پلاتفۆرمی ژنانی باشوور داوای ئاشراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوانی شنگال دەکەن
لە ١٢ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵكوژیی شنگالدا پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد-باشوور داوا دەکات، کە کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک جینۆساید بناسێندرێت، دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و خۆپاراستنیاندا بندرێت.
ناوەندی هەواڵ
پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کورد-باشوور، بۆ کۆمەڵکوژیی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـی چەتەکانی داعش دژی شنگال، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیەیە:
“بیرهێنانەوەی ئازارەکان و بەردەوامیدان بە تێکۆشان بۆ پاراستنی شکۆ و ئیرادەی ژنانی ئێزیدی”
بۆ ژنان و گەلی خۆشەویستی ئێزیدی…
بۆ ڕای گشتی و ئازادیخوازان
ئەمڕۆ دەگەڕێینەوە سەر لاپەڕەیەکی ڕەشی مێژووی هاوچەرخ؛ ساڵیادی ئەو کارەساتە مرۆییە گەورەیەی لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـدا لەسەر دەستی چەتەکانی داعش بەرامبەر بە گەلی ڕەسەنی ئێزدیمان لە شنگال ئەنجامدرا. کۆمەڵکووژیی شنگال (فەرمانی ٧٤ـەم) تەنیا بە ئامانجگرتنی ئاین و بیروباوەڕێک نەبوو بەڵکو پەلامارێکی سیستەماتیک بوو بۆ لەناوبردنی ناسنامە، کولتوور و ئیرادەی ڕەسەنی کوردانی ئێزدی کە تێیدا زیاتر ژنان کەوتنە بەر چەقی ئەو هێرشە دڕندەییە.
هەزاران ژن و کچی ئێزدی ڕفێندران کرانە کۆیلە و هاوشێوەی بازاڕەکانی سەدەی ناوەڕاست؛ مامەڵەیان پێوە کرا و سەدان ژنی تر بوونە قوربانی و ڕووبەڕووی قڕکردنی جێندەری و نەژادی کۆمەڵگە بوونەوە، ئەم تاوانە تاوانێکی کۆمەڵکووژی و ژنکوژی بوو بە هەموو پێوەرەکانی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی.
بەهۆی کولتووری خۆڕاگری و ڕێکخستنی ژنانەوە لەگەڵ هەموو ئازار و تراژیدییەکاندا، ژنانی ئێزدی لەناو خۆڵەمێشی فەرمانەکەدا ڕاپەڕین و نەبوونە قوربانییەکی بێدەنگ، بەڵکو بوونە سیمبولی خۆڕاگری و ئیرادە ژنانی شنگال بە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی خۆیان و هێزی پاراستنی تایبەت بە خۆیان؛ توانییان خۆیان ڕێکبخەن لە هەموو بوارەکاندا و سەلماندیان کە تەنیا خۆڕێکخستن و خۆپاراستن گەرەنتی نەهێشتنی فەرمانی دیکەیە.
بەرەنگاربوونەوەی فکری تاریکپەرستی لەلایەن ژنانی کۆبانێ و شنگال و تەواوی کوردستان مێژووییەکی نوێی لە بەگژداچوونەوەی فکری داعش نووسییەوە.
داواکارییە بنەڕەتییەکانی پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کورد بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم شێوەیە و بۆ دادپەروەری پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد جەخت لەم خاڵانە دەکاتەوە:
یەکەم: ناساندنی فەرمی وەکو کۆمەڵکووژی: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق دەکەین تاوانی شنگال بە فەرمی وەکو کۆمەڵکووژی ژنان و گەلی ئێزدی بناسێنن.
دووەم: گەڕاندنەوەی ڕفێندراوان: پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی هەزاران ژن و کچی ئێزدی کە تا ئێستاش بێسەروشوێنن.
سێیەم: دانپێدانان بە ئیرادەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال: مافی ڕەوای گەلی شنگالە کە خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن و سیستەمی بەرگریی خۆیان هەبێت تا تووشی فەرمانی تر نەبنەوە.
چوارەم: دادگاییکردنی تاوانباران: سزادانی هەموو ئەو چەتە و هاوکارانەی دەستیان لە سەربڕین، ڕفاندن و بازرگانیکردن بە ژنانی ئێزدییەوە هەبووە لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان و تەواوی ژنە شەهیدەکانی ڕێگەی ئازادی و بەرخۆدان و بۆ سەرجەم قوربانییانی فەرمانی شنگال دادەنوێنین.
بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە وەکو ژنانی کورد لە تەواوی بەشەکانی کوردستان و دیاسپۆرا، پشتیوان و دەنگی ڕەسەنی ژنانی شنگال بین تا بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانیان و ڕزگارکردنی کۆتا کچ و ژنی ئێزدی لە چنگی تاریکی.
شنگال برینی هاوبەشمانە
بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی شکۆی هەموومانە، ژن، ژیان، ئازادی