نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ستراتیژییەک بۆ مانەوە و بەردەوامی خەبات
لە کاتێکدا شەڕی ناوچەیی و سەرکوتی ناوخۆ و یادەوەری کۆمەڵکوژییەکەی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بەردەوامە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، نزیکبوونەوەی نەورۆز پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: ئایا ئاهەنگگێڕان لە نێو توندوتیژیدا جۆرێکە لە هەڵهاتن یان جۆرێکە لە بەرخۆدان؟
شیلان سەقزی
ناوەندی هەواڵ-لەو کۆمەڵگەیانەی کە توندوتیژیی پێکهاتەیی و شەڕیان ئەزموون کردووە، زۆرجار ڕێوڕەسمی بەکۆمەڵ سنوورە کولتوورییەکان تێدەپەڕێنن و دەبنە گۆڕەپانێکی سیاسی، لەم جۆرە هەلومەرجەدا جەژن چیتر تەنها نوێنەرایەتی نەریتەکان نییە، بەڵکو دەبێتە شێوازێک لە بەرخۆدان و ڕێگایەک بۆ وەرگرتنەوەی کاتە کۆمەڵایەتیەکان لە لۆژیکی شەڕ و دەسەڵات.
نەورۆز لە کوردستانیش لەم چوارچێوەیەدایە، ئاهەنگگێڕان بۆی لە لێواری شەڕێکی ناوچەیی و لە ژێر فشاری سەرکوتی ناوخۆییدا، تەنها درێژەدان بە نەریتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ڕاگەیاندنی ئامادەیی سیاسی، هەروەها دووپاتکردنەوەیەکی بەکۆمەڵ کە ژیان توانای بەرهەمهێنانەوەی خۆی هەیە تەنانەت لە نێوان توندوتیژی ڕێکخراوداە لەم ڕوانگەیەوە نەورۆز لەم هەرێمەدا تەنها جەژن نییە، بەڵکو کردەیەکی هۆشیارانەیە لە بەرامبەر سیاسەتی مەرگدا.
”نەورۆز وەک ڕێوڕەسمی بەرخۆدان و کردەوەیەکی سیاسی”
دوابەدوای کۆمەڵکوژییەکەی کان ٢٠٢٦ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز، شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ گرژیەکانی نێوان ئێران و بەشێک لە دەوڵەتانی عەرەبی، پێ ناوە هەفتەی سێیەمی خۆیەوە، کە پرسیارێک دێتە پێشەوە: چۆن نەورۆز لە کوردستان وەک کردەوەیەکی سیاسی ئاهەنگ دەگێڕدرێت؟
ئایا دەتوانرێت تەنها ڕەچاوکردنی نەورۆز لەم جۆرە هەلومەرجەدا بە "بڕیاری بەکۆمەڵ بۆ ژیان" لە بەرامبەر لۆژیکی مەرگدا هەژمار بکرێت؟ ساتێک کە کۆمەڵگە ڕەتیدەکاتەوە ببێتە تەنها شتێکی شەڕ، کاتە کولتوورییەکان بە کاتە سیاسییەکانەوە ببەستێتەوە.
لەم جوگرافیایەدا، جەستەکان لە بەرامبەر توندوتیژیدا بەرکەوتەی دەمێننەوە، توڕەیی بەردەوام دەبێت و کۆمەڵگە لە دۆخێکدا لە نێوان مانەوە و ڕاگوزەردا بوونی هەیە، لەم جۆرە بارودۆخانەدا، ماتەمینی تەنها کاتێک دەیتوانی واتای بەدەست بهێنێت کە بە خێرایی وەربگێڕدرێتە کردار.
لەبەرامبەردا، لە بەشەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا وەڵامی سەپێندراو و گەڕانەوە بۆ ڕێوڕەسمی ماتەمینی و وەستان بوو، وەک ئەوەی یەک کاتێکی سیاسی هەبێت کە هەمووان هەمان ساتەوەختی مێژوویی هەناسە بدەن.
ئەم نایەکسانییە بابەتی ڕەوشت و سۆز نییە، کەس "کەمتر خەمناک" یان "خەمبارتر" نییە، پرسەکە پێکدادانی دوو سیستمی جیاوازی کات و سۆز، تەنانەت بە لێکچوونە ئایینیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش، جیاوازییە مێژووییەکانی نێوان ئەم دوو سیستمی ماتەمینی بە شێوەی جۆراوجۆر خۆیان دەرخستووە.

بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو کاتە مێژووییەدا، چوونە ناو لۆژیکی ماتەمینی پیرۆزەوە،لەگەڵ نەبووی بۆ برین ساڕێژێک بۆ ئازارەکان، بەڵکو کردەوەیەکی کوشندە بوو. شەڕ هێشتا لە ئارادا بوو، جەستە هێشتا ئامانج بوون و هەر وەستانێک بە کردەوە خزمەت بە ئامێری ستەم دەکات.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا ئەگەر ماتەمینی ببێتە دەوڵەتی باڵادەست، لەبری بەهێزکردنی بەرخۆدان، دەتوانێت ببێتە ئامرازی ملکەچبوون، دەتوانرێت بڵێین دەسەڵاتداران لێرەدا هەوڵدەدەن "ئابووری سۆزداری" ناوەندەکە بەسەر پەراوێزدا بسەپێنن، ئابوورییەک کە دژایەتی لۆژیکی مانەوە و بەردەوامی و گرنگیدان بە ژیان دەکات.
هەر لێرەدایە کە نەورۆز واتایەک بەدەست دەهێنێت کە پێگەی خۆی وەک ڕێوڕەسمێکی کولتووری تێدەپەڕێنێت، دەگۆڕێت بۆ شێوازێک لە "کاتی سیاسی جێگرەوە"، کاتێک کە کۆمەڵگە هەڵیدەبژێرێت ڕیتمەکەی لەگەڵ ڕیتمەکەی شەڕ و ستەمدا هاوکات بکات، نەک ژیان هەڵپەسێرێت.
لە کۆتاییدا پرسەکە پەیوەندی بە نکۆڵی ماتەمینی یان کەمکردنەوەی ئازارەوە نییە، ململانێی ڕاستەقینە بە دەوری شێواز و کاتی ماتەمینی دەسوڕێتەوە، پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا خەمخۆر نین یان نەوروز نەورۆز بگێڕین، بەڵکو ئەوەیە: چ جۆرە ماتەمینییەک، لە چ ساتێکی مێژووییدا، خزمەت بە ژیان دەکات؟
لە سەردەمی کۆمەڵکوژییەکاندا، کوردستان ناچارە ماتەمینییەک هەڵبژێرێت کە کورت بێت و بتوانێت بگۆڕێت بۆ کردار و تایبەت بێت بە ژیان، لە کاتێکدا ڕژیمی باڵادەست لە ئێراندا زۆرجار ماتەمینییەکی درێژخایەن و پیرۆزکراو بەرهەم دەهێنێتەوە کە ئەگەری کردەوە هەڵدەپەسێرێت.
ئەم پێکدادانە کولتووری نین، بەڵکو سیاسی-بایۆلۆژییە، ململانێیەک لە نێوان کەرامتدان مردن و گرنگیدان بە ژیان، لە نێوان چەقبەستن و پێشکەوتن، نەورۆز تەنها ئاهەنگێک نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی ئامادەیی بەکۆمەڵە لە بەرامبەر سیاسەتی مەرگدا، ساتێک کە کۆمەڵگە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ژیان توانای ڕێکخستنی خۆی هەیە تەنانەت لە ناوەڕاستی شەڕیشدا.

”نەورۆز لە کوردستان: دژە تێزێکی سیاسی تا مردن”
نەورۆز لە کوردستان ناتوانرێت لە چوارچێوەی لۆژیکی جەژنی ساڵنامەیی یان ڕێوڕەسمی کولتووری بێ زیان تێبگەین، ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە کرماشان و ئیلام و لەم دواییانەشدا لە ورمێ ڕوودەدەن، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا شێوەی گرتووە، نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە پەیوەندی نێوان سیاسەت و جەستە و کاتدا دەکات، نەورۆز هەڵپەساردنی سیاسەت نییە، بەڵکو هەڵپەساردنی لۆژیکی دەسەڵاتە؛ ساتێک کە کۆمەڵگە ڕەتیدەکاتەوە ڕۆڵی "خۆی خەمناک" بگێڕێت کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆی دیاری کراوە.
لە هەلومەرجێکدا، کە کوردستان لە یەک کاتدا تووشی شەڕێکی ناوچەیی و سەرکوتی ناوخۆیی دەبێت، ئەم ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی "خۆی دۆڕاو" دەبێتە، خۆی لە خۆیدا، کردەیەکی سیاسی، کردەوەیەک کە نیشانی دەدات دەسەڵاتداران تەنانەت لە لوتکەی توندوتیژیدا، توانای کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بەسەر کاتە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە.
ئەم نەورۆزە گەڕانەوە نییە بۆ "ژیانێکی ئاسایی"، بەڵکو پێناسەکردنەوەیە بۆ خودی ژیان وەک گۆڕەپانی ململانێ، پێش کۆمەڵکوژییەکەی مانگی کانوونی دووەم ساڵی ٢٠٢٦، لە ماوەی دوو ساڵی پێشوودا، ڕۆڵی هەبووە لە زیندووکردنەوەی چالاکیی سیاسی و شکاندنی سیاسەتی نکۆڵی، سەرکوتی خوێناویی کرماشان و ئیلامیش بە باجی "مافی چارەی خۆنووسین"ی سیاسی نوێی دانیشتووانی ئەو ناوچانە تێبگەین.
ئەگەر ماتەمینی سیاسی یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵاتێک بێت کە لەسەر بنەمای لۆژیکی مەرگ دامەزراو بێت، کە ئامرازێکە بۆ چاندنی ترس و هەڵپەساردنی کردار و ڕژاندنی ئاسۆی داهاتوو، ئەوا نەورۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وردی لە بەرامبەر ئەو لۆژیکەدا وەستاوە، لەم جۆرە هەلومەرجەدا ئاهەنگگێڕانی نەورۆز لە دڵی شەڕدا دوو واتایەک بەدەست دەهێنێت: لە لایەکەوە بیرهێنانەوەی بەردەوامی مێژوویی کۆمەڵگە و لە لایەکی دیکەشەوە وەرگرتنەوەی داهاتووە لە دڵی باری نائاسایی.
ئەمە نکۆڵیکردن لە زیان و بێبەریکردن نییە لە کۆمەڵکوژییەکان، بە پێچەوانەوە، نەورۆز دوای کۆمەڵکوژییەکە و لە ناوەڕاستی شەڕدا، لە دڵی برینەکەوە سەرهەڵدەدات، جیاوازی بنچینەیی لەوەدایە کە زیان، لەبری ئەوەی ببێتە بارودۆخێکی دەروونی-سیاسی باڵادەست، دەگۆڕدرێت بۆ حاڵەتێکی ڕاگوزەر. بەم واتایە نەورۆز جەژنی فەرامۆشکردن نییە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە ماتەمینیدا، ڕەتکردنەوەیەک کە ڕاستەوخۆ ئەو سیستەمە تێکدەدات کە لەسەر شکۆمەندکردنی مردن بونیاد نراوە.
ئەم ساتە گرنگی ستراتیژی بەدەست دەهێنێت، چونکە دەسەڵاتدارانی ستەمکار مردن نەک تەنها بۆ نەهێشتنی جەستەیی بەڵکو بۆ دروستکردنی ترس لە ڕووی دەروونیشەوە بەکاردەهێنن، کاتێک ترس دەخرێتە ناو یادەوەری بەکۆمەڵەوە، جەستە بەرتەسک دەکاتەوە و پەیوەندییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و داهاتوو قورس دەکات، نەورۆزی سیاسی کوردستان بە تایبەتی ئەم زنجیرەیە دەکاتە ئامانج، گەڕانەوەی جەستە بۆ کایەی گشتی، ئاوەدانکردنەوەی پێکهاتە و بیرهێنانەوەی سەردەمێک کە هێشتا ماوە.
لە وەها دۆخێکدا تەنانەت توخمەکانی نەورۆز کە بەڕواڵەت ڕێوڕەسمی بوون، هەڵپەڕکێ، جل و بەرگ، ئاگر و گۆرانی، لە ئاستی سیمبولی کولتوورییەکان تێدەپەڕێنن و دەبنە ئامرازێک بۆ دووبارە بونیادنانەوەی کایەی سیاسی، ئامرازەکان بۆ وەرگرتنەوەی شوێنی گشتی لە ساتێکدا کە جەنگ هەوڵی بێدەنگکردنی دەدات، لێرەدا ئەم توخمانە سیمبولی کولتووری بێلایەن نین، بەڵکو تەکنیکێکی سیاسین بۆ وەرگرتنەوەی شوێن و کات و جەستە.
گرنگی نەورۆز لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە و لە دڵی شەڕەکەدا دیارە کە ئێستا لە هەفتەی سێیەمی خۆیدایە، بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو لە کرماشان، شائاباد و ئیلام، ڕێک لەم کاتەدایە کە کۆمەڵگەیەک کە هێشتا لە ژێر چەوسانەوەی چالاکدایە، ئەگەر لە چوارچێوەی لۆژیکی ماتەمینیدا گیری خواردووە، بە شێوەیەکی کاریگەر ڕادەستی فراوانبوونی پڕۆژەی ڕژێم دەبێت.
نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا، دەستێوەردانێکی سیاسییە، نەک بە واتای گەشبینی بێهەڵوێست، بەڵکو وەک کردەوەیەکی هۆشیارانە بۆ تێکدانی ئابووری ترس، پەیامی ناڕاستەوخۆی ڕوونە: ژیانێک کە خۆی ڕێکدەخات، مردن چەک دادەماڵێت.
لەم ڕوانگەیەوە دەکرێ نەورۆز وەک بەشێک لە ستراتیژێک بۆ مانەوە و درێژەدان بە خەبات تێبگەین نەک وەک ڕازاندنەوەیەکی کولتووری لە پەراوێزی سیاسەتدا، ئەم نەورۆزە سیاسەت لە ئاستی دروشم و داخوازییەکانەوە دەگۆڕێت بۆ ئاستی ژیانی ڕۆژانە، هەر ئەو کایەی کە دەسەڵات هەوڵی بێسیاسیکردن دەدات.
لە جیهانێکدا کە سەروەری لە ڕێگەی مردنەوە دەکرێت، گۆڕینی خودی ژیان بۆ کردەوەیەکی پێکەوەی دەبێتە ڕادیکاڵترین شێوەی بەرخۆدان.
لە ڕاستیدا، نەورۆز لە ناو شەڕدا جۆرێکە لە "هەڵپەساردنی لۆژیکی باری نائاسایی"، ساتێک کە تێیدا کۆمەڵگا نیشانی دەدات کە تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا، دەتوانرێت کاتێکی دیکە بۆ ژیان و کردار دروست بکرێت، لێرەدا نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێتە سیمبولی ئاشتەوایی لەگەڵ دۆخی ئێستا، بەڵکو دەبێتە ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی سیستمێک کە لەسەر کەرامەتی مەرگ بونیاد نراوە.