"Mustang": شۆڕشی پێنج خوشک بۆ ئازادی

فیلمی "Mustang" لە دەرهێنانی دەنیز غامزی ئیرگوڤەن، چیرۆکی خەباتی پێنج خوشک بۆ ئازادی دەگێڕێتەوە دوای ئەوەی ژیانیان گیری خواردووە بەهۆی فشارە کۆمەڵایەتییەکان و یاسا نەریتییەکانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە گوندێکی بچووکی فەرامۆشکراودا لە کەنار دەریا ڕەشدا، پێنج خوشک هەوڵ دەدەن ئازادیی خۆیان بەدەست بهێنن و بە ئارامی گەشە بکەن، پێش ئەوەی لە ناکاو خۆیان لە چاوی گەردەلولدا ببیننەوە، گەردەلولێکی بەهێز لە قەدەغەکردن، فشار و نەریتی توند، بە جۆرێک لە نێوان شەوە و ڕۆژێکدا، خۆشیی منداڵییان لە ناودەچێت و دەرگا داخراوەکان و ژیانی زۆرەملێ کۆنتڕۆڵی چارەنووسیان دەکەن، بەڵام چیرۆکەکەیان لێرەدا تەواو نابێت.

 

لە ڕێگەی وردەکارییەکانی ئەم ئازارەوە، فیلمی ”Mustang” لە دەرهێنانی دەنیز غامزی ئیرگوڤین (بەرهەمی ساڵی ٢٠١٥)، دەمانباتە گەشتێکی قووڵەوە کە کورتەیەکە لە تێکۆشانی بەردەوامی ژنان بۆ بەدەستەوەگرتنی رەهەندی ژیان و بڕیاردان لەسەر چارەنووسییان، پێنج خوشکەکەی کردووەتە ئاماژەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی شکان.

 

ژیانی پێنج خوشک کە دوای لەدەستدانی دایک و باوکیان لەگەڵ داپیرە و مامی خۆیان دەژین، ڕۆژێک لە کاتی یاریکردن لە کەنار دەریا لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکانیان لە دوای خوێندن سەرپێچی دەکرێت، ئەم ساتانەی کە بۆ منداڵەکان ئاسایی و چێژبەخش بوون، لە چاوی دەوروبەریاندا دەگۆڕدرێن بۆ بابەتی کەرامەت.

 

لە کاتێکدا گەورەکانی خێزانەکە هەڵسوکەوتی خوشکەکان بە قبووڵنەکراو دەبینن، ئەو ماڵەی تێیدا دەژین وردە وردە دەگۆڕێت بۆ شێوەی زیندانێک.

 

ئازادییەکانی پێنج خوشکەکە یەک بە دوای یەک لێیان دەسەنرێتەوە، بە هۆکاری چەمکەکانی کەرامەت و نەریتەکان کە خێزانەکەیان پەیڕەوی دەکات، بابەتەکە بە قەدەغەکردنی دەرچوونیان بۆ دەرەوە دەست پێ دەکات، پاشان دەگوازرێتەوە بۆ دەوەردان لە هەموو وردەکارییەکی ژیانی ڕۆژانەیان، بە جۆرێک کە کەلوپەلی ماڵەکە دەگۆڕدرێت، شێوازێکی دیاریکراوی جلوبەرگ بەسەریاندا دەسەپێنرێت، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیریان دەست پێ دەکەن.

 

لە کاتێکدا فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن ژیانی ژنان دەخرێتە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵکردنەوە لە ڕێگەی چەمکی "کەرامەت"ـەوە، ئەوەش ئاشکرا دەکات کە چۆن فشارە کۆمەڵایەتییەکان ژیانی منداڵانی کچ لە تەمەنی منداڵیدا دەگۆڕن.

 

سەرەڕای ئەوەش، خوشکەکان بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی ئەو ژیانە زۆرەملێیە نابنەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە، چونکە لە کاتێکدا هەندێکیان هەستی بە زۆرلێکردن بۆ بێدەنگبوون دەکەن، هەندێکی تر ناڕەزایەتیی ئاشکرا دەردەبڕن، بەڵام ئارەزووی هاوبەشیان هەمیشە ئەوەیە کە بە ئازادی بژین، هەروەها فیلمەکە روونی دەکاتەوە کە ئەم فشارانە تەنها کێشەیەکی تاكەکەسی نین، بەڵکو کێشەیەکی گشتیی کۆمەڵایەتین.

 

"لالی"، بچووکترین خوشک لە فیلمەکەدا، وەکو یەکێک لەو کەسایەتییانە دەردەکەوێت کە ڕەتی دەکاتەوە خۆیان بدەنە دەست ئەو چارەنووسەی بۆیان نەخشێنراوە، لالی دەست دەکات بە پرسیارکردن و گومانکردن لە هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەری ڕوو دەدەن، لەگەڵ بینینی ئەنجامدانی هاوسەرگیری خوشکەکانی یەک لە دوای یەک، بڕیار دەدات جووڵە بکات بۆ ئەوەی بە دەستەکانی خۆی داهاتووی خۆی بگۆڕێت.

 

فیلمی "Mustang" پرسیاری قووڵ سەبارەت بە چاودێریی کۆمەڵایەتیی سەپێنراو بەسەر جەستەی ژنان، ژیان و داهاتوویان لە ڕێگەی چیرۆکی پێنج خوشکەکەوە دەوروژێنێت، هەروەها تیشک دەخاتە سەر پرسە دیارەکانی وەک هاوسەرگیریی منداڵان، فشارە پەیوەندیدارەکان بە چەمکی کەرامەت، نەبوونی یەکسانیی ڕەگەزی، بێبەشکردنی ژنان لە مافی بڕیاردان.