پەروین بوڵدان: دەکەوینە قۆناغی ئازادبوونی هەڤاڵانمان
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە ئیدر وتی: ئێمە دەچینە ناو قۆناغێکەوە کە هەڤاڵە زیندانیکراوەکانمان ئازاد دەکرێن.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ لە ئیدری باکووری کوردستان بە درووشمی “نەورۆزی ئازادی و یەکێتی دیموکراتیک” سەرەڕای بارانی بەلێزمە بە بەشداری سەدان کورد بەڕێوەچوو، ژنان و گەنجان بە جلەبەرگی کوردیی ناوچەییە خۆیانەوە بەشدارییان کرد، ئەو ئاڵا سەوز و سوور و زەردانەی بەشداربووان هێنابوون، بە بیانووی “قەدەغە” ڕێگریی لە شەکانەوەیان کرد.
یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک
لە میانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکەدا، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکات و وتی: ئێمە دەچینە ناو پرۆسەی یاساکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، بۆ ئەوەی ئەمە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە پیویستە هەنگاوی کرداریی و جدیی بنرێت، بۆ ئەمەش داوای لە پەرلەمان دەکەین هەنگاو بنێت، چاوی هەمووان لەسەر ئەو هەنگاوانەن کە دوای جەژن دەنرێن.
“دەکەوینە قۆناغی ئازادبوونی هەڤاڵانمان”
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا، چاوەڕێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان دەکەین کە ببێتە یاسا، پێویستە هەمووان خاوەنداریی لە پرۆسەکە بکەن، ئێستا دەچینە ناو قۆناغی ئازادکردنی هەڤاڵە زیندانیکراوەکانمانەوە، بە گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی هەڤاڵانمان ئازاد دەبن، گەلی کورد دەیەوێت هەموو مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: ژنان چیتر نایانەوێت بکوژرێن، ژنان لەم پرۆسەیەدا مافەکانی خۆیان بەدەست دەهێنن، وەک بەڕێز ئۆجالان وتی، ‘ژنان هێزی سەرەکین لە پرۆسەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکدا’، چیتر شەڕمان ناوێت، دەمانەوێت شەڕ لە ئێران بوەستێت و دانووستانەکان دەست پێ بکەن، ئاشتی لە هەموو شتێک واتادار ترە.
“پرۆسەکە دەگاتە سەرکەوتن”
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت و وتی: باوەڕییمان بە خۆمان هەیە کە ئاشتی بۆ وڵات دەهێنین، نەورۆز دەبێتە ئامرازێک بۆ ئاشتی و خوشک-برایەتی.