونی خزمەتگازاریەکان بۆنی ناخۆش و مێش بەرۆکی گرتوون، ئێستاش کاریگەری جەنگی وڵاتان و هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆسەر هەولێر و سلێمانی بە تایبەت قەیرانەکانی زیاد کردووە بە جۆرێک کارەبا بووە نە نیوە لە ٢٤ کاتژمێرداو غازی ماڵان بە کەمی دەستدەکەوێت.

 

"بارگرانییە بۆ سەرمان و دەبێت دووجار پارە بدەین لەمانگێکدا"

سەبریەعەلی، دانیشتووی گەرەکی هوانەی شاری سلێمانییە و دەربارەی گرانبوونی پێداویستی ڕۆژنەی هاوڵاتییان وتی:شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریکا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان کردووە، کارەبای نیشتیمانییشمان خراپە و کەمبووەتەوە و مۆلیدە لەجێگەی کار دەکات، بەڵام ئەمە بارگرانییە بۆ سەرمان و دەبێت دووجار پارە بدەین لەمانگێکدا پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت "بەردێک لەئاسمان بکەوێتە خوارەوە بەر سەری کورد دەکەوێت" ئەم جەنگە کاریگەریی لەسەر ژیانمان کردووە، دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندنگەکان و کارگەکانمان دەوەستن و دەبێتە هۆی ئەوەی کە غاز گران بێت و کارەباو ئاومان نییە، ئاومان زۆر کەمە، جاری وا هەیە لە شەش ڕۆژدا تەنها دوو کاتژمێر ئاومان هەیە ئەویش بە کەمی، ئێستا ئاومان نییە و ناچارین بیکڕین، داواکارین لە بەرپرسان ئەم شارە بەدەنگ داواکاریەکانمانەوە بێن لەم گەرمایەدا کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن.

 

"سووتەمەنی گران بووەو گاز زۆر کەمە"

هەروەها شەونم عەلی، دانیشتووی گەڕەکی هوانە لەشاری سلێمانی وتی: بێ ئاو و بێ کارەباو غازین کۆڵانەکەمان هەر باسناکرێت، هەتا ئێستا جادەی قیرمان بۆ نەهاتووە، لەهاویندا تەپو تۆز و لەزستانیشدا قوڕو لیتە ژیانی لێسەندووینەتەوە، سووتەمەنیش گران بووە، غازفرۆش ڕۆژانە دەهات بۆ گەڕەکەکان بەڵام ئێستا ڕۆژانە چوار کاتژمێر چاوەڕی غاز دەکەم نایەت ،ژیانمان نەماوە دۆخمان زۆر سەختە، ئەم جەنگە کاریگەری زۆری لەسەر شاری سلێمانی کردووە، ئاومان نییە ماوەی چەندین ڕۆژە ئەم کێشەیەیان هەیە، کاتێکیش ئاوەکە دێتەوە، هێندە کەمە بە ماتۆڕیش سەر ناکەوێت بۆ سەر بانەکان، بەدەست کەمی پێدانی کارەبای نیشتیمانییەوە دەناڵێنێن کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمە.

 

"هەموومان تووشی نەخۆشی بووین"

پرشنگ عەلی، دانیشتووی تانجەڕۆ وتی: ئەم جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران ژیانمانی فەوتاندوە کاریگەری تەواوی کردۆتە سەر ژیانمان، ناچارین بە گرانی غاز بکڕین کارەبا و ئاومان نییە، ئەمە کەی ژیانە ئەم میللەتەی تێدایە، نە ئاوەڕۆمان هەیە شەقامەکانمان قیرتاو نەکراوە، بەردەوام تەپوو تۆز ژیانی لێسەندوینەتەوە، کارەبایی نیشتمانی نەماوە کاتژمێر شەشی بەیابی بۆ شەشی ئێوارە کارەبامان مۆلیدەیە، ڕۆژانە ئاو دەکڕین ئاوی ڕەئیسمان نییە، لەهەفتەیەکدا دووجار ئاو دەکڕین تەنکەری بە ١٥هەزارە هەموومان تووشی نەخۆشی بووین.