هەڵەبجە نموونەی ئاشتی و پێکەوە ژیان... ئاینەکان بەمەبەستی ئاشتەوایی دابەزیون نەک بۆ توندوتیژی

لە شارێکدا کە ناوی خۆی بە خوێن و ئازار نووسراوە، ئێستا هەڵەبجە بە پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان دەناسێندرێت، ئەو شارەی کە لە مێژوودا تووشی کارەساتێکی گەورە بوو، ئێستا وەک نموونەیەکی هاوبەش بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکرێت.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە- پێکەوەژیانی ئاینی، بنەمایەکی گرنگی ئارامی و هاوبەشی کۆمەڵایەتییە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە جیاوازییە ئاینی و مەزهەبییەکان هەیە، ڕێزگرتن لە باوەڕ و ڕەوشی یەکتری دەبێتە هۆی دروستبوونی بڕوا و متمانەی هاوبەش، لە مێژووی کوردستاندا، مسوڵمانان، کرستیانەکان، ئێزدییەکان و ئاینییەکانی دیکە، لەگەڵ یەکتردا ژیاون و هاوبەشیان کردووە لە شادی و ناخۆشییەکاندا، ئەم پێکەوەژیانە تەنها هاوسەنگییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو نیشانەی کولتوورێکی قووڵی قبوڵکردن و ڕێزگرتنە.

 

هەڵەبجەش لەکۆندا شوینی پێکەوە ژیانی جولەکەو مسوڵمان و کاکەیی بووەو لە ئیستاشدا نموونەی پێکەوە ژیانە لە ئاشتی و کۆمەڵایەتی نیوان مسوڵمان و کاکەیی، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە زۆربەی چالاکیەکانی کە تایبەتە بە پێکەوە ژیان لەم شارە ئەنجام دەدرێت.

 

" پێکەوەژیانی مسوڵمان و کاکەیی پێکەوە نموونەی ئاشتی کۆمەڵایەتییە"

ئایە ئەسفەندیار، مامۆستای زانکۆو تویژەر لە بواری ئاینی وتی: لە پانێڵی تایبەت بە پێکەوەژیان بەشداریم کردووە باس لە ئارامی و پێکەوە لە نێوان هۆزو عەشیرەت و دینی هەروەها بوونی کیشەو گرفت کە هەبێت لە نێوانیان دەکەم، لە کوردستان کومەڵێک عەشیرەت دەژین کە پێکەوە ژیانیان واتای سەرکەوتنیانەو ئەمەش زۆر گرنگە، پێویستە بە شێوازیک بژین کە جیاوازی نەبێت لەنێوان ئەو کۆمەلە کەسانەی دەژین و نەبیتە کاریگەری تێکچوونی نیشتمانی، گەیشتن بە دادپەروەری پێکەوەژیانی مسوڵمان و کاکەیی پێکەوە نموونەی ئاشتی کۆمەڵایەتییە، بۆنموونە ماڵە کاکەییەکان بەرماڵ هەیە بۆ ئەوەی پاراستنی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی بمینیتەوە، مێژوو شاهیدی ئەوەیە لە کۆندا جولەکەکان لە هەڵەبجە هەبوون کە ئەوکاتە پێکەوە هاوکاری کراون کە شوێن هەبێت بۆ پەرستش و یەکدەنگی و تێگەیشتنی ئاینی یەکدەنگی کۆمەلڵایەتی دروست دەکات.

 

"یەکڕیزی و پێکەوە ژیان تەنها ڕێگای پاراستنی داهاتوویەکی ئارامە"

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەڵەبجە، جیاوازییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان نەبوونەتە هۆی دوورکەوتنەوە، بەڵکوو بوونەتە هۆی نزیکبوونەوەی دڵەکان، مزگەوت و خوێندنگەو بازاڕەکان، شوێنی کۆبوونەوەو گفتوگۆی ئارام و هاوبەشن، ئەزموونی تاڵی ڕابردوو فێری کردوون کە یەکڕیزی و پێکەوە ژیان تەنها ڕێگای پاراستنی داهاتوویەکی ئارامە.

 

"پێکەوە ژیانی ئاینی دەکرێت وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ هاوبەشی و ئاشتی پێشان بدرێت"

ئاوات حیسامەدین، نوێنه‌ری زه‌رده‌شتیه‌كان له‌ عێراق وتی: ئێمە هەموومان دەزانین لە کاتیکدا ئاین هاتووە کەخەلکی لەکارەساتە سروشتیەکان دەترسا بەتایبەت کە بوومەلەرزەو لافاوی سروشت، کە پێغەمبەرەکان پەیدابوون ئاینەکان سەرچاوەیان گرت و ئاینەکان بۆ ئەوە هاتن کە خەلک پێکەوە بژی، ئاین هاتووە بۆ ئەوەی جیاوازی لەنیوان مرۆڤەکان نەمێنێت، بۆئەوەی خۆشەویستی بڵاوببێتەوەو زوڵم نەمێنێت، لە کاتێکدا جیهان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دووبەرەکی دەبێتەوە، پێکەوە ژیانی ئاینی دەکرێت وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ هاوبەشی و ئاشتی پێشان بدرێت، خودا لەسەرجەم ئاینەکان هەیەو مرۆڤی خەڵق کردووەو بالادەستە، و داوا لەو خوادایە دەکەین کە خۆشەویستیمان پێ ببەخشێت، ئەمەش واتای ئەوەیە سەرەتای هاتنی ئاین بۆ پێکەوە ژیان بووە، بۆ خۆشەوسیتی بووە، بۆ یەکتر قبوڵ کردن و ئازادی و نەبوونی جیاوازی بووە، ئاینەکان هۆکارن بۆکاری باش و دوورکەوتنەوە لەخراپە، کەواتە ئاینەکان هەوێنی ئاشتین لە نیوان دەوڵەتەکان و کۆمەڵگەدا.

 

"ئێستا ئاین و سیاسەت تیکەڵ کراوە"

ئاوات حیسامەدین لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێکەوە ژیان، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە؛ بەرپرسیارێتییەکی حکومەت، دامەزراوە ئاینییەکان و هەروەها تاکەکان، بۆ ئەوەی جیاوازییەکان ببنە هێزی یەکگرتن، نەک هۆکاری دوورکەوتنەوە بەڵام لەئیستادا سیاسەت و ئاین تیکەڵ کراوە، نابیت چونکە مرۆڤ پەیوەندی نیوان خۆی و خوای خۆی دروست دەکات، لەئیستادا مرۆڤانێک هاتوون خۆیان باوەریان بەو خوادایە نییە کەشەری لەسەر دەکەن، بەکاری دەهێنن بۆ  پۆست و پلەو پایەکانیان، بەکاریەت بۆ پارەو ئابووری و سیاسەت، بەڵام دەبێت ئاین داماڵرێت لە سیاسەت و بازرگانی کردن، پێوسیتە ئاین و دەسەڵات لەیەک جیا بکریتەوە بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار ببێت، نموونەی ئەفغانستان هەیە کە ئاین و سیاسەت تیکەڵ کراوە، پێویستە مرۆڤ لەوە تێبگات کە ئاین مایەی ئازاردان نییە، دەبێت هەموو هاوبەش بین لەم خاکەدا لە گیانەواران وسروشت و مرۆڤ، دووربکەوینە لە تێکدانی سروشت لە سەر یاساو بنەمای ئاینەکان، دوور لە ڕق و کینە ژیان بکەین لە پەروەردەیەکی دروستەوە دەستی پی بکەین و نەهیلین ئاین بکەینە هەوینی ڕاستەقینەی خۆشەویتی کە خۆی بۆ ئەم مەبەستە هاتووە.