پەرلەمانی عەرەب کۆنگرە دژی توندوتیژی دەبەستێت
پەرلەمانی عەرەبی بە بەشداربووی پەرلەمانتاران و ڕێکخراوەکانی تایبەت با مافی ژنان لە ئامادەکاریدان بۆ ڕێکخستنی کۆنفڕانسێکی تایبەت بە کەمکردنەوەی دیاردەی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و خێزان.
ناوەندی هەواڵ
پەرلەمانی عەرەبی لە زانکۆی عەرەبی، ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکەن کە مانگی تشرینی یەکەم بۆ "بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە جیهانی عەرەبیدا" دەبەسترێت.
پەرلەمانی عەرەبی بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ بەستنی کۆنگرەی عەرەبی-نێودەوڵەتی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە جیهانی عەرەبدا، هەروەها ئاشکراکردنی ڕۆڵی پەرلەمانتارانی عەرەب لە بەهێزکردنی ژنان و توانای ڕووبەڕووبونەوەیان بۆ هەر توندوتیژییەک، کۆنفرانسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی عەرەب و بەبەشداری وەزیرانی پەیوەندیدار و پەرلەمانتاران و شارەزایانی یاسایی و گەورە بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە دەچێت.
دکتۆر مستورە شەمری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ڕۆشنبیری، ژنان و لاوان لە پەرلەمانی عەرەبی دوای کۆبوونەوەی بارەگای سکرتاریەتی گشتی پەرلەمانی عەرەبی دەربارەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسەکە وتی "ئەم کۆنفرانسە گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە و دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی پەرلەمانتاران و کەسانی شارەزای دیکە کەلە بواری ڕێگریکردن لە توندوتیژی کار دەکەن".
ئاماژەی بەوەشدا لیژنەیەکی هاوبەش لە پەرلەمانی عەرەبی و ڕێکخراوەکانی ژنان پێکهێنراوە بۆ پەرەپێدانی و ڕێکخستنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی کۆنفڕانسەکە، ئەوەشی خستەڕوو، پەرلەمانی عەرەبی گرنگی زۆر بە پرسی ژنان دەدات، هەروەها پاڵپشتییان دەکات و هەوڵی بەدەسەڵاتکردنی ژنان و پاراستنیان دەدات لەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد پەرلەمانی عەرەبی دەستی کردووە بە ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەکی گشتگیری عەرەبی لەسەر مافەکانی ژنان لە جیهانی عەرەبیدا، بە ناونیشانی (بەڵگەنامەی عەرەبی لەسەر مافەکانی ژنان) کە گوزارشت لە ڕاگەیاندنێک دەکات لەسەر پرسی تواناسازیی ژنان.
وتیشی پێویستە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگیرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژی دژی ژنان، لە ڕێگەی پەرەپێدان بە ڕێکارە یاساییەکان و پلانی گشتگیری نیشتیمانی بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی، جەجتیشی لەسەر گرنگی ڕۆڵی پەرلەمان کردەوە کە دەتوانێت چارەسەری دیاردەی ئەنجامدانی توندوتیژی بکات بەرامبەر بە ژنان وخێزان.
ت.پ