سیستەمی تەندروستیی ئێران و ئاستەنگەکانی بەردەم داواکارییەکانی پەرستاران
ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەی پەرستارانی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، دەستوەردانی دەوڵەت لە دامەزراوە پیشەیییەکان، مەرجەکانی کارکردن و کەمیی مووچە دەبنە هۆی زیاتربوونی کەمیی کارمەندان و کۆچکردنی پەرستاران.
ناوەندی هەواڵ
لە ئێران، کەمیی کارمەندان، زۆر بوونی کۆچکردن و کێشە ئابوورییەکان لە ڕێزی کێشە سەرەکییەکانی پاداشتی پیشەی پەرستاریدان. ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەی پەرستارانی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنە خۆجێییەکان ڕەخنەی لە سیستەمی تەندروستی و کاری ڕێکخراوە پیشەیییەکان گرت.
ئەمیندار بانگەشەی کرد کە سازمانی سیستەمی پەرستاری بە تەواوی کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕێکخراوە پیشەیییەکە سەربەخۆیی خۆی لەدەست بدات و لە شوێنی پاراستنی مافی پەرستاران، لە زۆر بارودۆخدا ئاستەنگ لە بەردەم داواکارییەکانیاندا دروست بکات.
ئەمیندار ئاماژەی بەوەش کرد کاتێک پەرستاران ناڕەزایەتی و داواکارییەکانی خۆیان دەربارەی مەرجەکانی کارکردن دەربڕیوە، سازمانی پیشەیی لە شوێنی ئەوەی ئەم داواکارییانە بگەەیەنێتە بەرپرسان، هەڵوێستێکی ڕێگرانەی نیشان داوە و ڕوونی کردەوە کە زانیارییە ئامارییە سەربەخۆکان ڕاستییەکان ڕەنگ نادەنەوە.
دەستلەکارکێشانەوەی هەزاران پەرستار
ئەمیندار ئەوەی بیر هێنایەوە کە فەرمانگەی پەرستاریی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە نزیکەی هەزار و ٧٠٠ پەرستار لە کارەکانیان کشاونەتەوە، هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم ژمارەیە تەنیا کارمەندە هەمیشەیییەکان دەگرێتەوە و زۆرێک لەو پەرستارانەی کە بە گرێبەست کار دەکەن نەکراونەتە ناو ئامارەکانەوە.
مەترسیی گەندەڵی و پشتگوێخستنی پەرستاران
ئەمیندار دەستنیشانی کرد کە هەندێک گرووپ لە ناو سیستەمی تەندروستیدا کاریگەرییان بەسەر بەڕێوەبردن، سەرچاوە داراییەکان و میکانیزمەکانی چاودێرییەوە هەیە، ڕوونی کردەوە کە کۆبوونەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ لە یەک دەستدا مەترسیی گەندەڵی زیاتر دەکات.
ئەمیندار دیاری کرد کە ئەم سیستەمە پەرستاران و کارمەندانی تری تەندروستی پشتگوێ دەخات و گوتی: پسپۆڕانی تەندروستی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی پێداویستییەکانی هەندێک گرووپی بەرژەوەندخواز دەبینرێن.
مووچەی کەمی و ڕێژەی بەرزی کۆچکردن
ئەمیندار ئەوەشی خستە ڕوو کە پەرستاران لە ڕێزی ئەو گرووپانەن کە لە ناو کارمەندانی کەرتی گشتیدا نزمترین مووچەی جێگیریان هەیە، هەروەها بەرزترین ڕێژەی کۆچکردن لە نێوان کارمەندانی تەندروستیدا لە ناو پەرستاراندایە.
خۆپیشاندانی پەرستاران و دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان
لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران، لە مانگەکانی کۆتاییدا پەرستاران بە بەردەوامی بە داوای باشکردنی مووچە و مافە کۆمەڵایەتییەکان و نەهێشتنی نادادپەروەری لە پێوەرەکانی مووچەدا، خۆپیشاندانیان ساز کردووە.
لەگەڵ ئەوەی پەرستاران داوای زیادکردنی مووچە دەکەن، بەڵام ئەم داواکارییانە جێبەجێ نەکراون و هەندێک لە خۆپیشاندانەکان ڕووبەڕووی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە.